دلێر عەبدولقادر:بە دڵێكی پڕ لە هیواوە دەنگ بە لیستەكەی ڕێبازە پیرۆزەكەی بارزانی دەدەم
هونەرمەندانی كوردستان پاڵپشتیی لیستی275ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن
ڕۆژی 11/11/2025 هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دەدرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی نزیكەی یەك سەدە خەباتە لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و، وەك حزبی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق بەشداریی لەم هەڵبژاردنەدا دەكات لەم قۆناغە هەستیارەدا. هونەرمەندانی نیشتمانپەروەر بە ئاواز و گۆرانی و تواناكانی هونەرییانەوە بەم شێوەیە پشتیوانی لە لیستی ژمارە 275 دەكەن، كە لیستی زەردی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
دلێر عەبدولقادر، هەمیشە لەگەڵ لیستی زەردی پارتیدا بووە، ئێستا بە ١٥ تراكی نوێ و تایبەت بە لیستی ٢٧٥، كە زۆربەی ئاوازەكانی هی خۆیەتی، ئەلبوومێكی نوێی ئامادەی بڵاوكردنەوەیە. لەبارەی ئەم ئەلبوومە نوێیەوە ڕایگەیاند: «ئامادەكردنی ئەم ئەلبوومە هونەرییە دەربڕینی خۆشەویستییەكی بێسنوورە بۆ هێزێكی نیشتمانپەروەری وەك پارتی دیموكراتی كوردستان. لە سایەی ئەم حیزبە خۆڕاگرەدا، ئێمەی هونەرمەند بە ئازادی تەواوەتی نەخشە بۆ كار و چالاكییەكانمان دادەڕێژین.»
دلێر جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەگەر بمانەوێت دەنگی كورد لە بەغدا و ئەنجوومەنی نوێنەران بەرز بێت، دەبێت پارتی بكەینە سەرمەشقی مافە ڕەواكانمان و وەك هێزێكی كاریگەر لە عێراقدا، داكۆكی لە ماف و قووتی میللەتەكەمان بكات، چونكە لە پارتی دڵسۆزتر نابینم، كە بەوپەڕی نیشتمانپەروەرییەوە سەنگەر لە شۆڤێنییەكان بگرێت، بۆ ئەوەی زاتی ئەوە نەكەن زەفەر بە ئاوەدانی و گەشەسەندنە خێراكەی كوردستان بەرن.
هونەرمەند دلێر عەبدولقادر بە گەشبینییەكی زۆرەوە دەڵێت: «لە ئەم پڕۆسە دیموكراسییەدا بە دڵێكی پڕ لە هیواوە دەچمە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە لیستی 275، لیستی ڕێبازە پیرۆزەكەی بارزانی دەدەم.
