ڕفقە موستەفا بۆ گوڵان:هونەرمەندانی عێراق بە گشتی بە دۆخێكی پڕ ئالنگاری گوزەر دەكەن

ڕفقە موستەفا بۆ گوڵان:هونەرمەندانی عێراق بە گشتی بە دۆخێكی پڕ ئالنگاری گوزەر دەكەن

لە دونیای هونەری شێوەكاریی عێراقیدا، كچە هونەرمەندەكان ڕۆڵێكی بەرچاویان گێڕاوە لە دەربڕینی جوانی و ئازارەكانیان، بە تابلۆكانیان، چیرۆكی ژیان و كلتوور و ئومێدەكانی گەلەكەیان دەگێڕنەوە، زۆرجاریش بە ڕەنگ و هێڵەكان ئاوێنەیەك بۆ ڕاستی و خەیاڵ دروست دەكەن.

ڕفقە موستەفا یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە بە لێهاتوویی و سۆزی هەست و بیرۆكە قووڵەكانیش دەبەخشێت، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد.

*كاروانی هونەریت چۆن دەستپێكرد و كێ كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنت بۆ ئەم بوارە وەك هونەرمەندێكی گەنج هەبوو؟

-چیرۆكی من لەگەڵ هونەر هەر لە منداڵییەوە دەستی پێكرد، وەك منداڵێكی تاقانە لە وێنەكێشاندا جیهانی تایبەتی خۆمم دۆزییەوە و هونەر یەكەم هاوڕێم بوو. گەورەبوونیشم لە خێزانێكی هونەریدا بوو كە «باوكم پەیكەرتاشی دارە و دایكم مامۆستا و وێنەكێشە) كاریگەرییەكی گەورەیان لەسەر هەڵبژاردنی ئەم ڕێگەیە هەبوو.

ڕفقە موستەفا بۆ گوڵان:هونەرمەندانی عێراق بە گشتی بە دۆخێكی پڕ ئالنگاری گوزەر دەكەن

*دیارترین ئەو ئالنگارییانە چین كە لە ڕێڕەوی هونەریدا ڕووبەڕووت بوونەتەوە، چۆن زاڵ بوویت بەسەریاندا؟

-گەورەترین ئاڵنگارییەكان، كەمیی پشتگیری و لاوازیی هەلی كار بوو بۆ هونەرمەندان لە عێراقدا، بەڵام بە هەوڵی بەردەوام و خوێندنی ئەكادیمی و پابەندبوون بە هێنانەدیی خەونەكانم، زاڵ بووم بەسەریاندا، تا گەیشتمە قۆناغێك كە بە متمانەوە هونەرەكەم پێشكەش بكەم.

*كام لە قوتابخانە هونەرییە شێوەكارییەكان هەست دەكەیت نزیكترینە لە ستایلەكەت، و بۆچی لە كارەكانتدا پەیڕەوی دەكەیت؟

-نزیكترین قوتابخانە لە ستایلەكەم قوتابخانەی واقیعیی هێماییە، تابلۆكە بەپێی میتۆدێكی ئەكادیمیی پتەو دروست دەكەم، پاشان ڕێگە بە دەستلێدانێكی ئەبستراكتی ناسك دەدەم، و هێماكانی منداڵیی عێراقیم تێدا دەچێنم، تەعبیریش لە ڕووناكی و لێدانی فڵچەكەدا دەردەكەوێت. ئامانجی من ئەوەیە بینەر بە چاو و دڵەوە سەیری تابلۆكەم بكات، تا وەك بیرەوەرییەكی زیندوو و پڕ لە ژیان بچێژێت، نەك وێنەیەكی كاتی، بەڵام كاروانی هونەریم ڕاستەوخۆ لێرەوە دەستی پێنەكرد؛ بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیم كە كاریگەرییان لەسەر پێكهێنانی ناسنامەم هەبوو. شارەزاییم لە ئەبستراكتدا پەیدا كرد، ئەزموونی كالیگرافی و هونەری ئیسلامیم وەك هونەرێكی بینراوی سەربەخۆ تاقی كردەوە، و كارم لەسەر كۆلاج بە چینە دەوڵەمەندەكانییەوە كرد، چەندین ئەزموونی هونەریی دیكە كە یارمەتیدەر بوون بۆ شكاندنی سنوورەكانی تابلۆی نەریتی، هەموو ئەم وێستگانە گەیاندمیانە ستایلێكی هاوسەنگ كە ڕاستگۆیی ئەكادیمی و ئازادیی داهێنەرانە كۆ دەكاتەوە، و ناسنامەیەكی ناوازە بە تابلۆكانم دەبەخشێت.

ڕفقە موستەفا بۆ گوڵان:هونەرمەندانی عێراق بە گشتی بە دۆخێكی پڕ ئالنگاری گوزەر دەكەن

*چۆن توخمەكانی قوتابخانە جیهانییەكان لەگەڵ كەلەپووری عێراقیدا تێكەڵ دەكەیت، ئایا قوتابخانەیەكی دیاریكراو هەیە كە بیركردنەوەتی لەسەر وێنەكێشان گۆڕیبێت؟

-كارەكانم لە بیرەوەریی منداڵیی عێراقییەوە ئیلهام وەردەگرن، بەڵام بە قووڵی كاریگەر بووم بە هونەرە جیهانییەكان. لە ئەوروپا لەبەردەم شاكارەكانی سەردەمی ڕێنێسانسدا وەستام، كە وردبینیی ئەكادیمی و توانای زیندووكردنەوەی وردەكارییەكان تێدا بوو، ئەمەش بەهای بنیادنانی پتەوی لە تابلۆدا لە ناخمدا چاند. هەروەها ئەزموونی جۆن سێرجنت ئیلهامبەخش بوو، لەوەی چۆن ڕووناكی و لێدانی فڵچە بەكار بهێنێت، بۆ ئەوەی دیمەنەكە ببێتە هەستێكی زیندوو كە سنوورەكانی بینین تێدەپەڕێنێت، لەم یەكگرتنەوە ناسنامەی تایبەتی خۆمم دانا «بیرەوەرییەكی عێراقی كە بە بینینێكی جیهانیی زیندوو دەكرێتەوە» وا لە تابلۆكە دەكات وەك كچی كەلەپوور و لە هەمان كاتدا كچی هونەری مرۆیی سەردەمەكان دەربكەوێت.

ڕفقە موستەفا بۆ گوڵان:هونەرمەندانی عێراق بە گشتی بە دۆخێكی پڕ ئالنگاری گوزەر دەكەن

*لە كارەكانتدا تیشك دەخەیتە سەر پرسەكانی وەك ئازادی یان ناسنامە، چۆن هونەر یارمەتیدەرە لە گەیاندنی پەیامەكەت بە خەڵك؟

-پرسی نزیكترین لە دڵمەوە زیندووكردنەوەی بیرەوەریی نزیكە، كە جوانیی لە بیركراوی تێدایە. لە تابلۆكانمدا بینەر لە واقیعەكەی دەردەكێشم بۆ سەردەمی منداڵی و داپیرە و ماڵی سادە و پڕ لە گەرموگوڕی و حەسرەت. وێنەكە بە دەقێكی كورت یان چیرۆكێكەوە هاوڕێ دەكەم، كە ئەزموونەكە بەهێز دەكات، چونكە من باوەڕم وایە جوانیی ژیان زۆرجار لە سادەترین بیرەوەرییەكاندا خۆی حەشارداوە.

*جیاوازیی سەرەكی لە نێوان ژینگەی هونەری لە عێراق و ئەوەی لە وڵاتانی عەرەبیی دیكەدا هەن، لە ڕووی پشتگیری و هەلی بەردەست بۆ هونەرمەندانی شێوەكارەوە چییە ؟

-عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە بە هونەر و شارستانییەت، كۆمەڵگەی عێراقی بە سرووشتی خۆی هونەرەكان بەرز دەنرخێنێت، بەڵام گەورەترین ئالنگاری لێرە لاوازیی پشتگیریی دامەزراوەیی و كەمیی هەلی ڕێكخراوەییە بۆ هونەرمەندان، ئەمەش وا دەكات ڕێڕەوەكەمان سەختتر بێت و پشت بە هەوڵی تاكەكەسی ببەستێت. لە بەرامبەردا لە هەندێك وڵاتی عەرەبی، بەتایبەتی كەنداو، دامەزراوە و پێشانگە و مۆزەخانە دەدۆزینەوە كە ڕووبەر و دەرفەتی فراوانتر بۆ هونەرمەند دابین دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕم وایە ئەم ئالنگارییانە سووربوون و ئارامگرییان پێ بەخشیوم و وایان لێ كردووم بەدوای ئاسۆیەكی فراوانتردا بگەڕێ، بۆ پێشكەشكردنی هونەرەكەم بە جیهان.

*دۆخی هونەرمەندانی شێوەكار لە عێراقی ئەمڕۆدا چۆن وەسف دەكەیت، بەتایبەتی گەنجان، لە ڕووی پشتگیریی دامەزراوەیی و پێشانگەكانەوە؟

-دۆخی هونەرمەندان لە عێراقدا هێشتا پڕە لە ئالنگاری، پشتگیریی دامەزراوەیی سنووردارە و زۆرجار بەهۆی بیرۆكراتی و ڕێكارە درێژخایەنەكانەوە گیر دەخوات، بەڵام هەوڵی شایستەی ستایش هەن لە زیاتر لە پارێزگایەكدا؛ كۆمەڵەی هونەرمەندانی شێوەكار و سەندیكای هونەرمەندان لە بەغدا پێشانگە و كۆبوونەوە ڕێك دەخەن، و لە بەسرە هۆڵی نمایشكردنی نوێ كراونەتەوە، لە كاتێكدا لە هەولێر دەستپێشخەری و دامەزراوەیی ڕۆشنبیریی زانكۆیی و هەوڵەكان بۆ دابینكردنی ڕووبەر بۆ گەنجان دەركەوتوون. ئەم ئەزموونانە هێشتا سادەن بەراورد بە وڵاتانی وەك ئیمارات یان بەحرەین یان قەتەر، كە ژێرخانی دامەزراوەییان فراوانترە و پێشانگە و پرۆگرامەكان ڕێكخراوترن، بەڵام هیوایەكی ڕاستەقینەمان پێ دەبەخشن كە گۆڕەپانی عێراقی بەرەو پەرەپێدان دەڕوات.

Top