جیاوازیی هاوكێشەكان لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان

جیاوازیی هاوكێشەكان لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان

 

 

لە ماوەی ڕابردوودا، هەموو هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم لە هەرێم چڕکرابوونەوە، بەڵام یەكێتیی نیشتیمانی هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە بوو كە دروستبوونی ئەم كابینەیە بكەوێتە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە شێوەیەك كە كۆمەڵێك خوێندنەوەی نادروستی بۆ گۆڕانكاری لە پێگەی هێزی لایەنە سیاسییەكان كردبوو. هەرچەندە (سەرۆك بارزانی) لە چەند بۆنەیەكی جیاوازدا سەركردایەتیی ئەم حیزبەی ئاگادار كردەوە كە هەلومەرجەكانی پێش هەڵبژاردن و دواتر جیاواز دەبن، بەڵام وا دیار بوو سەركردایەتیی ئەم حیزبە لەم ئاگادارییەی سەرۆك تێنەگەیشتبوون، وەلێ راستەوخۆ دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی ئەم هەڵبژاردنە، گۆڕانكارییەكان دەردەكەون.

ئەوەتا ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە هەڵوێستی ژمارەیەك لە هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ڕووی دا لە بەرامبەر بەشداربوونیان لە كابینەی دەیەمدا، بۆ وێنە یەكگرتووی ئیسلامی بە شێوەیەك نەرمی هەبووە لە هەڵوێستەكانی لە بەشداربوون لەم كابینەیەدا بە هۆكاری ئەوەی دەڵێت، دەرگای گفتوگۆمان دانەخستووە، ئەگەر لە هەڵوێست و دوا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی نەوەی نوێ بڕوانین، شێوەیەكی نزیك لە هەڵوێستەكانی یەكگرتووی ئیسلامی هەیە كە لە بەرامبەر چارەسەركردنی كێشەی مووچە، ئامادەن بەشدار بن لە كابینەی دەیەمدا، دەشكرێ گۆڕانكاری لەم هەڵوێستانەدا پەیوەستدار بن بە گۆڕانكارییە ناوخۆیی و هەرێمییەكان، كە ئیدی هاوكێشەیەكی نوێ لە هەرێم بوونی هەیە كە یەكێتیی نیشتیمانی ناتوانێ لەوە زیاتر ئاستەنگ بۆ پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا دروست بكات.

لەسەر ئاستی عێراق، هەمیشە یەكێتیی نیشتیمانی رێگر بووە لە پێكهێنانی لیستی هاوبەشی كوردستانی و جگە لەوەش، بە نزیكبوونەوە لە بەرەی مقاوەمەی عێراقی، ویستوویەتی پێگەی هەرێم و سەركردایەتییەكەی لە بەغدا لاواز بكات، بەڵام ئیدی لە دوای دەركەوتنی ئەنجامی كۆتا هەڵبژاردنی عێراق، گۆڕانكارییەكان بە ڕوونی دەركەوتوون، ئەوەتا زۆرینەی سەركردەكانی شیعە و سوننە لە دیداری (مێپس) بوون هاتنی شاندی چوارچێوەی هەماهەنگیش بۆ هەولێر، ئەو راستییەی دووپات كردەوە كە ئیدی هاوكێشەكان و هەلومەرجەكان تەواو جیاوازن، بە شێوەیەك كە ئەوان دێن بۆ هەولێر و دهۆك.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو، بۆ ماوەیەكی زۆرە كە لە پێكهێنانی چەند كابینەی ڕابردوودا، بەغدا تەواو فشارەكانی لەسەر هەولێر چڕ كردبوویەوە و بۆ ئەمەش هەمیشە یەكێتی هاوكار بووە، بەڵام هەلومەرجەكانی ئەمجارە تەواو جیاوازن، سەرنج بدەن، شاندی یەكێتی لە بەغدا سەردانی لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەكەن و ئەوانیش لە دهۆك و هەولێر سەردانی سەرۆك و سەركردایەتیی پارتی دەكەن.

دواجار دەرەنجامی كۆتا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، سەنگی هێزە سیاسییەكانی لە هەرێمی كوردستان دەرخست، یەكێتیی نیشتیمانی لە ماوەی یەك ساڵدا نزیكەی پەنجا هەزار دەنگی لەدەست داوە و بەرەی بایكۆتیش لە سلێمانی دووەمە و پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە عێراق بووە حیزبی ملیۆنی، ئەمە لە كاتێكدا ئەگەر یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە جۆرێكی تر بووایە، ئەوا خاوەنی نزیكەی (٦٠) كورسیی پەرلەمان دەبوو، هەروەك پارتی توانی بۆ جارێكی دیكە پێگە ڕاستەقینەكەی خۆی لەم شارە بەدەست بهێنێتەوە، كە لە دوای هاتنی داعش بۆ مووسڵ جارێكی تر لە ریزی یەكەمی براوەكانی هەڵبژاردن بوو، لە دیالە و بەغداش بۆ یەكەمجار توانی كورسیی پەرلەمانی مسۆگەر بكات، كەوابێ هاوكێشەكە لە ناوچە كوردستانییەكانیش ڕاست كراوەتەوە، بێگومان ئەوەی دڵنیاییش دەدات لە پێگەی بەهێزی ئەم حیزبە، پێشنیازەكەیەتی بۆ دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ئەگەری پێكنەهێنانی كابینەی دەیەم.

خۆ ئەگەر سەیری هەڵوێستی پارتە سیاسییەكانی پارچەكانی تری كوردستان بكەین، ئەوا بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە هەمووان گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی كە كاریگەریی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر هاوكێشە هەرێمییەكە چەندە زۆرە، ئەوەتا (مەزڵوم عەبدی) فەرماندەی هێزەكانی (هەسەدە) ئەو راستییەی دووپات كردەوە كە سەرۆك بارزانی تاكە كاراكتەری سیاسیی كۆكراوەی كوردانە و هەموو ئەو چەواشەكاریانەشی ڕەت كردەوە كە چەندین ساڵە دەیانگوت، پارتی دیموكراتی كوردستان دژایەتیی ئەزموونی كوردانی رۆژئاوا دەكات، كاتێك گوتی، هەولێر بۆ چەندین ساڵە هاوكارمانە لە شەری دژی داعش، ئەمەش ئەو راستییە دووپات دەكاتەوە كە پەكەكە لە سووریا و لە توركیاش گەیشتۆتە ئەو دەرەنجامەی كە هەولێر مەبەستیەتی پەیوەندییە ستراتیژییەكانی لەگەڵ توركیا و وڵاتانی سوننەی ناوچەكە بۆ خزمەت دۆزی گەلی كورد لە باكوور و رۆژئاوا بەكار بهێنێت.

Top