کورد و وتەیەکی “ئیمامی عەلی”
دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرکەوتنە مێژووییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە پارتی توانی متمانەی زیاتر لە ملیونەک و سەد دەنگ بەدەست بهێنێت و بە قوەتی دەنگەکانی ٥ کورسی کۆتاش مسوگەر بکات، ئەمە ئەرکی پارتی قورستر دەکات و پارتی دەخاتە ژێر پەرپرسیارییەتییەکی مێژوویی کە دەبێت لە ئەمڕۆوە ئەوەی لە ڕابردوودا نەیکردووە ئێستا بیکات چونکە ئێستا هێزی زیاتر لە یەک ملیون کەسی لەگەڵە
پارتی ئێستا خاوەنی زیاتر لە یەک ملیون دەنگە کە ئەمە زۆڕترین ڕێژەی دەنگە بۆ حزبێک لە مێژووی عێراقی نوێ، ئەمە زیادکردنێکی ئاسایی نییە بەڵکو لە ئەقل بەدەرە، لە کاتێکدا کە هەموو نەیارانمان بە پلان و بەرنامە کار لەسەر ئەوە دەکەن کە پارتی لاواز بکەن و بیسڕنەوە، بە جەنگ نەیانتوانی بە قەیران نەیان توانی ویستیان کار لەسەر مێشکی تاکی کورد بکەن و پارتیان لەلا ناشرین بکەن کەچی پارتی بەپێچەوانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ نەک دەنگ زیاد دەکات بەڵکو بەشێوەیەکی نائاسایی متمانەی خەڵکی بەدەست دەهێنێت و خەڵکی کوردستان و عێراقیش زیاتر بەرەو ڕووی پارتی دێت، ئەمەش پێمان دەڵێت کە خەڵک لە حەقیقەت غافڵ نییە و دەبینێت لە کاتی خزمەت و لە کاتی بەرگری کێ لە ڕیزی پێشەوەیە
پارتی بە ڕابەرایەتی جەنابی سەرۆک هەمیشە بە بەرگریکاری سەرسەختی مافەکانی کوردستان ناسراوە لە دەرەوە و لە ناوەوەی کوردستان، هەمیشە دووژمنانی دەرەوە بۆ لێدان لە کوردستان لە پارتی دەدەن و نەیارانی ناوخۆش بۆ لێدان لە پارتی دەست بۆ شکاندنی کوردستان دەبەن، بەڵام بۆ هەمووان سەلما کە نە دووژمن دەتوانێت کوردستان بشکێنێت تا پارتی هەبێت و نە نەیاری ناوخۆش دەتوانێت پارتی بشکێنێت تا خەلکی کوردستان هەبێت
پارتی لە بەرگرییەوە بەرەو بنیادنان و ئاوەدانی
پارتی لە ڕابردوو وەکو حزبێکی شۆڕەشگێر و خەباتکار بۆ ئازادی کوردستان ئامانجەکەی پێکا و هەرێمێکی ئازادی بۆ کورد دروستکرد و دواتر دەستی کرد بە بنایدنان و ئاوەدانی هەرێم، لە کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پارتی سەرکردایەتی کردووە توانیویەتی بە پلانی بەهێز و دیدگایەکی ڕوون کوردستان بنیاد بنێت و دەستی ئاوەدانی بگەیەنێتە هەموو شوێنێکی کوردستان
بەتایبەت لە سەردەمی کابینەی نۆیەم و جەنابی مەسرور بارزانیدا سەرەڕای هەموو قەیرانە قورسەکانی ئابووری و دژایەتیکردنی لە هەموولایەکەوە بەڵام ئاستی خزمەتگۆزی لە هەموو سێکتەرەکاندا گەیشتە ئاستێکی زۆڕ بەرز و ئەوەی کە لە ڕابردوودا بنیادنرابوو گەشەیکرد و ئەوەی کە نەبوو بنیادنرا، لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا کوردستان چووە قوناغێکی دیکەوە کە هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق سەرسامی ئەو پێشکەوتنە خێرایەبوون و زۆڕ خەونی کردە ڕاستی، خەون بوو نەخۆشخانەکانی ناوخۆ توانای چارەسەرکردنی هەموو نەخۆشییەکانی هەبێت ئێستا گرنگییەکی تەواو بەوبابەتە دەدرێت و زۆڕ نەماوە خەونەکە ببێتە ڕاستی، خەون بوو ئاسایشی خۆراکمان هەبێت ئێستا بەڕاستی ئاسایشی خۆراکمان هەیە، خەون بوو بەرهەمی ناوخۆمان هەبێت ڕۆژ بە ڕۆژ بەرهەمی خۆماڵیمان زیاد دەبن و کوالێتیان بەرزتر دەبێت، بۆ کوردستان خەونێک بوو کارەبای ٢٤ کاتژمێری هەبێت بەڵام بۆ بە ڕاستی، خەون بوو سیستمێکی بانکی هەبێت و مووچە لە ئەی تی ئێم وەربگیرێت بەڵام ئەویش بۆ بە ڕاستی، خەون بوو ژێرخانێکی بەهێزمان هەبێت لەڕووی ڕێگاوبانەوە و ڕێگای هەموو شارەکان ببن بە دووسایدی موودێرن بەڵام ئەویش بۆ بە ڕاستی، خەون بوو بەرهەمی ناوخۆ ساغ بکرێتەوە و هەناردە بکرێت ئەویش چارەسەربوو، خەون بوو ئاسایشی ئاومان پارێزراوبێت و کێشەی ئاو چارەسەر بکرێت کرا، خەون بوو ژینگەیەکی پاکمان هەبێت کرا، خەون بوو پڕۆژە گەشتیارییەکان بگەن بەو ئاستەی پێشکەوتن و ساڵ بە ساڵ ژمارەی گەشتیاران زیاد دەبن و هتد…
هەموو ئەو پلانە توکمانە کارە جددیانە و دیدگای ڕوونی جەنابی سەرۆکوەزیران بۆ داهاتوویەکی باشتر، هۆکارن بۆ ئەم بەهێزییەی پارتی بە جورێک تەنیا لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ ساڵی ٢٠٢٥ پارتی زیاتر لە ٤٠٠ هەزار دەنگی زیاد کردووە کە ئەم ژمارەیە نزیکە لە ژمارەی دەنگی حیزبێکی وەکو یەکێتی کە تەمەنی نیو سەدەیە
پارتی ئەگەر ئاوا بەردەوامبێت لە خزمەتکردن و بەرگریکردن بەدڵنیاییەوە ساڵ بە ساڵ متمانەی سەدان هەزار کەسی دی بەدەستدەهێنێت چونکە لەسەر ڕێگایەکی ڕاستە و لە بەرەی نیشتمان و گەلەکەی خۆی وەستاوەتەوە، سنگی خۆی کردووەتە قەڵغان بۆ تیری دووژمن لەپێناو پاراستنی کوردستان
ئەم زیادبوونەی دەنگەکانی پارتی بەدیوێکی دیکەشدا جێگای دڵخۆشین و پێمان دەڵێت لەکاتێکدا کە دووژمن بەهەموو شێوەیەک کاردەکات تا پارتی بشکێنێت چونکە شکانی پارتی داگیرکردنی کوردستانە بەڵام وەکو هەموو پیلانەکانی دی شکستیان هێناوە چونکە کورد خەریکە زۆڕ چاک لەو وتەیەی “ئیمامی عەلی” تێدەگات و کاری پێ دەکات کە دەفەرمووێت:
"تیری دووژمن ڕووی لە کوێ بێت، حەقیقەت لەوێیە"

زانا عبدالباقی ستونی