د. زریان حاجی سەرۆكی بەشی شوێنەوارناسی لە زانكۆی سلێمانی: نەبوونی هۆشیاریی شوێنەواری و قاچاخچێتی بە شوێنەوار كێشە و ئاستەنگی بەردەم شوێنەوارە
شوێنەوارناسی زانستێكی زۆر گرنگ و تایبەتمەندە لە جیهاندا، هەرچەندە وەك زانستێكی نوێ دادەنرێت و تەمەنی ناگاتە سەد ساڵ، بەڵام لە مۆزەخانەیەك شوێنەواری بابلی كۆن دانراوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشا «نابو ئێدا»، ئەمەش نیشانەی دێرینی بایەخدانە بە شوێنەوار. هەرچەندە شوێنەوارناسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسانەوە پەرەی پێدراوە و شوێنەوارەكانی كوردستان بەشێكن لەو گەنجینە مێژووییە، بەڵام بەداخەوە لە كوردستان كەمتر بایەخی پێدراوە، ئەوەتا كۆنترین بەشی شوێنەوارناسی لە كوردستان بەشی زانكۆی سەڵاحەددینە، كە زۆربەی شوێنەوارناسانی ئێستای كوردستان دەرچووی ئەو بەشەن. بەشی شوێنەوارناسیی زانكۆی سلێمانییش لە ساڵی ٢٠١٣-٢٠١٤ دامەزراوە بە ئامانجی نووسینەوەی مێژووی شوێنەوار بە شێوەیەكی زانستییانە.
كێشە و ئاستەنگەكانی بەردەم شوێنەوار بۆ دوو هۆكاری سەرەكی و بۆ كەم بایەخدانی شوێنەوارناسی لە كوردستان دەگەڕێتەوە كە بریتین لە:
• نەبوونی هۆشیاریی شوێنەواری: هاووڵاتیان نازانن كە شوێنەوار موڵكی گشتی و تایبەتە بە هەموو مرۆڤایەتی. زۆر كەس كاتێك شوێنەوارێك دەدۆزنەوە، یان هەڵیدەگرن، یان بە شێوەیەكی نایاسایی مامەڵەی پێوە دەكەن.
• قاچاخچێتی بە شوێنەوارەوە: ئەمە بابەتێكی زۆر مەترسیدارە و خەڵكێكی زۆر كەوتوونەتە ناوی، خۆشبەختانە هێزە ئەمنییەكان زۆر بە گرنگییەوە ڕێگرییان لێكردووە و چەندین شوێنەواری پارێزراو ڕادەستی مۆزەخانەكان كراونەتەوە.
پێشنیار بۆ گەشەپێدان و پاراستن شوێنەوارەكان لەم چەند خاڵەدا چڕ دەكەمەوە:
- بایەخدان بە تیمی ناوخۆیی زانكۆكان: زانكۆكانی كوردستان خاوەنی كەسی پڕۆفیشناڵ و تەكنیكیی بەهێزن لە بواری شوێنەوارناسیدا، پێویستە بایەخیان پێ بدرێت، وەك تیمە بیانییەكان بەشدار بن لە كنە و پشكنینە شوێنەوارییەكاندا. خۆشبەختانە یاسای شوێنەوار كە لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان دەرچوو، ڕێگە بە زانكۆكان دەدات كاری كنە و پشكنین ئەنجام بدەن. وەك نموونە لە زانكۆی سلێمانی دوو پڕۆژەی سەرەكیی كنە و پشكنینی لە گردی كۆنە و سەرای سلێمانی ئەنجام داوە و دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبووە.
- زیادكردنی وانەی شوێنەوار لە ناوەندەكانی خوێندن: پێویستە وانەی شوێنەوار لە هەموو قۆناغەكانی خوێندندا، تەنانەت لە خوێندنگا سەرەتاییەكانیشدا دابنرێت.
- دامەزراندنی دەرچووانی شوێنەوارناسی: پێویستە دەرچووانی بەشەكانی شوێنەوارناسی وەك شوێنەوارناس و ڕێنماییكاری شوێنەواری دابمەزرێن، چونكە شوێنەوار بەشێكە لە ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی كەلتوور. شوێنەوار ژێرخانی كۆمەڵگا كەلتوورەكەیەتی.
- ڕۆڵی ڕاگەیاندن: پێویستە بەرنامەی تایبەت و دۆكیۆمێنتاری دروست بكەن و بایەخی شوێنەوارەكان بۆ خەڵك دەربخەن.
- دامەزراندنی پۆلیسی شوێنەوار: پێویستە دەزگایەكی تایبەت بە ناوی پۆلیسی شوێنەوار دابمەزرێنرێت و، دەرچووانی شوێنەوارناسی تێدا دابمەزرێن.
- كردنەوەی خول بۆ هێزە ئەمنییەكان و كارمەندانی فڕۆكەخانەكان: زانكۆكان و بەشی شوێنەوارناسان، دەبێت بەردەوام خول بۆ وەزارەتی ناوخۆ و كارمەندانی فڕۆكەخانەكان بكەنەوە، بۆ بەرزكردنەوەی هوشیارییان سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ شوێنەوارەكان و ڕێگریكردن لە بازرگانیی قاچاخ.
زۆر گرنگە بیر لە دانانی نەخشەڕێگایەك بۆ پاراستنی شوێنەوارەكانی كوردستان بكرێتەوە، چونكە وەك شكسپیر دەڵێت: «هەر كەسێك مێژووی نەتەوەی خۆی نەزانێت، بۆ هەتاهەتایە بە نەزانی دەمێنێتەوە.» بۆیە بۆ ئەوەی گەلەكەمان هوشیار بێت، پێویستە شوێنەوارەكانی بپارێزێت و دەریانبخات، چونكە زانستی شوێنەوارناسی یەكێكە لە زانستە زۆر گرنگەكان و پێویستە بایەخی پێبدرێت.
