بەهیوای ئەوەم پشتگیری ماددی و مەعنەوی تیپەكانی كچان بكرێ

بەهیوای ئەوەم پشتگیری ماددی و مەعنەوی تیپەكانی كچان بكرێ

لەنیا سەدیق ڕاهێنەری كچانی یانەی زانكۆی سلێمانی

بەهیوای ئەوەم پشتگیری ماددی و مەعنەوی تیپەكانی كچان بكرێ
تیپەكانی فوتساڵ لە پارێزگای سلێمانی گرنگیی زۆر بە یارییە جۆراوجۆرەكان دەدەن و ئەنجامی شایستەیان لەسەر ئاستی عێراق و كوردستانیش بەدەستهێناوە، تیپی فوتساڵی كچانی یانەی زانكۆی سلێمانی یەكێك لە تیپە هەرە بەهێز و بەتواناكانی سەر ئاستی ناوچەكەیە، ساڵانە لەگەڵ كردنەوەی خول و پاڵەوانێتیەكان بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و شەڕكردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق ، یەكێك لە كچە ڕاهێنەرە بەتواناكانی یانەكەش كە رۆڵی گرنگیی هەیە لە دروست كردنی چەندین یاریزان بۆ شارەكە و خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكە ئەویش كاپتن لەنیا سەدیق-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 1998 ی پارێزگای سلێمانییە ماوەی چەندین ساڵە وەكو یاریزان و ڕهێنەر خزمەتی یاری فوتساڵ دەكات لە شاری سلێمانی و یاریدەدەری ڕاهێنەری تیپی فوتساڵی كچانی هەڵبژاردەی كوردستانە ، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
*ئاستی یاری فوتساڵ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
-یاری فوتساڵ لە كوردستاندا لە ئاستێكی زۆر باشدایە و ساڵ لە دوای ساڵ ئاستی باشتر دەبێت.
*لە ئاستی ئاستی پارێزگاری سلێمانی ئەم یارییە چۆن پێشوازی لێكراوە؟
-یاری فوتساڵ لە شاری سلێمانی لە ساڵانی ڕابردوو لە ئاستێكی زۆر باش بوو یانەكان پشتگیر بوون، بەڵام لە ئێستادا لە شارەكە ئاستی ئەم یارییە وەكو پێویست نییەلە پشتگیری كردنی ئەم یارییە.
*بەبۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
- پێویستە یانەكانی گرینگی بە یاریزانان و ڕاهێنەران بدەن، جگە لەوەش بەشداری خولەكان بكەن بۆ ئەوەی ئاستی بەرەوپێش بچێت.
*بۆ دۆزینەوەی بەهرەكان چ ڕێگایەك دەگرنە بەر وەكو ڕاهێنەر؟
-لە ئێستادا سوپاس بۆ خوا فێرگەی كچانمان زۆر هەیە، ئەمەش ڕێگە خۆشكەرە بۆ دۆزینەوەی یاریزانانی بەهرەمەندە كردنەوەی خولی خوار هەژدە ساڵ ئاسانكاری باشتر دەكات بۆ دۆزینەوەی بەهرەمەند.
*ئامانجتان چیە لە بەردەوامیدان بەم یارییە؟
-دیارە بەردەوامیدان بەم یارییە بۆ ئەوەی ئەم یارییە بەرەو لە ناوچوون نەڕوات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەوپێش بچێت و لە سەر ئاستی دەرەوە پێشبركێ بكرێ.
*چۆن بوو بڕیارتدا ڕوو لە بواری ڕاهێنەری بكەی؟
-بۆ ماوەیەكی باش یاریم كردوە و چەندین نازناوم بەدەستهێناوە، حەزێكی زۆرم ب ۆوەرزش هەبوو، بۆیە دوای وازهێنانم لە یاری كردن ڕاستەوخۆ ڕووم لە ڕاهێنەری كرد، دەمەوێ بەشداربم لە زیاتر پێشخستنی وەرزشی كچان.
*كێشەو گرقتی یاری فوتساڵ لە چی دەبینی؟
-كەمی پاڵەوانێتی گرفتی زۆر دروست دەكات، جگە لەوەش كەمی ئاوەردانەوەی یانەكان لە تیپی فوتساڵ ئەمانە گرفتن بۆ ئەم یارییە.
*بۆچی لە كوردستاندا ئاستی ئەم یارییە وەكو پێویست نییە؟
-ئێمە لە كوردستان یاریزانی زۆر ئاست بەرزمان هەیە، وە ئەنجامیان لە سەر ئاستی دەرەوەش هەبووە، بەڵام بۆ ماوەی زۆر پاڵەوانێتی نەبووە و ڕاهێنان نەكراوە ئەمەش بێگومان كاریگەری هەبووە لە سەر یاریزانان.
*گرفتی دارایی بەشێك لە یانەكان كاریگەری لە سەر یاریزانان دروست دەكات؟
- یانەكان زۆربەیان دەڵێن گرفتی دارایمان هەیە، لە كاتێدا گرێبەستی یەك یاریزانی تیپی پێشكەوتووانی كوڕان زۆرزیاترلە گرێبەستێكی تیپێكی كچان، بەڵام یانەكان ئامادە نین پشتگیری لە دروست كردنی تیپی كچان بكەن.
*هیواو ئاواتت وەكو ڕاهێنەرێك لەم یارییە چیە؟
-بەهیوای ئەوەم پشتگیری ماددی و مەعنەوی تیپەكانی كچان بكرێ، یانەكان ناچار بكرێن بە پشتگیری كردنیان بەشداری پاڵەوانێتیەكان بكەن.
*خانەوادەكان چۆن هاوكاری كچە یاریزانەكانیان دەكەن؟
-پشتگیری خێزان زۆر گرینگە بۆ كچان دایك و باوك ڕۆڵی زۆر گرینگ دەبینن.
*چی بەبەرپرسانی وەرزشی دەڵێ؟
-بەردەوام بن لە خزمەتكردن ئاوڕێك لە وەرزشی كچان بدەنەوە بەردەوام خول و پاڵەوانێتی بكەنەوە.
*هەوڵت نەداوە قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی یاریزانان بكەیتەوە؟
-ماوەی ساڵێكە ئەكادیمیام هەیە و چەندین بەهرەمەند لەم ئەكادیمیایە بە شێوازی پێشكەوتوو ڕاهێنان دەكەن.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانی ئازیز بۆ ئەو هەموو خزمەتە بەردەوامەی كچانی شارەكانی كوردستان دەكات.

Top