پەرلەمانی ئیسرائیل پڕۆژە یاسای سزای لەسێدارەدان بۆ فەلەستینییەکان پەسەند دەكات

پەرلەمانی ئیسرائیل پڕۆژە یاسای سزای لەسێدارەدان بۆ فەلەستینییەکان پەسەند دەكات

 

 

لێژنەی ئەمنیی پەرلەمانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە پرۆژە یاسایەکی پێشکەش کرد کە ئەگەر دواجار پەسەند بکرێت، ڕێگە دەدات سزای لەسێدارەدان بەسەر فەلەستینییەکاندا بسەپێنرێت.

بەپێی میدیا ئیسرائیلییەکان، لیژنەی ئەمنی پەرلەمان ڕۆژی دووشەممە ٣ی ئەم مانگە ڕەزامەندی سەرەتایی لەسەر پڕۆژە یاسای مشتومڕاوی "سزای لەسێدارەدان بۆ تیرۆریستان" داوە، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە پڕۆژە یاساکە بخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی یەکەم.

ئەم پڕۆژە یاسایە ڕێگە بە دادگاکان دەدات سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو کەسانە دەربکەن کە بە مەبەستی نەتەوەپەرستی هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی دەکوژن.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا لە چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و زۆرجار ئەنجامدەران لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناكرێت و ڕەخنەگران بە نیشانەی جیاکاری پێکهاتەیی و سیستماتیک لە سیستەمی دادوەری ئیسرائیلدا دەیبینن.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top