د. ئاراس ئیسماعیل خدر مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین: پێویستە حكومەت زیاتر فۆكس بخاتە سەر توێژینەوە زانستییەكان كە لەلایەن پسپۆڕانی شوێنەوارناس لە زانكۆكان و دەرەوەیان ئەنجام دەدرێن
شوێنەوار لە هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی و جیهان بابەتێكی یەكجار گرنگە بۆ ناسنامەی نەتەوەیەك و نووسینەوەی مێژووەكەی. جێگەی ئاماژەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی ٢٠١٨ تا ئێستا گرنگی بە پێشخستن و نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكان داوە. بەڵام لە ڕوانگەی ئەكادیمییەوە، پێویستە حكومەت زیاتر فۆكس بخاتە سەر توێژینەوە زانستییەكان كە لەلایەن پسپۆڕانی شوێنەوارناس لە زانكۆكان و دەرەوەیان ئەنجام دەدرێن، بۆ ئەوەی ببنە بنەمایەك بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زیاتری شوێنەوارەكان.
كۆمەڵێك مەترسی ڕووبەڕووی شوێنەوارەكانی ئێمە دەبنەوە كە بریتین لە هەڕەشەكانی «سرووشتی و مرۆیی»
• هەڕەشە سرووشتییەكان: وەك لافاو، داڕمان و زەمین لەرزە، كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ناوچەكانی سۆران، دهۆك، ئاكرێ، چەمچەماڵ، دووكان و هەڵەبجە ڕوویانداوە و بەداخەوە زیانێكی زۆریان بە شوێنەوارەكان گەیاندووە. ئەم جۆرە هەڕەشانە دەستی مرۆڤی تێدا نییە و پاراستنیان قورسترە.
• هەڕەشە مرۆییەكان: بەداخەوە هەندێك كەس هێشتا لە ئاستی تێگەیشتن لە گرنگیی شوێنەوار و مێژووی نەتەوەییدا نین، یان كەمتر هەست بە بەرپرسیارێتی دەكەن. ئەوان دەستدرێژی دەكەنە سەر شوێنەوارەكان، دەستكارییان دەكەن، یان بە شێوەیەكی نایاسایی هەڵكۆڵین دەكەن. خۆشبەختانە هێزەكانی ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكان و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوارەكان ڕێگرییەكی باشیان لەم كارانە كردووە، بەڵام هێشتا پێویستیمان بە هوشیاریی زیاترە لەلایەن خەڵكەوە.
• دەستی دەرەكی: هەڕەشەیەكی دیكە بریتییە لە دەستی دەرەكی، كە لە ڕێگەی سنوورەكانەوە (توركیا، ئێران، عێراق) هەندێك چینی نابەرپرس هەوڵ دەدەن خەڵكی ناوخۆ فریو بدەن بۆ دەستكاریكردن و كڕین و فرۆشتن، یان تەنانەت دزینی شوێنەوارەكان.
• بەداخەوە وێرانكارییەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشی لە ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥، بۆ مێژوو و شارستانیەتی هەرێمی كوردستان كارەساتێكی گەورە بوو.
چەندین توێژینەوەی زانستی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە بەشی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەدین لەسەر ئەم هەڕەشانە ئەنجام دراون و دەرئەنجامەكانیان خراونەتە بەردەم حكومەت. هەروەها لە داڕشتنی یاسای شوێنەوار كە لە ساڵانی ٢٠٢٠-٢٠٢١ لە پەرلەمان پەسەند كرا، چەندین مامۆستای زانكۆ و بەرپرسی شوێنەوار لە نووسینەوەیدا بەشدار بوون و ئێستا كار بەم یاسایە دەكرێت بۆ پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەكان.
دەكرێت شوێنەوارەكان بكرێنە ناوچەی گەشتیاری بۆ ڕاكێشانی گەشتیار وەك هەر دوو وڵاتی میسر و ئیتاڵیا، پێویستە دەستەی گەشتوگوزار و وەزارەتی شارەوانی میكانیزمێك بۆ زیاتر ڕیكلامكردنی شوێنەوار و ناوچە شوێنەوارییەكان دروست بكەن و بیانخەنە ڕیزبەندی ناوچە گەشتیارییەكان. وەك نموونە، بە دۆزینەوەی كەلەسەری ئافرەتێك لە ئەشكەوتی شانەدەر لە ساڵی ٢٠٢٢، كە لەسەر ئاستی جیهان بڵاو كرایەوە و بووە هۆی ڕاكێشانی زۆرترین گەشتیار بۆ ئەشكەوتەكە.
هەروەها كۆمپانیا گەشتیارییەكان دەبێت هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و لە پاڵ ناوچە گەشتیارییە سرووشتییەكاندا، چەند نموونەیەكی شوێنەواریش بخەنە ناو بەرنامەكانی گەشتەكانیان. پێشنیار دەكەم لە دەروازەی فڕۆكەخانە و شارەكاندا، لیست و تابلۆ و لۆگۆی ناوچە گەشتیارییە شوێنەوارییەكان نمایش بكرێن، بۆ ناساندنی شارستانیەتی كوردی و هاندانی گەشتیاران بۆ سەردانیكردنیان.
