پارتی دیموكراتی كوردستان: نابێت لایەنێک بە هەبوونى هیچ هۆکارێکى نالۆژیکى ببێتە رێگر لە بەردەم کاراکردنەوەى پەرلەمان
شاندی دانوستانکاری پارتى دیموکراتى کوردستان رایگەیاند، "لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا دەرکەوت کە یەکێتى نایەتە پێش بۆ رێککەوتن تاوەکو ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانی عیراق و چەندین جاریش لەوە ئاگادار کراونەتەوە".
شاندی پارتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6-11-2025 راگەیێندراوێکی لەبارەی دوایین دەرەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بڵاوکردەوە.
شاندی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، "لەگەڵ ئەوەى پارتى بە جیاوازییەکى زۆرەوە هێزى یەکەم بووە لەڕووى کورسى و دەنگەوە، لەسەر فەرمانى جەنابى سەرۆک بارزانى، بە نەفەسێکى درێژ و بە دەست کراوەیی بۆ بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان ئەوپەڕى نەرمیمان نیشاندا و زۆر زیاتر لە شایستەى دەنگ و کورسیەکانى یەکێتى ئامادەى رێککەوتن بووین بۆ دڵنیایی دان بە یەکێتى".
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، شاندی پارتی دەڵێت، "لێرەدا دەمانەوێ دووپاتى ئەوە بکەینەوە کە پارتى هەمیشە بڕواى بە کارى پێکەوەیی هەبووە و هەیەتى و جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە رێز لە ئیرادەى دەنگدەران و خەڵکى کوردستان بگیرێت و نابێت لایەنێک بە هەبوونى هیچ هۆکارێکى نالۆژیکى ببێتە رێگر لە بەردەم کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى تازەى حکومەتى هەرێمی کوردستان".
