محەمەد ئەحمەد بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ: ئەو پارچە شوێنەوارییانەی بەتایبەتی لە ناوەندی زاخۆ دۆزراونەتەوە، مێژووەكەیان بۆ نزیكەی ٦٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە

محەمەد ئەحمەد   بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ:  ئەو پارچە شوێنەوارییانەی بەتایبەتی لە ناوەندی زاخۆ دۆزراونەتەوە، مێژووەكەیان بۆ نزیكەی ٦٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە

 

گەڕان و پاراستن و ناساندنی شوێنەوارەكانمان لە مۆزەخانەكان ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە و بوونی شوێنەوارەكان بە شێوەیەكی دیاریكراو ئەوە دەسەلمێنێت كە شارستانیەت لە هەرێمی كوردستاندا هەبووە. بۆ نموونە ئەو پەیكەر و ئێسكانەی دۆزراونەتەوە، وەك ئێسكی مرۆڤی نیاندرتاڵ، كە لە ئەشكەوتی شانەدەر لە نزیكەی 70 هەزار ساڵ پێش ئێستا ژیاون، ئەوە دەردەخات كە كوردستان گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە لە بواری شارستانیەتدا و مرۆڤایەتی لەم ناوچەیەدا دەستی بە شارستانییەت كردووە، بەتایبەتی لە شاری زاخۆ، پێویستە جەخت لەسەر شۆڕشی چاخی بەردین بكەینەوە. كاتێك مرۆڤ لە ئەشكەوتەكان هاتە دەرەوە و دەستی بە كشتوكاڵ كرد، شاری زاخۆش گەشەی كرد و خەڵك بەرەو ئەشكەوتەكان دەچوون بۆ ڕاوكردن و دواتر بەرەو كشتوكاڵ. بەتایبەتی لەوێ، رووباری «خابیر» هەیە. لەوێ شارستانیەت دەستی پێكرد و خەڵك ژیانی خۆی بەڕێوە برد. ئێستا چەندین شوێنەوار و سایت هەن كە دەتوانین بیانبینین و دەریان بخەین كە خەڵك لە شاری زاخۆ لە سەردەمی كۆن ژیاون و ژیانی ڕۆژانەیان بە كشتوكاڵ و كارە كۆمەڵایەتییەكان بەڕێوە بردووە.

ئەو شوێنەوارانەی كە ئێستا دۆزراونەتەوە و لە مۆزەخانەكاندا پارێزراون، گوزارشت لە بیروباوەڕی خەڵكی ئەو سەردەمە دەكەن، چ بیروباوەڕی ئایینی بێت، یان پەیوەندی بە ژیان و سەرەتاكانی مرۆڤەوە بێت. هەروەها ئەو پارچە شوێنەوارییانەی دیكە كە لە زاخۆ، بەتایبەتی لە ناوەندی زاخۆ، دۆزراونەتەوە و مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی ٦٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا، هەتا ئێستاش بەردەوامییان هەیە و بۆ ٨٠٠٠ ساڵ دەڕوات. ئەم شوێنەوارانە ئێستا پێویستە بەدوایاندا بگەڕێین و بیپارێزین، هەروەها بیانخەینە مۆزەخانەكان و بیانناسێنین. ئەوانە مێژووی كوردستان و هەرێمی كوردستانمان پیشان دەدەن و گرنگیی خۆیان هەیە. لێرەوە شارستانیەت دەستی پێكردووە و ئەم ناوچەیە لانكەی شارستانییەتە.

پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە، ئێمە چۆن دەتوانین پەیامی شوێنەوارەكان وەك ناسنامەیەكی نەتەوەیی بگەینینە خەڵكی جیهان و بیانناسێنین؟ ئەم كارانەی كە ئێستا ئەنجامیان دەدەین، بریتییە لە ناساندنی ئەو شوێنەوارانەی كە ئێستا نۆژەنیان دەكەینەوە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان. لە زۆر شوێندا شوێنەوارەكان نۆژەن كراونەتەوە وەك لە هەولێر و دهۆك، هەروەها لە زاخۆ پردی دەلال و پردی پڕێدێل. ئەم نۆژەنكردنەوانە پەیامێك دەگەیەنن كە خەڵك گرنگی زیاتر بە شوێنەوارەكان بدەن. هەروەها ئەو پشكنین و هەڵكۆڵینە شوێنەوارییانەی فەرمانگەی شوێنەوار ئەنجامیان دەدات و شوێنەوارەكان دەدۆزنەوە، شارستانیەتێك پیشان دەدەن كە خەڵك گرنگی پێدەدات. ئەم شوێنەوارانە بۆ هیچ مەبەستێكی بازرگانی نین، بەڵكو ئەو پارچە شوێنەوارییانەی كە دەدۆزرێنەوە و لە مۆزەخانەكاندا پارێزراون، بۆ ناساندن و پیشاندانی شارستانییەت و ناسنامەی نەتەوەیی كوردستانن. خەڵك دەبێت بزانێت كە ئەمە ناسنامەیەكی نەتەوەییە.

 

 

Top