323 پاکەت حەشیش و 35 هەزار حەبی کاپتاگۆن لەناو گۆڕێکدا دۆزرایەوە
وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕایگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا لە گەڕەکی دیمەشق، 323 پاکەت حەشیش و نزیکەی 35 هەزار حەبی کاپتاگۆنیان دۆزیوەتەوە کە لەناو گۆڕێکدا شاردراوەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کۆمپانیای "X"ی ئەمریکی ڕایگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا لە گەڕەکی دیمەشق، 323 پاکێج حەشیش و نزیکەی 35 هەزار تابلێتی کاپتاگۆن دۆزراونەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەم پێیە لە میانی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیدا لە ناوچەی زابادانی دیمەشق، یەکەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی وەزارەتی ناوخۆی سوریا بۆیان دەرکەوتووە کە مادەی هۆشبەر لەناو گۆڕێکدا شاردراوەتەوە.
شایانی باسە لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا لە دیمەشق ئەنجامدرا، باندێکی ماددە هۆشبەرەکان هەڵوەشێنرایەوە و بە گشتی ٢٣ ملیۆن حەبی کاپتاگۆن کە بۆ قاچاخی ئامادەکرابوو، دەستی بەسەرداگیرا.
گوڵان: سەردار خەلیل
