نۆزدەهەمین پاکێجی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ڕووسیا
سەرۆکایەتی دانیمارکی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا پاکێجی نۆزدەهەمی سزاکانی سەر ڕووسیا بە هۆی شەڕی دژی ئۆکرانیا پەسەند دەکەن کە بریتییە لە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی غازی سروشتی شل لە ڕووسیا.
نوێنەرایەتی دانیمارک لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندووە، "پاکێجەکە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٨ی بەیانی پەسەند دەکرێت" .
قەدەغەکردنی کڕینی گازی سروشتی شل لە ڕووسیا بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەکرێت: گرێبەستە کورتخایەنەکان دوای شەش مانگ کۆتایی دێت و گرێبەستە درێژخایەنەکان لە یەکەمی ژانویەی ٢٠٢٧ کۆتایی دێت.
دەوترێت قەدەغەکردنی تەواو ساڵێک پێشتر لە نەخشەڕێگای کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ کۆتاییهێنان بە پشتبەستنی بلۆکەکە بە سووتەمەنی بەردینی ڕووسیا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها پاکێجە نوێیەکە سنووردارکردنی نوێی گەشتکردن بەسەر دیپلۆماتکارانی ڕووسیادا سەپاندووە و 117 کەشتی دیکەی "بەلەمی سێبەر"ی مۆسکۆ، کە زۆربەیان تانکەرن، دەخاتە لیستی سزاکانەوە، بەمەش کۆی ژمارەی کەشتییەکە دەگاتە 558 کەشتی.
گوڵان: سەردار خەلیل
