لە شەقڵاوە كتێبی (پەڕینەوە بە قاچاغ) بڵاوكرایەوە
ئەگەرچی لە ماوەكانی ڕابردوودا سێ كتێبی نوێی ڕاگەیاند,لە ئێستادا شاعیر و ڕۆماننووس (دڵشاد كاوانی) یەك لە بەرهەمە چاپكراوەكانی خۆی بە ناونیشانی (پەڕینەوە بە قاچاخ)بڵاوكردەوە.
كەناڵی شەقڵاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هۆتێل بەسمە ئەلسەفیر كۆڕێكی تایبەتی بۆ دڵشاد كاوانی ڕێكخست, كە ژمارەیەك لە نووسەر و ئەدیبان ئامادەی كۆڕەكە بوون,لە سەرەتادا گرنگی و بایەخی كتێبی(پەڕینەوە بە قاچاغ) بووە باسی گەرمی كۆڕەكە و دواتر لە لایەن بەشێك لە ئامادەبووانی كۆڕەكەوە خوێندنەوەی ڕەخنەیی هەمەلایەنەی بۆ ئەنجامدرا,لە كۆتایی كۆڕەكەدا نووسەر دڵشاد كاوانی كتێبەكەی پێشكەش بە ئامادەبووانی كۆڕەكە كرد.
(پەڕینەوە بە قاچاغ)كتێبێكی بیرەوەرییە لە 88 بەش و (330) لاپەڕەیە پێكدێت,لە چاپخانەى کارۆ لە سلێمانى چاپ كراوە,وە لەلایەن زرار سەرتاش و محەممەد مەلا ڕەحمان هەڵچنییان بۆ كردووە,ئەم کتێبە باس لە ڕووداو و بەسەرهاتەکانى ڕێگە سەختەکانى قاچاغ دەكات, چیرۆكی تراژیدیا و بەسەرهاتی دوو کۆچى جیاواز و دۆخى کۆچبەری لە نێوان ساڵانى 1996 بۆ 2002 دەگێڕێتەوە.
لە پێشەكی (پەڕینەوە بە قاچاغ)دا نووسەر بە دووبەشی سەرەكیی و هەشتاو هەشت بەشی بچووك دەچێتە ناو چیرۆكەكانەوە, ئەم كتێبە باسی دۆخی كۆچبەریی و باند و قاچاخچییەتی كردن بە مرۆڤ دەكات,یادداشت و بیرەوەری دوو گەشتی جیاوازی گەنجێكی تەمەن نۆزدە ساڵانی كوردە، لە سەردەمێكدا كاتێك بە هۆی خراپی باردۆخی ئەو كاتەی كوردستان,وەك هەر گەنجێكی دیكە, نووسەر بەمەبەستی گەیشتن بە ژیانێكی خۆشگوزەرانیی ڕوو لە تاراوگە دەكات,پەڕینەوە بەقاچاغ دەیان دیمەنی ناخهەژێنی گەنجانی كوردە و ڕووداوە جیاوازەكانیان دەگێڕیتەوە,چیڕۆكەكانی پڕ لە نەهامەتیی و ناسۆریی كۆچبەرانی كوردە بۆ ڕووكردنە ئەوڕووپا، لە ڕیگەی سنوورەكانی عێراق و ئێران,توركیا و یۆنان و بولگاریا,نووسەر لە ئەم كتێبەیدا چەندین چیرۆكی ناخهەژێنی وەك گرتن و كوشتن و دەستدرێژیی و مردن و خنكان لە دەریادا دەخاتەڕوو.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
