لە هەولێر رێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی كتێبی (ڕەهەندەكانی گۆڕانی چێژی ئیستاتیكی لە گۆرانیی هاوچەرخی كوردیدا)بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ دووشەممە ڕێكەوتی 27/10/2025 یەكێتی نووسەرانی كورد لقی هەولێر,لە ئێوارە كۆڕێكی تایبەتدا رێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی كتێبی(ڕەهەندەكانی گۆڕانی چێژی ئیستاتیكی لە گۆرانیی هاوچەرخی كوردیدا)لە نووسینی نووسەر و مامۆستا (ئاشنا عومەر) سازكرد.
مامۆستا و نووسەر (ئاشنا عومەر) كە بڕوانامەی ماستەری هەیە لە زانستەكانی موزیكدا, کتێبەكەی لە بنەڕەتدا توێژینەوەیەکی زانستییە بۆ بە دەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر ئەنجام دراوە,وە بەرهەمی ساڵانێك لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی وردە،ئەم كتێبە هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەك لە زانستەکانی موزیك,هەروەها ئامانج هاندانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ئیلهام بەخشینە بۆ توێژینەوەی زیاتر لە ئەم بوارەدا.
ئەم كتێبە لە هونەری موزیك و گۆرانی كوردی دەكۆڵێتەوە لە ساڵی 2000 تاوەكو 2021 بەو پێیەی كە لەو ماوەیەدا گۆڕانكارییەكی بەرچاو لە موزیك و گۆرانی هاوچەرخی كوردیدا ڕوویدا,وە لەم كتێبەدا ستایڵە جیاوازەكانی گۆرانی كەوتووەتە بەرباس,كتێبەكە توێژینەوەیەکە بە شێوەیەکی زانستی و ڕەخنەگرانە,چۆنیەتی گۆڕانی پێوەرەکانی جوانناسی لە موزیك و گۆرانی کوردیدا شی دەکاتەوە,هەروەها, کاریگەری فاکتەرە کۆمەڵایەتی, کەلتوری,سیاسی وە تەکنەلۆژییەکان لەسەر ئەم گۆڕانکارییانە بە داتا دەخاتە ڕوو.
كتێبی(ڕەهەندەكانی گۆڕانی چێژی ئیستاتیكی لە گۆرانیی هاوچەرخی كوردیدا)لەسەر ئەركی(ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی موكریانی بە چاپ گەیشتووە و لە ئێستادا لە كتێبخانەكانی كوردستان بەردەستە.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
