سەرمەد محەمەد میكائیل قوتابیی كۆلێژی شوێنەوار لە زانكۆی دهۆك: گرنگە داهاتی گەشتیاریی لە شوێنەوارەكانمان بۆ پاراستن و نۆژەنكردنەوە و ناساندنی شوێنەوارەكانمان بەكاربهێنرێتەوە

سەرمەد محەمەد میكائیل قوتابیی كۆلێژی شوێنەوار لە زانكۆی دهۆك: گرنگە داهاتی گەشتیاریی لە شوێنەوارەكانمان بۆ پاراستن و نۆژەنكردنەوە و ناساندنی شوێنەوارەكانمان بەكاربهێنرێتەوە

 

كاتێك گەشتیاران سەردانی كوردستان دەكەن و شوێنەوارە پاك و خاوێنەكانی دەبینن، ئەمە خۆی لە خۆیدا هۆكارێكە بۆ پاراستنیان و ڕێگری لە پیسكردنیان، هەروەها زۆرێك لە شوێنەوارەكان لە هەمان كاتدا شوێنی گەشتیاریشن و پێویستە بپارێزرێن. سەبارەت بە چۆنیەتی بەكارهێنانی داهاتی گەشتوگوزار بۆ شوێنەوارەكان، زۆر گرنگە داهاتەكان بە شێوەیەكی دیاریكراو خەرج بكرێن. بۆ ئەمەش لە ئێستادا سوودیان لێ وەرگیراوە و چەندین شوێن نۆژەن كراونەتەوە، كە ئەمەش دوو سوودی هەیە: یەكەم گەشتیارییە و دووەم شوێنەوارییە، چونكە نۆژەنكردنەوە ڕێگر دەبێت لە لەناوچوونی شوێنەوارەكانمان.

مێژووی كورد زۆر كۆنە و لە باوان و نەوە كۆنەكانەوە بە میرات ماوەتەوە، بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاوە ئێستا لە ڕێگەی گەڕان لە گووگڵ و وێبسایتەكانەوە دەتوانرێت بوونی كورد و شوێنەوارەكانی ببینرێت و بزانرێت. هەروەها دەبێت خەڵكی خاوەن هەستی شارستانی بە یارمەتی یەكتر وێبسایت و پلاتفۆرمی تایبەت دروست بكەن بۆ ناساندنی ئەم مێژووە.

لە دوماهیدا جەخت لەوە دەكەمەوە ئەگەر حكومەت و خەڵك و گەشتیاران یارمەتیدەر بن و شوێنەوارەكان وێران نەكەن، دەتوانرێت بە شێوەیەكی باشتر بپارێزرێن، بۆیە داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، پشتگیری ئەم لایەنە بكات، چونكە پاراستنی شوێنەوار پێویستی بە خەرجێكی زۆر هەیە. بە یارمەتی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان، دەتوانرێت شوێنەوار، شارستانیەت و مێژووی كورد بە جیهان بناسێنرێت، ئەمەش ڕێگەیەكی زۆر ئاسان دەبێت بۆ ئەوەی نەتەوەكانی دیكە ئاگاداری بوونی دێرینی كورد و مێژووی چەندین هەزار ساڵەی بن.

Top