سومەییە ئەحمەد محەمەد: هەموو بیركردنەوەیەكی بوێرانە و هەر هەنگاوێك دەتگەیەنێتە دواڕۆژێك كە تەنیا هی تۆیە
سومەییە ئەحمەد محەمەد، خانمە دیزایینەر و بەرگدوورێكی بە ئەزموونی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و ماوەی 15 ساڵە لە هەولێر ژیان دەكات و خاوەنكاری خۆیەتی و لە بواری فاشیۆن كاردەكات.
سومەییە ئەحمەد ساڵی 1988 لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە، شانبەشانی كارە دەستییەكان و دیزایینەكانی زیاتر لە بواری پەروەردە هەم بە ئۆنڵاین و هەم بە شێوەی ڕاستەوخۆ وەك مامۆستا كار دەكات. لە گفتوگۆیەكدا ئەزموون و وردەكاری كارەكەی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باس دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«هەر لە منداڵییەوە حەزم لەم جیهانە ڕەنگاوڕەنگە بووە، من لە تەمەنی 15 ساڵییەوە ئەم بوارەم هەڵبژاردووە و لەسەر دیزایینی جلوبەرگ و دوورمانی پیشەسازی خوێندوومە، هەڵگری بڕوانامەیBachelor of Fashion Design / BFA م، هەروەها لە دەرەوەی وڵات لە بوارەكانی ترێند فۆركستینگ Trend forexting و ڕۆژنامەنووسی مۆدە میدیا و پیشەسازیدا Fashion Journalism Media and Industry خویندوومە.
ماوەی 15 ساڵە لە هەولێر دەژیم و زیاتر وەك مامۆستا هەم بە ئۆنڵاین و هەم بە شێوەی ڕاستەوخۆ كار دەكەم، لە سەردەمی منداڵیمەوە جیهانی من ڕەنگێكی جیاوازی هەبوو، كاتێك هاوتەمەنەكانم سەرقاڵی یاریكردن بوون، من لە خەیاڵمدا جلم لە دەزووی ڕووناكی و ڕەنگ دەچنی، دیزایین بۆ من تەنیا خەونێك نەبوو، بەڵكو وەك هەناسەیەك وابوو كە لەگەڵی گەورە بووم، كە لە چنراوی بوونمدا چنرابوو، ئەمڕۆ كاتێك بیر لە ڕێگاكەم دەكەمەوە، خۆشحاڵم كە ئەو خەونانەم تەنیا لە خەو و خەیاڵدا بەجێ نەهێشتووە، بەڵكو بە دەستەكانم پێكەوە دووریمەوە، بە دڵم پەروەردەم كردن و هێنامە ناو جیهانی ڕاستەقینە».
گوتیشی: «هەر پارچەیەك و جلوبەرگێك كە دروستی دەكەم بۆ من تەنیا جلوبەرگێك نییە. بەڵكو چیرۆكی هیوا و ناسنامە و جوانییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەركی من تەنیا بە دیزایینی جلوبەرگ سنووردار نییە. دەمەوێت زانیارییەكانم بە نەوەكانی داهاتوو ببەخشم، نەوەیەكی ڕاهێنراو بهێنرێنە بوون، كە هەریەكەیان بتوانن ببنە ئەستێرە لە ئاسمانی فاشن دا. هیوای من ئەوەیە كە قوتابییەكانم لە داهاتوویەكی نزیكدا ڕۆژێك چیرۆكێكی نوێی داهێنان و سەركەوتن بنووسنەوە، خەونێكی گەورەترم لە دڵمدا هەیە، كە بریتییە لە دروستكردنی پردێك بۆ گەنجانی وڵاتەكەم لە نێوان خەیاڵ و واقیعدا، دەمەوێت بڕوا بكەن كە خەون تەنیا لە خەودا نییە، دەتوانن كۆڵ نەدەن و شێوە وەربگرن و لە ژیاندا بدرەوشێنەوە».
سومەییە ئەحمەد لە كۆتایی قسەكانیدا دەڵێت: «بۆ من فاشن زمانی دڵە زمانێك كە دەتوانرێت هەست و سۆز لە ڕێگەی ئەوەوە دەربڕینی بۆ بكرێت، ناسنامە وێنا بكرێت و جوانییە شاراوەكانی مرۆڤایەتی ئاشكرا بكرێت، خۆشحاڵم كە دەتوانم ئەم زمانە بەكار بهێنم نەك تەنیا بۆ گێڕانەوەی چیرۆكی خۆم بەڵكو بۆ هاندانی كەسانی تر كە بەدوای خەونەكانی خۆیاندا دەگەڕێن.
لێرەوە بە پێویستی دەزانم بڵێم كچینە، كوڕینە جیهان چاوەڕێی داهێنانتان دەكات، هەموو بیركردنەوەیەكی بوێرانە هەر هەنگاوێكی سەربەخۆ لە ئەمڕۆوە دەتباتە سبەینێیەك كە تەنها هی تۆیە، خەونەكانت بنیات بنێ و ئەوە نیشان بدە كە هێزی ڕاستەقینە مانای باوەڕكردن بە خۆت و بە ئازایەتی و داهێنان دەگەیەنێت».
