كچانی كورد بتوانن لە ئاستی وڵاتانی دەرەوە یاری بكەن

كچانی كورد بتوانن لە ئاستی وڵاتانی دەرەوە یاری بكەن

پڕژە ڕزگار یاریزانی تۆپی بالەی یانەی سەنحاریب

كچانی كورد بتوانن لە ئاستی وڵاتانی دەرەوە یاری بكەن
پارێزگای دهۆك ماوەی چەند ساڵێكە گرنگی زۆر بە سەرجەم یارییە وەرزشییە جیاوازەكان دەدات، دهۆكییەكان تینووی بەدەستهێنانی نازناون لە سەرجەم وەرزشە جۆراجۆرەكان، ئەمساڵیش توانیان لە یاری بالە بە یانەی سەنحاریبی شارەكە كێبڕكێ سەرجەم یانەكانی عێراقی بكەن بۆ هێنانەوەی نازناوی جامی بالی یانەكانی عێراقی،كارگێڕیی یانەی سەنحاریب گرینگی زۆر بە وەرزشیی ئافرەتان دەدات بە سەرجەم یارییە وەرزشییەكانەوە بۆ پاڵەوانێتیەكان گرێبەست لەگەڵ چەندین كچەیاریزانی بە توانا لە یانەكانی تری شارەكان واژوو دەكات بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان. بۆ ئەم وەرزەی خولی بالەی نایابی یانەكانی عێراقی توانی ئامانجی بپێكێ و نازناوەكە بباتەوە، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانیش كە ڕۆڵی هەبوو لە ئەنجامی شایستەی یانەكە كچە یاریزان پڕژە ڕزگار فەرج-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2001ی شاری سلێمانی پاشەڕۆژێكی باش چاوەڕوانیەتی لە داهاتوو، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*بارودۆخی یاری تۆپی بالە چۆن دەبینی بە شێوەیەكی گشتی؟
- لە چاو ساڵانی ڕابردوو پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ئارەزوی ئێمە زیاترە پێویستە لەمە زیاتر بڕۆینە پێشەوە لەم یارییە.
*بۆچی ساڵانە كە خول و پاڵەوانێتی دەكرێتەوە هەمان یانەكان بەشدار دەبنەوە؟
- لە بەر خراپی باری دارایی یانەكان هەندێكیان هەر ناتوانن بەشدری بكەن، بەداخەوە كە بە شێوەی پێویست هاوكاری ناكرێن.
*بۆچی لە ئێستادا یاری بالە لە ئاستی پێویستدا نییە؟
- چونكە گرینگی تەنها بە تۆپی پێی دەدرێت و یارییەكانی تر وەلا نراوە.
*هۆكاری چیە ئەم یارییە لە ئاستی كچان پێشوازی باشی لێنەكراوە لە شارەكانی كوردستان؟
-بەڵێ بێگومان زیاتر گرینگی بە كوڕان دەدرێ بەداخەوە.
* چۆن بوو بڕیارتدا بۆ یانەیەكی شاری دهۆك یاری بكەی ؟
- ڕاستیەكەی هەر بۆ سلێمانی یاریم دەكرد، بەڵام كاتێك یانەی سەنحاریب داوای كرم ویستم ئەزموونێك دوور لە شارەكەم تاقیبكەمەوە.
* گرفتت بۆ دروست نابێ لە سلێمانیەوە دەچیتە دهۆك؟
- نەخێر هیچ گرفتێك نییە بۆمن.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێكی لاو؟
-پێشكەوتنی زیاتر و زیاتر ئامانجم ئەوەیە تا وازهێنانم لە وەرزش ناوێكی دیاری ناو بوارەكە بم.
*لە دوو خول بەشداری كوردستان و عێراق كامەیان بەهێزترە؟
- بەداخەوە خولی كوردستانمان نییە
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- نەبوونی دارایی كە بەداخەوە تەنانەت جامی كۆتا یاریمان لە دوكانێكی ئاسایی ناو بازاڕ دەكردرێ ئەمانە هەمووی گرفتن لە بەردەم پێشكەوتنی ئەم یارییە.

* خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە یاریزانێك؟
-كچانی كورد بتوانن لە ئاستی وڵاتانی دەرەوە یاری بكەن.
*جگە لە سەنحاریب گرێبەستی ترت هەبوو؟
-بەڵێ بۆ چەندین یانەی تر یاریم كردوە پێشمەرگە،سلێمانی، نەجەف، دەربەندیخان دواجاریش سەنحاریب.

*ئەنجامی باش چیت پێ دەبەخشن؟
-هیچ ساڵێك وەكو ئەمساڵ هەوڵی بەدەست هێنانی جامم نەهێناوە ئەوەندە تینووی یەكەمی بووم، هیچ شتێك نەیتوانی ڕامبگرێت، هەستێكی تایبەتە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان هەمیشە لە خزمەتی خەمی وەرزشیی ناوەخۆن.

 

Top