ئەندازیار ڕێزان سەعدی بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر بۆ گوڵان: پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە هاووڵاتیانی سنوورەكە لە بێئاوی و دابەزینی ئاستی بیرەكانی ئاو ڕزگار دەكات

ئەندازیار ڕێزان سەعدی     بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر بۆ گوڵان:  پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە هاووڵاتیانی سنوورەكە لە بێئاوی و دابەزینی ئاستی بیرەكانی ئاو ڕزگار دەكات

 

 

پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە، كە بڕیار بوو بە دوو ساڵ تەواو بكرێت، بەڵام بە ساڵێك تەواو كرا و مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پڕۆژەكەی كردەوە. ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لەو پڕۆژە گرنگانەی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ كراوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە سنووری قوشتەپە ئاستی ئاوی ژێر زەوی زۆر دابەزی و كاریگەرییەكانی وشكەساڵی و كەمبارانی بە شێوەیەكی بەرچاو زیانی بە دانیشتووانی دەڤەرەكە گەیاند. ئەم پڕۆژەیە هاووڵاتیانی دەشتی هەولێر لە بێئاوی ڕزگار دەكات. گۆڤاری گوڵان لەسەر گرنگیی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە و چەند پڕۆژەی دیكەی ئاوی خواردنەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەتایبەتی لە قوشتەپە، دیدارێكی لەگەڵ ئەندازیار ڕێزان سەعدی بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر ساز دا.

 

* لای هەمووان ڕوون و ئاشكرایە كە وشكەساڵی و كەمئاوی زیانێكی گەورەی بە دەشتی هەولێر گەیاندووە. تاچەند جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە بۆ هاووڵاتیان گرنگ بووە و دەشتی هەولێری لە بێئاوی ڕزگار كردووە؟

- پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە یەكێكە لەو پڕۆژە گرنگانەی كە لە چوارچێوەی گرنگیدانی حكومەت بە كەرتی ئاو كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە. بە خۆشحاڵییەوە ئەم پڕۆژەیە لەبری ئەوەی بە دوو ساڵ تەواو بكرێت، بە ساڵێك ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردیەوە. ئەم ناوچەیە ساڵانێكی زۆر بوو بەدەست كەمئاوییەوە دەیناڵاند، بە جۆرێك كاریگەریی وشكەساڵی بە زەقیی لێ بەدی دەكرا و لێدانی بیرەكان نەیدەتوانی پێداویستییەكانی هاووڵاتیان دابین بكات. لەم ڕوانگەیەوە بیرۆكەی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە پێشكەش كرا و لەم كابینەیەدا ڕەزامەندیی لەسەر درا و هەر لەم كابینەیەشدا پڕۆژەكە تەواو كرا و خرایە خزمەت هاووڵاتیان. سەرەڕای ئەوەی لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٤ بڕیاری جێبەجێكردنی درا، بەڵام دەستپێكی كارەكان لە مانگی ١٢ی ٢٠٢٤ بوو، ئەوە بوو ڕاستەوخۆ بەردی بناغەی پڕۆژەكە دانرا و ئێستا لە ناو مانگی ١٠داین و لە ٩٠٪ی پڕۆژەكە تەواو بووە. ئەمەش مانای وایە لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا توانیویانە پڕۆژەكە بگەیەننە قۆناغی كۆتایی. پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیایەكی نێوخۆوە جێبەجێ دەكرێت و تێچووی كۆی گشتیی پڕۆژەكە زیاترە لە ٢٢٢ ملیار دینارە و ماوەی سەرەتایی بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكەش ٧٢٠ ڕۆژ بوو، بەڵام بەهۆی گرنگیی و خێرایی چارەسەركردنی كێشەی ئاو لە كەمتر لە ساڵێكدا كۆتایی پێ هێنرا.

* بەڵام یەكێك لە كێشەكانی كەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە كەمبوونەوەی ئاستی ئاوەكەشە لە سەرچاوەكەیەوە، ئایا بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە لەم پڕۆژەیەدا پشت بە كام سەرچاوەی ئاو بەستراوە؟

- كەمبوونەوەی ئاستی ئاو لە ڕووبار و زێیەكانەوە نەك تەنیا كێشەیەكی گەورەیە، بەڵكو ڕێگرییش دەكات لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە، كە لەم كابینەیەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەك تەنیا خەمخۆری هاووڵاتیانە لە ئێستادا، بەڵكو بیری لە نەوەكانی داهاتووش كردووەتەوە، بۆ ئەوەی ئاوی ژێرزەوی بپارێزێت و تەنیا لەكاتی زۆر پێویست و ناچاریدا پەنای بۆ ببرێت. بۆیە سەرجەم پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە پشتیان بە سەرچاوەكانی ئاوی ڕووبار و زێیەكانی كوردستان و بەنداو و پۆندەكان بەستووە، بۆ ئەم پڕۆژەیەش سەرچاوەی ئاوی سەر زەوی لە زێی بچووك لە گوندی قەشقە وەردەگیرێت. پێكهاتەكانی پڕۆژەكەش بریتییە لە دوو وێستگەی سەرەكی «وێستگەی وەرگرتن لە قەشقە و وێستگەی پاڵاوتن» هەروەها ئەمبارێكی ١٠ هەزار مەتری سێجا لە گوندی ئازیانە دروست كراوە بۆ پاشەكەوت و دابەشكردنی ئاوەكە.

* كوالێتی و توانای پڕۆژەكە چەندە، ئایا ڕەچاوی زیادبوون و فراوانبوونی ناوچەكە و ژمارەی هاووڵاتیان كراوە؟

- پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە توانای بەرهەمهێنانی سێ هەزار مەتر سێجا ئاوی پاك و خاوێنی لە كاتژمێرێكدا هەیە، هەروەها درێژیی هێڵی سەرەكیی گواستنەوەی ئاوەكە ٣٧ كیلۆمەترە، كە بۆریی «دەكتیلی ٨٠٠ ملم» ی بۆ بەكار هێنراوە. سەبارەت بە تۆڕی دابەشكردنەكانیش، زیاتر لە ٢٦٣ كیلۆمەتر بۆڕی بە تیرەی جیاواز لە نێوان «٩٠ ملم تا ٥٠٠ ملم» لە جۆری پۆلی سێلین بەكار هاتووە.

* تا چەند هاووڵاتیان لە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قوشتەپە سوودمەند بوون و ئایا تا چەند دەتوانرێت بەم پڕۆژەیە كێشەی كەمئاوی لەم سنوورەدا چارەسەر بكرێت؟

- لە ئێستادا ٦٣ هەزار كەس لە هاووڵاتیان لەم پڕۆژەیە سوودمەند دەبن و توانای درێژخایەنی پڕۆژەكەش بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ كێشەی كەمئاوی چارەسەر دەكات و ئاوی خواردنەوە بۆ ٢٤٠ هەزار هاووڵاتی دابین دەكات. وێڕای ئەوەی ئاوەكە دەگەیەنرێتە سەنتەری قەزای قوشتەپە، هاوكات زیاتر لە 72 گوند و ناحیەی بێستانە لێی سوودمەند دەبن، لەلایەكی دیكەوە یەكێك لە هەرە دەستكەوتە گەورەكانی ئەم پڕۆژەیە پاراستنی ئاستی ئاوی ژێرزەوییە كە لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی وشكەساڵی و گۆڕانی كەشوهەوا و كەمبارانی لە ناوچەكەدا وای كردووە زۆربەی بیرەكانی ئاوی خواردنەوە وشك بن و پێویستیان بە دووبارە قووڵكردنەوە هەبێت، بەتایبەتی كە پێشتر لەم سنوورە بە ڕێژەی 100% پشت بەستراوە بە ئاوی بیرەكان و تەنیا لەو ڕێگەیەوە ئاو دابین كراوە. ئێستا بە هاتنە كایەی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە، دەتوانرێت هەموو بیرەكانی ئەم ناوچەیە دابخرێن و تەنیا پشت بەم پڕۆژەیە ببەسترێت، هەروەكو چۆن لە سەنتەری شاری هەولێر بە هۆی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای هەولێرەوە تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ بیر داخراون.

* كەمئاوی تا چەند كارەساتبارە بۆ دانیشتووانی دەوروبەری هەولێر، بەتایبەتی باس لەوە دەكرێت لە سنوورەكەتاندا ئاستی ئاوی ژێرزەوی زۆر دابەزیوە؟

- ئەم بیرانەی ئاو كە دادەخرێن وەك سەرچاوەی یەدەگ بۆ كاتی پێویست دەمێننەوە. كاریگەریی كەمئاوی لە ئێستادا كارەساتبارە بە ڕاددەیەك لە ساڵانی ٢٠٠٠دا لە دەوروبەری هەولێر، قووڵترین بیر لەوانەیە ٢٠٠ مەتر بووبێت بە تێچوویەكی كەم و كەمییەكەی زۆر باش بوو. بەڵام لە ئێستادا بیرێك كە لە قوشتەپە لێمان داوە، زیاتر لە ٧٠٠ مەتر بووە، تێچووی لێدانی سێ قات زیاتر بووە، بێجگە لەوەی ئاوەكە كەمە و ناتوانێت گوند و گەڕەكێك بە تەواوی ئاو بدات، جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیەش پشتبەستووە بە ئاوی سەر زەوی و چارەسەری یەكلاكەرەوەیە.

* جگە لەم پڕۆژەیەی ئاوی قوشتەپە، پڕۆژەی دیكەی ئاوی خواردنەوە لە دەوروبەری هەولێر جێبەجێ كراون؟ ئایا پلانی داهاتوو بۆ ڕاكێشانی ئاوی خواردنەوە بۆ دوروبەری هەولێر چییە، بەتایبەتی لەگەڵ دەستكردن بە پشتێنەی سەوزایی كە ئەم پڕۆژانە زۆر گرنگن؟

-  لەم كابینەیەدا چەندین پڕۆژەی دیكەی ئاو لە دەوروبەری هەولێر جێبەجێ كراون لەوانە:

پڕۆژەی ئاوی زەرگەزێ و باوەخان: ئەم ناوچەیە لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە بەدەست بێ ئاوییەوە دەیناڵاند و تەنیا بە تانكەر ئاویان بۆ دابین دەكرا، پڕۆژەكە پێنج ملیار دیناری بۆ تەرخان كرا، كە سێ ملیار دیناری بۆ هێڵی سەرەكی و دوو ملیار دینار بۆ گۆڕینی تۆڕی ناوخۆیی گوندەكان بوو. گەیاندنی هێڵێك لە پڕۆژەی قەندیل كە ئاوەكەی لە زێی گەورەیە و بۆ «شەقڵاوە، پیرمام و بەستۆرە» دەچوو، بۆ گوندەكانی زەرگەزێ و باوەخان كە ١٠٠٪ی كێشەی ئاوی ئەم ناوچەیە چارەسەر كرا.

پڕۆژەی ئاوی قەزای خەبات -پلانی داهاتو: یەكێكە لەو پڕۆژە گرنگانەی كە ڕەزامەندیی لەسەر دراوە و لە ماوەیەكی نزیكدا دەست دەكرێت بە جێبەجێكردنی، پڕۆژەكە بە گوژمەی ١٩٥ ملیار دینارە، سەرچاوەی ئاوەكەشی لە زێی گەورە وەردەگیرێت و تەواوی كێشەكانی سەنتەری «قەزای خەبات، سێ ناحیە و زیاتر لە ٤٠ گوندی سەر بەم قەزایە» چارەسەر دەكات، پڕۆژەكەش لە قۆناغی بەڵێنداناندایە و بەم زووانە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەگشتی لەسەر بڕیاری سەرۆكی حكومەت كە گرنگییەكی یەكجار زۆر بە كەرتی ئاو دەدات، بوودجەی تایبەت بۆ ئەم كەرەتە دابین كراوە، تەنانەت لە كاتی قەیرانی داراییشدا.

هەروەها پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە لەلایەن كۆمپانیایەكی خۆماڵییەوە جێبەجێ دەكرێت و هەموو ستاف و كارمەند و كرێكار و ئەندازیارەكان كە «زیاتر لە ٣٠ ئەندازیاری وەزارەتی شارەوانی سەرپەرشتی دەكەن» كورد و خۆماڵین و هەلی كاری باشیان ڕەخساندووە. وەكو بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەریش دڵنیایی بە هاووڵاتیانی دەوروبەری هەولێر دەدەین، كە لە داهاتوویەكی نزیكدا لە هیچ شوێنێكی هەرێمی كوردستاندا پڕۆژەیەك نامێنێت كە پشت بە بیرەكان ببەستێت، بەڵكو هەموویان پشت بە ئاوی سەر زەوی دەبەستن.

 

Top