بـــەڵــگــەکـــانـــی ئــێــمــە قــســەی زاری بـــەرپـــرســـانـــی ئـــێـــوەیـــە
خۆ ئەوە بۆختان نییە کە دەڵێین ١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەتە، چونکە سەرکردەکانی ئێوە بە دەمی خۆیان ئەو شاهیدییەیان داوە..
ئێ خۆ هەر ئێوە دوای ئەو کەتنە گەورەیە بەیاننامەیەکی فەرمیتان بڵاوکردەوە ناو و ئیمزای هەموو ئەنجامدەرانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری تێدابوو، هەموو میلەت کاغەزە پڕ ئیمزایەکەیان لە دەستی پاڤڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و لە شاشەی کەناڵەکەی خۆتانەوە بینی.
لە بیرتانە مەلا بەختیار وتی: (بەداخەوە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەتێکی گەورە کرا). ئەی بیرتان ماوە کۆسرەت ڕەسول وتی: (چەند کاڵفام و لادەرێک بە سەرشۆڕی چوونە نێو مێژووەوە).
لەبیرتان چوو بافڵ تاڵەبانی وتی: (١٦ی ئۆکتۆبەر بنەماڵەی شێخ جەنگی ئەنجامیان دا ئێمە لێی بێ بەرین) کەواتە ئەویش دەزانێت خیانەتە بۆیە خۆی لێ بێبەری کرد.
لە بیرتانە لاهۆر جەنگی وتی: (ڕاستە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر هەڵەیەکمان کرد بەڵام من دەمەوێ ئەو هەڵەیە ڕاست بکەمەوە) کەواتە لاهۆر جەنگیش دەزانێت خیانەت بوو.
خۆ حەشدی شەعبی وتی: (ئێمە سوپاسی بنەماڵەی تاڵەبانی و یەکێتی دەکەین ئەوان نەبان نەمان دەتوانی بچینە ناو کەرکوک).
خۆ ئاڵا ئەسەدی وتی: (بە شانازییەوە کەرکوکمان گەڕاندەوە ژێر دەسهەڵاتی عێراق).
ئاراس جەنگیش وتی: ( پێشمەرگە بۆ لە کەرکوک بێت خۆ کەرکوک پارێزگایەکی کوردی نییە).
هەموو ئەوانە هیچ بەس دەی خۆ دەبێت ئەمەتان باش لەبیر مابێت کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وتی: (پێویستە لێژنەیەک پێکبهێندرێت بۆ لێکوڵینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی ١٦ی ئوکتۆبەر) کەواتە هێرۆ خانیش دەیزانی خیانەت بوو بۆیە داوای سزادانی بکەرانی دەکرد.
من دەتوانم دەیان قسەی تری بەرپرسانی یەکێتیتان بۆ بنوسم کە دانیان بەوە ناوە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەت لە کەرکوک کرا.
سەرکردەکانی ئێوە بە دەمی خۆیان دان بە خیانەتەکەیان دادەنێن خۆ ئەوە شتێک نییە ئێمە دروستمان کردبێت بۆتان، لە زاری سەرکردەکانی ئێوەوە بۆمان سەلمێندراوە کە ١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەتێکی گەورەبووە لە کورد و کوردستان، بۆیە هەرگیز نەکەن لەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە ڕابکەن و یاخود بتانەوێت خەڵک چەواشەبکەن، چونکە خەڵک ژیرە و تێدەگات هەرگیز ناتوانن ئەو خیانەتە گەورەیە پینە بکەن.

زانا عبدالباقی ستونی