گرووپێكی ئۆركێسترا لە كوردستان دامەزرێندرا
لە چوارچێوەی چالاكییە هونەری و كەلتوورییەكانی گرووپی زانكۆكانی جیهان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی میوزیك، بە چاودێریی «د. نەوزاد یەحیا باجگر» گرووپی ئۆركێسترای جیهان دامەزرێندرا و یەكەمین چالاكیی موزیكی خۆی بە چەندین گۆرانیی و میلۆدی تایبەت ساز كرد.
لە دەسپێكی چالاكییەكەی ئۆركێسترای جیهاندا وتاری دەستەی ئەمیندارییەتیی زانكۆكانی جیهان پێشكەش كرا و تیشكیان خستە سەر گرنگیی هونەر لە فێرگە و ناوەندەكانی خوێندنی باڵا و پێگەیاندنی نەوەیەكی هونەردۆست و شارەزا لە بوارەكانی میوزیك و كەلتوور و شانۆ و ڕەنگ و هێڵكاریدا.
لەو نێوەندەشدا گرووپی زانكۆكانی جیهان، وەك ناوەندێكی دیاری بواری زانست و خاوەن ئەزموونێكی بەرچاو، لە ڕابردوودا خاوەن مێژوویەكی بەرچاوە لە چالاكیی هونەری و بزاڤی و ڕۆشنبیری و فەرهەنگیدا.
د.نەوزاد یەحیا باجگر ئەمینداری گشتی زانكۆكانی جیهان لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: «لە دەسپێكی پڕۆژە زانستییەكەماندا، كە دامەزراندنی ئەو زانكۆیە بوو لە هەولێری پایتەختدا و، پاشان زانكۆیەكی دیكەی لە شارەكانی دیكەدا بە دوای خۆی دا هێنا، كارمان لەسەر گەشەپێدان بە تواناكانی قوتابی كردووە لە بوارەكانی هونەردا، تەنانەت هونەر بە گشتی بووەتە بەشێكی سەرەكی لە مێژووی زانكۆكەماندا و خاوەنی بەشێكی تایبەتین بە كەلتوور و فەرهەنگ و براڤی ڕۆشنبیری و لەچاپدانی چەندین ناونیشانی نوێ لە كتێبی نووسەراندا، جگە لە سازدانی چەندین فێستیڤاڵی گۆرانی و میوزیك و كۆنسێرتی تایبەت و كردنەوەی پێشانگە شێوەكارییەكان، هەر ئەوەش وای كرد كە بیرۆكەیەكی نوێ لە دامەزراندنی ئۆركێسترای جیهاندا گەڵاڵە بكەین، كە لە داهاتوودا چەند پڕۆژەیەكی هونەریی تایبەت ئەنجام بدەین.
گوتیشی: یەكەم دەسپێكی چالاكییەكانی ئۆركێسترای جیهان، بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی میوزیك بوو، كە چەندین دەنگی زوڵاڵ و مایسترۆی ناسراوی كورد تێیدا بەشداربوون و كەشێكی هونەریی جوانیان لە هەولێر دروست كرد و بە میوزیكی كوردی، سەمفۆنیایەكمان لە چەشنی وڵاتانی پێشكەوتوو لە ژەنینی میوزیكدا بە شارەزایانی بواری مۆسیقا ناساند.
