لە هەولێر کۆڕی ناساندن بۆ سێ کتێبی نوێی دڵشاد کاوانی بەڕێوەچوو
دوای بڵاوكردنەوەی كتێبی (پەڕینەوە بە قاچاغ) لە شارۆچكەی شەقڵاوە,دڵشاد كاوانی هەر سێ بەرهەمە چاپكراوەكەی لە هەولێر بڵاوكردەوە.
بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران و ڕۆشنبیران,ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی 29/11/2025 لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو لە بارەگای یەکێتیی نووسەرانی کورد/لقی هەولێر,کۆڕی ناساندن بۆ سێ بەرهەمی نوێی (دڵشاد کاوانی) نووسەر و ڕۆماننووس بەڕێوەچوو,كە بەرهەمە چاپكراوەكان پێکهاتبوون لە کتێبی (پەڕینەوە بە قاچاغ) و(سەفەری نامەکان)و قەسیدەو شیعریی(شەوە بیابانییەکانی لم).
کۆڕەکە لەلایەن مەسعوود پەرێشانی شاعیر بەڕێوەچوو,وە لە سەرەتای رێوڕەسمەكەدا نووسەر تیشکی خستە سەر بەرهەمەکانی و پاشان (د. هێمن عومەر خۆشناو) خوێندنەوەی بۆ کتێبەکان کرد,دواتر بەشێك لە نووسەر و ئامادەبووانی و كۆڕەكە سەرنج و تێبینی خۆیان دەربارەی بەرهەمەكان خستەڕوو و بە گەرمی پێشوازیان لە كتێبەكان كرد,هەروەها لە كۆتایی كۆڕەكەدا (دڵشاد كاوانی) بە واژووی خۆی كتێبەكانی پێشكەش بە ئامادەبووانی كۆڕەكە كرد.
لە میانی بەڕێوەچوونی کۆڕەکەدا (فەرهەنگ غەفوور) بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر,بەبۆنەی بڵاوكردنەوەی سێ كتێبی نوێی چاپكراو,چەپکە گوڵی بە دیاریی پێشكەشی نووسەر كرد.
لەبارەی بڵاوكردنەوەی ئەم سێ بەرهەمە (دڵشاد كاوانی) بە گۆڤاری گوڵانی ڕاگەیاند: کۆڕەکە یەکێك بوو لە کۆڕە گەرموگوڕەکانی لقی هەولێر و جێگەی ڕەزامەندی بەشداربووان بوو.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
