شکۆی دەروونی(عزة النفس) زانینی نرخی خۆتە
(ماریۆ فارغاس یوسا) نوسەر و ڕۆژنامەنووسی ئەمریكای لاتینی دەڵێ"هەر مرۆڤـــێک ئابڕوو یان ڕەزالەت بۆ ماوەیی بۆی جێ نامێنێ، بەڵكو بۆ خۆی دروستی دەكات".
شكۆ یان سەرفرازیی لە پڕەنسیپ و بنچینە و بنەما جوانەكانن كە هەر مرۆڤێك جوانتر و ڕەونەقتر دەردەخات. وا دەكات كە ئەو جۆرە مرۆڤانە بە شكۆداری و سەرفرازی بژین و ئاگایان لە ڕەوشت و هەڵسوكەوت و رەفتار و گوفتاری خۆیانە و، ڕێزی خۆیان دەزانن و خۆیان دەپارێزن لە شكاندن و ڕەزالەتی و هەر شوێن و جێگایەك بزانن كە شوێنی ئەوان نییە، یان نرخ و بەهایان وەكو پێویست هەستی پێ نەكرێت. ئەوا خۆیان بە دوور دەگرن، بەڵكو پێگە و پایە و نرخی خۆیان دەزانن، ناچنە شوێنێ كە بوون و نەبوونیان وەك یەك وابێت. یانیش نابێت خۆ لە كۆمەڵێ قسە و باس هەڵقوڕتێنن كە پسپۆڕ و پەیوەندیدار نییە بە ئەوان، هەروەها خۆیان بە دوور دەگرن لە هەموو كەس و شتانەی كە لەگەڵ دەروون و كەسایەتی ئەوان ناگونجێ، شكۆی دەروون هەمیشە جوانییەك دەبەخشێتە خاوەنەكەی دەبێتە مایەی شانازی و شێنەیی و سەنگین و ئابڕومەندی لە نێوان كەسەكاندا و شوێنێك لە دڵیان داگیر دەكات بۆ ئەوەی بتوانین هەمیشە شكۆی دەروون و سەرفرازی بنیات بنێین و دروست بكەین و بیپارێزین پەرەی پێ بدەین، پێویستە هەمیشە ڕێزی خودی خۆمان بزانین و جەخت لە سەر خاڵە بەهێزەكان بكەینەوە هەرگیز خۆمان بەراورد نەكەین بە كەسی تر و خۆمان لە هەموو بابەت و بینە و بەردەیەك هەڵنەقوڕتێنین ولە دانیشتن و كۆبوونەوەكان و بگرە لە شۆشیاڵ میدیا قسە كەری هەموو بابەت و باسێك نەبین و، بە پێی شارەزایی و لێزانی و پسپۆڕی قسە بكەین، نەك قسە لە پێناو قسە، گرینگە هەمیشە ئەرێنی بین و دەستەواژەی هاندان و پاڵپشتی كردن بەكاری بهێنین و بنیاتنەری بابەتەكان بین و سنووری خۆمان بزانین و سنوریش بۆ هەموو ئەو كەسانە دابنێین كە نازانن ڕەفتار و هەڵسوكەوت بكەن لە گوفتار و كردار، یانیش دەیانەوێ زیادەڕەوی بكەن و سنوور ببەزێنن، پێویستە ئەو جۆرە کەسانە لە سنوری خۆیان ڕابگیڕێن و هەرگیز گرینگیان پێ نەدرێت، پێویستە بەردەوام مرۆڤ گرینگی بە خۆی بدات و لە هەموو ڕوویەكەوە خۆی لاپەسند وخۆشەویست بێت و ئەرێنی بێت دووربكەوێتەوە لە بیركردنەوەی نەرێنی و كەسانی نەرێنی، لە بیرمان نەچێت گرینگە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن جەخت لە سەر شکۆی دەروون و سەرفرازی تاك بكەینەوە هەمیشە وا لە قوتابی بكرێ کەوا متمانە و بڕوای بەخۆی هەبێت و خۆی خۆش بوێت و بەهێز بێت و هەرگیز نەبێتە پاشكۆی كەسانی تر، بەڵكو خاوەن ڕا و پڕەنسیپی خۆی بێت و خاك و نیشتمان و نەتەوەكەی خۆش بوێت و هەرگیز دەستبەرداری ماف و خەونەكانی نەبێت، بەهێز بێت و خۆی بەخاوەنی خاك و نیشتمان و كوردستان بزانێ و بەرگری لێ بكات خۆی بەمیوان نەزانێ ئەوكات كەسێكی سەرفراز و شكۆداری لێ دروست دەبێت دێتە بەرهەم، سوودبەخش دەبێت بۆكۆمەڵگە.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی
