ئەڵمانیا لە ماوەی 10 مانگی ڕابردوودا ژمارەی پەناخوازانی دیپۆرتکراوی زیادیکردووە
ڕۆژنامەی "بیڵد ئام سۆنتاگ" ڕۆژی یەکشەممە 23ی کانوونی دووەم بە پشتبەستن بە ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە مافی نیشتەجێبوونیان نییە و لە وڵاتەوە دیپۆرتکراونەتەوە بە ڕێژەی لەسەدا ١٨ زیادی کردووە.
حکومەتی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی سیاسەتە نوێیەکانی کۆچبەریدا چاکسازییە یاساییە بەرفراوانەکانی خستۆتە بەرنامەی کارەوە. بەگوێرەی ئەو ئامارانە، لە مانگی یەک تا مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ١٩ هەزار و ٥٣٨ کەس گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵاتەکانیان، کە ئامارەکە بە تێکڕا ڕۆژانە ٦٥ دیپۆرت دەکرێتەوە. ئەم ژمارەیە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا ١٦ هەزار و ٥٦٣ کەس بووە.
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند: کە ئەم سیاسەتە بەردەوام دەبێت. گوتیشی: مەسەلەکە کۆنتڕۆڵ و ڕێڕەوێکی ڕوون و هەڵوێستێکی ڕوونە لە سیاسەتی کۆچبەریدا، ئەمەش گەڕانەوەی ئاوارەکانیش دەگرێتەوە.
بە وتەی وەزیری ئەڵمانیا: " ئەوان بەتوندی ئەم ڕێگایە پەیڕەو دەکەن و خۆیان بۆ دیپۆرتکردنەوە بۆ سوریا و ئەفغانستان ئامادە دەکەن".
گوڵان: سەردار خەلیل
