ڕۆل و ئەركی مامۆستا لە قوتابخانە

ڕۆل و ئەركی مامۆستا لە قوتابخانە

 

(سیی ئیس لویس) نوسەر و توێژەری ئیرلەندی دەڵێ"ئەركی مامۆستا وەك ئەوە وایە لە بیابان چاندن بكات، نەوەك گژوگیای زیان بەخش لە كێلگەكان بژار بكات".
لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن و پێشوازی كردن لە قوتابیان، مامۆستایان بیر لەوە دەكەنەوە چۆن زاڵ بن بە سەر بەربەست و كێشەكان كە دێتە پێش پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەوڵی ئەوەدان چۆن بتوانن ئەم ساڵ بە كۆمەڵێ دەستكەوت و بەرهەم و بەخشش بتوانن ساڵەكە تێپەڕێنن، وە هەردەم لە نوێگەری و گەشەپێدان و پەرەپێدان سەرقافلەی پڕۆسەكە بکەن و ببنە مایەی نموونەی هەرە بەرزی قوتابیەكانیان بۆ ئەوەی مامۆستایان بتوانن ساڵێكی پڕ دەستكەوت و سەركەوتوو تۆمار بكەن ببنە پێشەنگی پڕۆسەكە. گرینگە هەمیشە تۆمارێك تایبەت بە قوتابیانیان لا هەبێت بەربەست و گرفت و ئاستەنگەكانی كە بە تێڕوانینی ئەوان پێویستی بە كار كردن هەیە، دەبێ پلانی بۆ دابنرێت و تا ڕووبەروویان ببنەوە لە ناو گرفت و ئاستەنگ دەرفەت و دەستكەوت بەدی بهێنن و چۆن بتوانن ئامانجە پەروەردەییەكان بە بەردەوامی هەوڵی بۆ بدەن و ڕۆژانە و هەفتانە هەوڵی هاتنە دەستیان بۆ بدرێت و بابەتیانە پێداویستییە پەروەردەییەكان دیاری بكەن، تاوەكو بتوانرێ قوتابیان زیاتر هان بدرێن و جۆش و خرۆشیان بۆ خوێندن و فێربوون زیاتر بكرێ بێگومان ئەوەش تەنها بە مامۆستایان دەكرێت، چونكە هەمیشە مامۆستایان لای قوتابیەكانیان خۆشەویستن و مایەی ڕێز و ستایش كردنن، گرینگە مامۆستایان هەمیشە پلان و ڕێكخستنی بەردەوامیان هەبێت بۆ بابەتەكانی پسپۆڕییان و لای قوتابیان خۆشەویست و تامەزرۆیان بكەن و بە سادە و ساكاری و ئاسانەوە بۆیان باس بكەن لە قورسی و سەختی بابەتەكان خۆیان بە دوور بگرن و ،هەمیشە ئەوپەری متمانەیان بەخۆیان هەبێت و دوو دڵ و ڕاڕا نەبن و هەردەم هەڵوێست و وشە و كردار و گوفتاریان پەروەردەیی و قایم و داكوتراو و نەگۆڕ بێت بەرامبەر بە كێشەو گرفتە پەروەردەییەكان و قوتابخانە خۆشەویست و شیرین بكەن لای قوتابی بابەت و پڕۆگرامەكان سادە و ئاسان بكەن و لە پەیوەندی لەگەڵ قوتابیان توند و توڕە و دوورە پەڕێز و نا پەروەردەیی نەبن، بەڵكو هەمیشە نموونەی هەرە بەرزی جوان و سەرنجڕاكێش بن بۆ قوتابیەكانیان، وە بەستەڵەك و بەربەست لە نێوان مامۆستایان و قوتابیان نەهێڵن و هەوڵ بدرێ گفتوگۆ و ڕاوێژی پەروەردەیی و فێركردن ئەنجام بدرێت. هەروەکو چۆن پشووی هاوینیان بە سەر برد و بەرنامە و پلان و ئامادە سازییان چیە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، دەكرێ هەر قوتابیەك بڕگەیەك و چەند بڕگەیەك لە سەر خۆی و قوتابخانە ڕای خۆی بە ڕاشكاوی بنوسێ لە سەر كاغەز و دواتر كاغەزەكان كۆ بكرێتەوە لەلایەن مامۆستا تا بتوانن شارەزای بیرو بۆچوون و هزری قوتابیەكانیان بن و هانیان بدەن لە سەر دەربڕین و ئەنجامدانی چالاكی جۆراوجۆری و پەروەردەیی و فێركردن، مامۆستا دەتوانێ بابەت و پۆڵ و قوتابخانەكەی لای قوتابی هێندە خۆشەویست و سەرنجڕاكێش بكات بە جۆرێك قوتابی ڕۆژی دواتر بە هەلەداوان و بە پەلە خۆی بگەینێتەوە قوتابخانەكەی كە ئەوەش متووبوون و پەیوەست بوونێكی پەروەردەیی دروست دەكات لە نێوان قوتابی و قوتابخانە چاكە و ڕۆڵەكەش بۆ مامۆستا دەگەرێتەوە كە لە كۆتاییدا ئەو جۆرە قوتابیانە بەدڵنیاییەوە ساڵەكە و ساڵەكانی دواتریش بە سەركەوتوویی دەبڕن و قوتابخانەش پڕ دەستكەوت و بەرهەم دەبێت.


ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە

Top