هونەرمەند نەتالیا سەیران بۆ گوڵان:نوێكردنەوەی هونەر گرنگە، بەڵام گرنگە ڕۆح و ناسنامەی كوردی بپارێزرێت

هونەرمەند نەتالیا سەیران بۆ گوڵان:نوێكردنەوەی هونەر گرنگە، بەڵام گرنگە ڕۆح و ناسنامەی كوردی بپارێزرێت

خانمە هونەرمەند «نەتالیا سەیران» ماوەی چەندین ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەكانی ژیان، بەڵام ئەو بەردەوام بووە لە پێشكەشكردنی بەرهەمی نوێ، كە زۆربەیان نیشتمانپەروەرین، سەبارەت بە كاریگەریی هونەر لەسەر بەرزكردنەوەی هەست و ئینتیمای نەتەوەیی لای كوردان لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات، بەتایبەتی توێژی گەنجان، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد.

*هونەر ڕۆڵێكی تایبەتی دەبینێت لە پاراستن و بەرزكردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی كورددا؟

-باوەڕم وایە هونەر یەكێكە لە بەهێزترین هێزەكان بۆ پاراستنی زمان، كەلتوور و ناسنامەی نەتەوەیی. گۆرانی، هەڵبەست، وێنە و سینەما مێژووی گەلان لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە دەگوازنەوە. لە كاتێكدا كە زمان و كەلتووری كوردی لەژێر فشاردا بووە، هونەر بووە بە دەنگی گەلەكەمان، بە هونەرەوە دەتوانین ناسنامەی خۆمان بپارێزین و بۆ جیهان نیشانی بدەین كە ئێمە كێین.

*ئایا هونەرمەندانی كوردی دیاسپۆرا هەستی نەتەوەیی زیاتر بەرز دەكەنەوە؟

-دیاسپۆرا هەم قورسایی و هەم دەرفەتە. هونەرمەندانی دەرەوەی وڵات، بەڵام بە تەكنەلۆژیا و میدیای كۆمەڵایەتی دەتوانن بە ملیۆنان كەس بگەن. دووری لە وڵات هەندێك جار هەستی نیشتیمانپەروەری زیاتر بەهێز دەكات، لەبەر ئەوە زۆربەی هونەرمەندانی دیاسپۆرا بە هونەرەكەیان كەلتووری كوردیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ناسادووە.

هونەرمەند نەتالیا سەیران بۆ گوڵان:نوێكردنەوەی هونەر گرنگە، بەڵام گرنگە ڕۆح و ناسنامەی كوردی بپارێزرێت

*كێشەی هونەرمەندان لە پارچەكانی كوردستان چین؟

-هەر پارچەیەكی كوردستان بارودۆخ و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لە هەندێك ناوچەدا كێشەی سیاسی هەیە، لە ناوچەكانی دیكەدا كێشەی ئابووری یان كەمبوونەوەی پشتگیری هەیە، بەڵام باوەڕم وایە هونەری كوردی لەهەركوێ بێت یەكێكە، سنووری سیاسی ناتوانێت كەلتوور و مۆسیقامان لە یەكتر جیا بكاتەوە.

*ئایا هونەرمەندێكی كورد كە بە زمانێكی دیكە دەخوێنێت، هەمان كاریگەریی هەیە؟

-هەر زمانێك دەتوانێت پەیامێك بگەیەنێت بۆ جیهان، بەڵام كاتێك هونەرمەند بە زمانی كوردی دەخوێنێت، ئەو بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ یارمەتی پاراستنی زمان و ناسنامەی كوردی دەدات. ئەگەر كەسێك لە زمانەكانی دیكەشدا كار بكات و لە هەمان كاتدا كەلتووری كوردی پێشكەش بكات، ئەوەش كارێكی گرنگە.

*هونەری سیاسی یان هونەری كەلتووری، كامیان ماوەی درێژتر دەبات؟

-باوەڕم وایە هونەری كەلتووری و مرۆیی بۆ ماوەیەكی درێژتر دەمێنێتەوە. هونەرێك كە لەسەر خۆشەویستی، خێزان، ژیان و كەلتوور دروست كراوە، ساڵانێك دەمێنێتەوە و لە نەوەكانەوە باسی لێ دەكرێت. هونەری سیاسی دەكرێت لە كاتێكی تایبەتدا گرنگ بێت، بەڵام هونەری كەلتووری زۆر بەردەوامترە.

*پاراستنی شێوازی ڕەسەن یان مۆدێرنبوون كامیان زیاتر پێویستن بۆ هونەری كوردی؟

-هەردووكیان پێویستن. دەبێت ڕەگ و ڕیشەی خۆمان بپارێزین، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبێت لەگەڵ كاتدا بەرەو پێشەوە و مۆدێرنیش هەنگاو بنێین. هەر نەتەوەیەك هونەری خۆی نوێ دەكاتەوە، گرنگ ئەوەیە كە ڕۆح و ناسنامەی كوردی بپارێزرێت.

*هونەر و ستایلە نوێیەكان دەبنە هۆی پێشخستنی هونەری كوردی یان زیانی پێدەگەیەنێت؟

-من ئەمە وەك دەرفەتێك دەبینم. ئەگەر ئێمە بە شێوازی نوێ، وەك پۆپ، هیپ‌هۆپ یان سینەما، چیرۆك و مۆسیقای كوردی بگەیەنین بە گەنجان و جیهان، ئەمە خزمەتی كەلتوورمانە، نەك مەترسی.

*دەزگاكان و حكومەت دەبێت چۆن پشتگیریی هونەرمەندان بكەن؟

-پشتگیری دەبێت هەم بۆ هونەری كلاسیك بێت و هەم بۆ هونەرمەندانی هاوچەرخ. پێویستمان بە پاراستنی كەلتوور هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبێت پرۆژەی نوێ و داهێنەرانە و نێودەوڵەتیش پشتگیریی لێ بكرێت.

*ژیریی دەستكرد (AI) مەترسییە یان دەرفەتە؟

-من ژیریی دەستكرد وەك ئامرازێك دەبینم، نەك وەك جێگرەوەی هونەرمەند. هونەر بەبێ هەست و ئەزموونی مرۆیی تەواو نابێت، بەڵام ژیریی دەستكرد دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ داهێنان، فێربوون و بڵاوكردنەوەی كەلتووری كوردی لە ئاستی جیهانیدا، بڕیار و داهێنانی كۆتایی هەمیشە هی مرۆڤە.

*ئایا ژیریی دەستكرد ناسنامەی كەلتووری كوردی لاواز دەكات؟

-ئەمە بەندە بە شێوازی بەكارهێنانەوە، ئەگەر ئێمە ژیریی دەستكرد بە زانیاری، وشەی ڕاست و سەرچاوەی كوردی بەكار بهێنین، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی زمان و كەلتووری كوردی زیاتر بناسرێت. ژیریی دەستكرد بەخۆی ناسنامە درووست ناكات، ئەو تەنیا ئامرازێكە، بەرپرسیارێتی لەسەر ئێمەیە كە چۆن بەكاری بهێنین.

Top