بیرتانە لە قەیرانەكاندا مەسرور بارزانی چی دەكرد و ئەوانی تر خەریكی چی بوون؟

بیرتانە لە قەیرانەكاندا مەسرور بارزانی چی دەكرد و ئەوانی تر خەریكی چی بوون؟

 

 

كاتێ لە هەنگاو و پرۆژە و جووڵە دیبلۆماسییەكانی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی كوردستان دەڕوانین، هیوا و ئومێدیان لەسەر هەڵدەچنین، چونكە بەڕێزیان لە زۆر بۆنەدا بە روویەكی خۆش و بەشانازییەوە وتەكەی بارزانیی نەمر دووپات دەكاتەوە كە دەڵێ: ”شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت.“
لە هەر دەركەوتنێكی میدیاییدا كە دەدوێ، هێز و ورە بە هەموان دەبەخشێ، ئەو رژد و ورد كار دەكات و بە دیدێكی دروستەوە حوكمڕانی دەكات و ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەدات.
مەسرور بارزانی كاتێ دەڵێ: ”من لە بەرپرسیارێتی راناكەم، ئەگەر بە تاقی تەنیاش بێت بەرپرسیارێتییەكە هەڵدەگرم“ ئەم قسەیە بۆ هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان و تاكی كورد كە ماشێنێكی میدیایی بە سپۆنسەریی داگیركەران لە دژیدا خراوەتە گەڕ و بەردەوام تاكی كورد بێئومێد دەكەن، ئەو قسەیەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی وەهادا یەگجار گرنگ و هیوا و ورەبەخشە و پووچەڵكردنەوەی ئەو پیلانانەیە.
سەرنج بدەن، بزانن مەسرور بارزانی چۆن خۆڕاگرانە رووبەڕووی قەیرانەكان دەبێتەوە كاتێ دەگەنە ترۆپكی خراپی. سەرنج بدەن ئەو پرۆژانەی پێشنیاریان دەكات و دەیانخاتە پلانەوە و سەرپەرشتییان دەكات و جێبەجێیان دەكات، چەندە گرنگن بۆ كوردستان و خەڵكەكەی و تەنانەت بۆ نەوەكانی داهاتووش. سەرنج بدەن بزانن لە كاتی بۆردومانكردنی هەولێر بە درۆن و مووشەك چەند ئارام و چەندەش یەكلاكەرەوە بوو. سەرنج بدەن لە كاتی سەردانەكانی بۆ وڵاتانی دیكە و بۆ كۆڕبەند و كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكان مەسرور بارزانی چەندە دەوڵەتمەدارانە قسە و رەفتار دەكات و چەند بە جوانی پێگە و جێگەی كوردستان بەرز رادەگرێت.
هەموو خەڵكی كوردستان شاهێدن، لە ماوەی رابردوودا كە دەسەڵاتدارانی بەغدا قەیرانی گەورەی مووچە و بودجەیان بۆ خەڵكی كوردستان دروست كرد، كاتێ كوردستان گەمارۆی ئابووریی خرابووە سەر، كاتێ دادگای فیدراڵی یەك لەسەر یەك بڕیاری لە دژی هەرێمی كوردستان دەردەكرد، خەڵك هەموو بینییان مەسرور بارزانی چۆن رەفتاری لەگەڵ ئەو كێشانە كرد و چۆن بە ئارامی سەركەوتنی بەدەست هێنا و چۆن سازشی لەسەر مافەكانی خەڵك نەكرد و چۆن لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و حكوومەتی سوودانی، كێشەكەی تا رادەیەكی باش بەرەو چارەسەر و یەكلاكردنەوە كرد.
هەموو خەڵكی كوردستان بینییان، لەنێو ئەو قەیران و كێشانەدا، جگە لە پارتی و بەرپرسە باڵاكانی، سەركردە باڵاكانی حزبەكانی دیكە خەریكی چی بوون! هەموویان خۆیان لە بەرپرسیارێتییەكە دزیبووەوە، هەموویان حكوومەت و خەڵكی كوردستانیان تەنیا جێ هێشتبوو، یەك لەسەر یەك بەیاننامەی پڕ موزایەدەیان دەردەكرد، هەموویان دەسەڵاتدارانی بەغدایان بەریی دەكرد و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان تاوانبار دەكرد، هەموویان خەریكی ژیانی خۆیان بوون و زۆربەیان خەریكی ژنهێنان و هاوسەرگیریی مسیار و دزی و گەندەڵی و كەسابەتی خۆیان بوون، هەموویان هانی فەرمانبەران و مامۆستایانیان دەدا بایكۆت بكەن و دەرگای قوتابخانەكان دابخەن و منداڵی هەژاران لە خوێندن بێبەش بكەن، هەموویان دژی (هەژماری من) بوون، هەموویان دژی كارەبای بەردەوامی ٢٤ كاتژمێری بوون، هەموویان دەهۆڵی نەمانی هەرێمی كوردستانیان دەكوتی، زۆربەیان بەردەوام خەریكی سەردانی میلیشاكان بوون و كەسیان یەك قسەی خێری بۆ ئەم میللەتە نەكرد، جگە لە مەسرور بارزانی و حكوومەتەكەی و حزبەكەی.
بەڵێ، دەبێ بێ سڵكردنەوە و بە شانازییەوە بڵێین، لە سایەی حیكمەتی سەرۆك مەسعود بارزانی و هێز و توانا و خۆڕاگریی مەسرور بارزانی بوو توانرا بەسەر قەیرانەكاندا زاڵ بین و لە ئاوەدانكردنەوەدا بەردەوام بین.

Top