د.ژیار سەدیق سەرۆكی بەشی شوێنەوار لە كۆلێژی زانستی مرۆڤایەتی لە دهۆك: ناساندن و نمایشكردنی شوێنەوارەكانمان دەبێتە هۆی ڕاستكردنەوەی هەر تێڕوانینێكی هەڵە سەبارەت بە مێژووی گەلەكەمان

د.ژیار سەدیق   سەرۆكی بەشی شوێنەوار لە كۆلێژی زانستی مرۆڤایەتی لە دهۆك:  ناساندن و نمایشكردنی شوێنەوارەكانمان دەبێتە هۆی ڕاستكردنەوەی هەر تێڕوانینێكی هەڵە سەبارەت بە مێژووی گەلەكەمان

 

شوێنەوارە مێژووییەكان و شارستانییەتە دێرینەكانی كوردستان، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لەسەر قووڵایی مێژوو و بوونی گەلێك كە خاوەنی شارستانیەتێكی دەوڵەمەند بووە، لە ڕێگەی لێكۆڵینەوەو نمایشكردنی ئەم شوێنەوارانەوە، دەتوانرێت مێژووی ڕاستەقینەی ناوچەكە و ڕۆڵی ئەم شارستانییەتانە لە گەشەسەندنی مرۆڤایەتیدا بۆ جیهان بگێڕدرێتەوە، ئەمەش نەك تەنیا ناسنامەی نەتەوەیی بەهێز دەكات، بەڵكو دەبێتە هۆی ڕاستكردنەوەی هەر تێڕوانینێكی هەڵە سەبارەت بە مێژووی گەلەكەمان.

گەشتوگوزار ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری خەڵكیدا سەبارەت بە گرنگیی شوێنەوار و پاراستنیان، گەشتیارە تایبەتەكان بەتایبەتی ئەوانەی ئارەزووی كەلتوور و شوێنەوار دەكەن، سەرچاوەیەكی گرنگن بۆ دابینكردنی داهات و ئاوڕدانەوە لەم شوێنەوارانە. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە كەسانی شارەزا لە بواری شوێنەوارناسی دامەزرێنرێن بۆ پاراستنی ئەم شوێنانە و پێشوازیكردن لە گەشتیاران و پێدانی زانیاریی دروست بەوان. كاتێك گەشتیاران سەردانی شوێنەوارەكان دەكەن، پارەیەكی تایبەت تەرخان دەكرێت بۆ پاراستن و چاككردنەوەیان، ئەمەش بەردەوامبوونی پڕۆسەی پاراستنیان دابین دەكات.

بۆ ئەوەی نەوەكانی داهاتوو گرنگیی شوێنەوارەكانیان بزانن و بیانپارێزن، پێویستە كار لەسەر هۆشیاركردنەوەیان بكرێت، ئەمەش لە ڕێگەی ڕێكخستنی سیمینار و وۆرك شۆپ و دیداری مەیدانی بۆ شارەزایان و قوتابخانە و زانكۆكان دەبێت. سەردانیكردنی شوێنەوارەكان لەلایەن قوتابیانەوە، یارمەتیدەرە لە پەرەپێدانی هەستی خاوەندارێتی و پاراستنی ئەم میراتە كەلتوورییە لە نێویاندا.

شوێنەوارەكان دەتوانرێت وەك بەرهەمێكی نیشتمانی بەكاربهێنرێن بۆ گەشتوگوزاری نیشتمانی و نێودەوڵەتی. كوردستان بە شاری و شارستانیەتە دێرینەكانییەوە ناسراوە، خاوەنی مێژوویەكی زۆر دەوڵەمەندە كە پێویستە زیاتر بە جیهان بناسێنرێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بەرنامەی گەشتیاریی تایبەت دابڕێژرێت كە ئامانجی دیاریكراوی هەبێت بۆ ناساندنی مێژوو و شارستانیەتەكان بە گەشتیاران. دەرچووانی بەشی شوێنەوارناسی دەتوانن لەم بوارەدا كار بكەن و مێژووی شوێنەوارەكان بۆ گەشتیارە عەرەبی و ئەوروپایی و ئەمریكییەكان ڕوون بكەنەوە. ئەمەش نەك تەنیا دەبێتە هۆی ناساندنی مێژووی كوردستان، بەڵكو دەرفەتی كار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت. یەكێك لە ڕێگەكانی پەرەپێدانی شوێنەوارەكان و گەشتوگوزاری، وەرگرتنی بڕێك پارەیە لە گەشتیاران لە بەرانبەر سەردانیكردنی شوێنەوارەكاندا. ئەم بڕە پارەیە كە دەتوانێت كەمیش بێت، دەكرێت بۆ نۆژەنكردنەوە و گەڕاندنەوە و پاراستنی شوێنەوارەكان بەكاربهێنرێت. ئەم میكانیزمە نەك تەنیا یارمەتیدەرە لە دابینكردنی داهاتی پێویست بۆ بەردەوامبوونی پاراستنی ئەم میراتە، بەڵكو دەبێتە هۆی زیاتر ناساندنی شوێنەوارەكان و بەشداریكردن لە گەشەی ئابووریی هەرێم دا.

 

 

Top