د. یادگار ئەرگووشی سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر: دەبێت ئەو جەنجاڵییەی ئێستای دەوروبەری قەڵای هەولێر نەهێڵرێت و پاك بكرێتەوە

د. یادگار ئەرگووشی  سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر:     دەبێت ئەو جەنجاڵییەی ئێستای دەوروبەری قەڵای هەولێر نەهێڵرێت و پاك بكرێتەوە

 

د.یادگار ئەرگووشی، سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێرە و پسپۆڕە لە شوێنەوارناسیدا، تێزی دكتۆراكەی لەسەر شوێنەوارەكانی ناوچەی مێرگەسۆرە لە دەڤەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (شوێنەوار. كۆدەكانی ناساندنی نەتەوە)، زۆر بە چڕی و ڕاشكاوانە باسی لە پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر و شوێنەوارەكانی دەوروبەری قەڵای هەولێر كرد و، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە زۆر گرنگە پەلە لە دروستكردنی مۆزەخانەیەكی گەورە و مۆدێرینی نیشتمانی لەو هەولێر بكرێت و، بەم جۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

سوپاسی بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم، كە بۆ ئەم گفتوگۆ گرنگە ئێمەی بانگهێشت كردووە و ئەم دەستەبژێرە ئەكادیمییەی بواری مێژوو و شوێنەواری لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا كۆكردووەتەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە گرنگە بكەین، كە پرسی «شوێنەوار و كۆدەكانی ناساندنی نەتەوە»یە.

لەم گفتوگۆیەدا وەك سەرۆكی كۆمیسیۆنی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر، زیاتر هەڵوەستە لەسەر گرنگیی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر دەكەم و، بە پێویستی دەزانم سوپاسی بێپایانی خۆمان ئاراستەی ڕۆڵی كاریگەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین، بەتایبەتی جەنابی سەرۆكی حكومەت ڕێزدار مەسرور بارزانی، كە بایەخێكی بێوێنە بە قەڵای هەولێر دەدات. ئێمەش وەك كۆمیسیونی باڵا، بە پشتیوانیی خوای گەورە، گەلێك پڕۆژەی گرنگمان لە ئارادایە كە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەیانخەینە بەردەم خەڵكی خۆشەویستی هەولێر.

 یەكێك لە دیارترینی ئەو پڕۆژانە، نۆژەنكردنەوەی پشتێنەی قەڵای هەولێرە بە شێوازێكی ئەكادیمی و پڕۆفیشناڵ، هەروەها بۆ ئاسانكاری و گەیشتنی گەشتیاران و هاووڵاتیان بە بەشی سەرەوەی قەڵا، چەند ڕێڕەوێكی تایبەت دروست دەكەین، چونكە زۆرێك لەو كەسانەی سەردانی قەڵا دەكەن، توانای ڕۆیشتنی پیادەیان نییە بۆ سەرەوەی ئەم شوێنە مێژووییە. بێگومان ئەم كارانە بە هەماهەنگی و هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان و ڕێكخراوی یوونسكۆ ئەنجام دەدرێن بۆ گەیشتن بە باشترین ئەنجام.

سەبارەت بە ناساندنی نەتەوەیی لە ڕێگەی شوێنەوارەكانەوە، ئەگەر بە شێوازێكی گشتی سەیری بكەین، من خۆم توێژینەوەی تێزی دكتۆراكەم لەسەر گرنگترین و ناسراوترین شوێنەوار و كەلەپوورەكانی قەزای مێرگەسۆر بووە، بەڕاستی ئەو ناوچەیە دەوڵەمەندە بە شوێنەوار، ئێمە نزیكەی سێ سەد شوێنەوارمان لەو ناوچەیەدا ڕووپێو كردووە و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆرانیش ئاگاداری ئەم بابەتەیە، بەڵام پرسیار ئەوەیە، بۆچی گەشتیارە بیانییەكان زیاتر ڕوو لە ئەشكەوتی شانەدەر دەكەن و سەردانی شوێنە گرنگەكانی دیكە ناكەن؟ كە ئێمە چەندین شوێنەواری زۆر گرنگمان هەیە، هەر بۆ نموونە، گوندی بارزان لە ناو جەرگەیدا سێ شوێنەواری گەورە و مێژوویی لەخۆ دەگرێت: یەكەم، مزگەوتی عاقدا، كە مزگەوتێكی زۆر كۆن و شوێنەوارییە و پاشماوەی شێوازی بیناسازییەكەی دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی ساسانییەكان. دووەم، كەنیشتە (پەرستگای جوو) كە ئێستا خۆشبەختانە كۆمپانیایەك سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی ئەو كەنیشتە مێژووییەی جووە. سێیەم، كەنیسە (كلێسا)ی كریستیانەكان، كە ئەم سێ شوێنەوارە تەنیا چەند مەترێك لە یەكترەوە دوورن. ئەمەش نیشانەی زیندووی پێكەوەژیانی ئایینیی نێوان ئایینە جیاوازەكان لە كوردستاندا بەرجەستە دەكات و لە مێژووی كوردستاندا ڕەگی داكوتیوە.

بۆ ئەوەی ڕۆڵی شوێنەوار لە بواری گەشتوگوزاردا زیاتر گرنگ بێت و پەرەی پێ بدرێت، پێویستە چەند كارێكی سەرەكی ئەنجام بدەین. یەكەم شت ئەوەیە كە هەر شارێك بیەوێت ببێتە ناوەندێكی گرنگ، دەبێت یەكێك لەم سێ فاكتەرەی تێدا بێت: یان دەبێت ناوەندێكی بازرگانی بێت، یان لەسەر دەریا بێت، یان شوێنەواری بێت. هەولێر، بە شانازییەوە، شارێكی شوێنەواریی زۆر گرنگە و خاوەنی قەڵایەكی بێ وێنەیە لە جیهاندا. لە پڕۆژەكانی قەڵای هەولێردا، خۆشبەختانە بەم نزیكانە دەست بە نۆژەنكردنەوەی یەكێك لە پەرژینەكانی قەڵا دەكەین كە گەڕەكی تەعجیلە.

 سەبارەت بە مێژووی قەڵا، هەموومان شارەزاین و پێویست ناكات بە وردی باسی بكەم. مێژووی ئەم قەڵا مەزنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەستپێكی شارستانییەت لە چاخی بەردینەوە، بەناو شارستانییەتەكانی سۆمەری، ئەكەدی، گووتی، سۆمەریی نوێ، ئاشووری، ساسانی، حەزبانی، و سەردەمی ئیسلامیدا تێپەڕیوە، كە هەریەكەیان بایەخێكی زۆریان پێ داوە.

لەبارەی پڕۆژەكانمان لە قەڵای هەولێردا، نزیكەی پێنج سەد خانوووی كەلەپووری لە بەشی سەرەوەی قەڵاكەدا هەن. قەڵای هەولێر لە چینە جیاوازەكان پێك هاتووە و هەر چینێك بەڵگەیەكی شارستانییەتێكە. ئەو بەشە سەرەوەی قەڵاكەمان ناتوانین بە تەواوی بڵێین هی سەردەمی عوسمانییە، چونكە ڕاستە كاریگەریی شێوازی بیناسازیی عوسمانی بەسەر خانووە كەلەپوورییەكانی قەڵای هەولێرەوە دیارە، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەم خانووانە، خانووی كەلەپووریی كوردین. بۆچی نەڵێین ناوخۆیین؟ بۆچی نەڵێین هی سەردەمی حەزبانییەكانن؟ حەزبانییەكان كورد بوون.

بۆ نۆژەنكردنەوەی هەر شوێنەوارێك لە كوردستان، یەكەم هەنگاو پێویستە خاوێنكردنەوە هەبێت، ئەگەر بمانەوێت گەشتیاران بەرەو هەر شوێنێكی شوێنەواری لە كوردستان، بەتایبەتی هەولێر و قەڵای هەولێر ڕابكێشین، دەبێت سەرەتا ژینگەكەی خاوێن بكەینەوە. ئەو قەرەباڵغی و ناڕێكییەی ئێستا لە دەوروبەری قەڵا هەیە، لە دروستكردنی كەپر و دووكان، جۆرێك لە جەنجاڵیی دروست كردووە، هەر بۆیە كاتێك گەشتیارێكی بیانی دێتە هەولێر و دەیەوێت سەردانی قەڵا و قەیسەری و شوێنەوارەكانی دەوروبەری بكات، دەبینین جەنجاڵییەكە بە جۆرێكە كە ئەو كەسە ناتوانێت بە شوێنەكاندا بگەڕێت، هەروەها گرنگە لەو ڕاستییەش ئاگادار بین، پڕۆژەی گەشتیاریی ڕاستەقینە ئەوەیە كە هانی خەڵكانی بیانی بدەین، بەتایبەتی ئەوروپا، كە بۆ گەشتیاری سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ئەمەش پێویستە كۆمپانیا گەشتیارییەكان، بەتایبەتی كۆمپانیا خۆماڵییەكان، بایەخێكی زۆر بەم شوێنانە بدەن. دەبێت بوودجەیەكی زۆر خەرج بكرێت و شارەوانیی شارەكە هاوكاریی تەواو پێشكەش بكات، بۆ ئەوەی گەشتیاران بە ئاسانی بتوانن سەردانی شوێنەوارەكانمان بكەن و وەك ناوچەیەكی گەشتیاری تێیدا هەست بە ئاسوودەی بكەن، كەواتە بۆ ڕێكخستنەوەی ئەم ژینگەیە دەبێت هەنگاوی یەكەممان ئەوەبێت كە دەوروبەری قەڵا خاوێن بكەینەوە و ئەو جەنجاڵییەی ئێستا هەیە، نەیهێڵین. خاڵێكی دیكە كە زۆر گرنگە بوونی ڕێبەری گەشتیاری و پرۆشۆری گەشتیارییە، بۆ ئەمەش دەبێت ئەو قوتابییانەی كە لە بەشەكانی شوێنەوار و گەشتوگوزار خوێندن تەواو دەكەن، گرنگییەكی زۆریان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی ببنە ڕێبەری گەشتیاریی كارامە. گەشتیارێك كە دێتە سەر قەڵا و هیچ زانیارییەكی نییە، تەنیا دیوار و تاق و ستوونەكان دەبینێت، بەڵام مێژووی پشت ئەوانە نازانێت. خۆشبەختانە، ئێستا هەژدە كەسمان لە قەڵادا هەیە كە گرێبەستن و نزیكەی حەوت كەسیان ڕێبەری گەشتیارین و كاری خۆیان بە باشی ئەنجام دەدەن. دووبارە جەخت لە ڕۆڵی حكومەتی هەرێم، بەتایبەتی جەنابی سەرۆكی حكومەت، ڕێزدار مەسرور بارزانی، و خودی جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەمەوە، كە بایەخێكی زۆر بە قەڵای هەولێر دەدەن. بە پشتیوانیی خودا، لە ماوەیەكی نزیكدا شێوەیەكی جوان و سەرنجڕاكێش بۆ قەڵای هەولێر دروست دەكەین.

سەبارەت بە پشتیوانیكردنی ئەو كەسانەی هاوكاریی قەڵای هەولێریان كردووە، جا كۆمپانیا بن، یان كەسایەتی، پێویستە پشتگیری بكرێن و دەستخۆشییان لێ بكرێت، بەڵام هەر كەسێك هاوكاریی قەڵای هەولێر بكات، بە بڕێك پارە بێت، یان بە هەر شتێكی دیكە، پێویست ناكات ناوی خۆی، یان نازناوی خۆی لەسەر بینا و پڕۆژەكان بنووسێت، چونكە ئەمە موڵكی نەتەوەییە و مێژووییە و ناشێت كەس بیكاتە موڵكی تایبەتی خۆی. لە ماوەی بەشداریم لەم پڕۆژەیەدا، سەدان كۆمپانیا داوایان كردووە كە ئۆفیسیان لە قەڵادا هەبێت و ئامادەن خانووەكان نۆژەن بكەنەوە، ئێمە پێشوازی لە هەوڵەكانیان دەكەین، بەڵام ڕێگەیان پێ نادەین ناوی خۆیان، یان كۆمپانیاكانیان لەسەر ئەم شوێنە مێژووییانە بنووسن. ئەم شوێنەوارانە هی سەردەمانی دێرینن، بۆ نموونە، ئەگەر هەڵكۆڵین لە چینی سەردەمی ئاشوورییەكان بكەین، ڕەنگە ناوی كەسایەتییەكی وەك «عتبة بن فرقدي سلمییة» بدۆزینەوە، كە هەولێری لە سەردەمی ئیسلامیدا لە ساڵی ١٢٢٠ فەتح كردووە. ئێستا هەموومان دەزانین ئەم كارە كراوە، بەڵام ناشێت دوای پێنج سەد ساڵ كەسێك بێت و تابلۆیەك دانێت و بڵێت من ئەوەم دروست كردووە، بڵێت لەو سەردەمەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر بوونی نەبووە و ئەوە كەسێك دروستی كردووە كە شوێنەوارەكان بۆمان دەسەلمێنن. بۆیە دەبێت لەم پرسەدا زۆر بە هۆشیارییەوە مامەڵە بكەین، دەكرێت كەسێك بە خۆبەخشی كارێك لە قەڵا ئەنجام بدات، لەلایەن سەرۆك بارزانی و ئێمەش وەك كۆمیسیۆنی باڵای نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێرەوە ڕێزلێنانی پێ بدەین و سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەكەی بكەین، بەڵام ناكرێت ناوی خۆی، یان كۆمپانیاكەی لەسەر ئەو شوێنەوارە مێژووییانە بنووسێت.

پێشنیارێكمان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەرێم و وەزارەتی ئەوقاف كردووە، سەبارەت بە نەخشەی بیناسازیی منارە و مزگەوتەكانی هەولێر. ناكرێت بە چەندین نەخشەی جیاواز مزگەوت و منارەكەكانی كوردستان دروست بكرێن، هەر بۆ نموونە دوو مرەگەزی منارەی جیاواز لەسەر شەست مەتری هەیە، ڕەگەزی بیناسازیی منارەی مملەلی ڕەگەزی منارە عوسمانیی نوك تیژ، پێویستە كورد ڕەگەزێكی منارەی تایبەت بەخوی هەبێت.

هەروەها، بوونی مۆزەخانەیەكی نیشتمانیی گەورە لە هەولێردا زۆر زۆر گرنگە. ئێستا گەشتیارانێكی زۆر ڕوو لە هەولێر دەكەن، كەسێك كە یەكەم جارە دێتە هەولێر، بەدوای شوێنەوار و مێژوودا دەگەڕێت، نەك پارك و شوێنی دیكە. بۆ نموونە، منارە و قەڵا و شوێنەوارەكانی دیكە جێگەی سەرنجن. زۆر لە میوانەكانم، چ دۆستەكانم بن، یان بیانییەكان، كە لە گەڵیان سەردانی قەڵای هەولێر و گەڕەكەكانی تەعجیل و خانەقام كردووە، زۆر زیاتر لەوە پێیان خۆش بووە كە بردوومن بۆ شارە تازەكانی نیشتەجێ وەك ئیمپایەر و ئیتاڵی و ئیسپانی. ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت، كە بۆ ئێستای هەولێر موزەخانەیەكی گەورە و مۆدێرنی نشتیمانی بۆ هەولێر زۆر پێویستە، بەداخەوە مۆزەخانەی هەولێر و خانوووە كەلەپوورییەكانی دیكەی هەولێر زۆر وێرانن، پێویستە بە زوویی مۆزەخانەیەكی گەورە لەو شوێنەی بۆی تەرخان كراوە، واتە لە شوێنی سایلۆ، دروست بكرێت و كەلوپەلە شوێنەوارییەكان كە لە كۆگاكان، یان شوێنەكانی دیكەدا هەن، بگوازرێنەوە بۆ ئەو مۆزەخانە نیشتمانییە تازەیە. لە قەڵا 30 خانووومان نۆژەن كردووەتەوە و بە پشتیوانی خودا، بە پاڵپشتییەكی زۆرەوە دەست دەكەین بە نۆژەنكردنەوەی هەموو گەڕەك و خانووەكانی دیكەش.

بۆ ناساندنی زیاتری نەتەوەیی شوێنەوارەكانمان، یەكەم شت پێویستە هەستی نەتەوەیی بەرز بكرێتەوە، ڕاگەیاندنیش ڕۆڵێكی كاریگەری هەیە لەم بوارەدا، بەڕاستی ڕاگەیاندن دەتوانێت لە ناو حكومەتدا كاری دروست بكات و فاكتەرێكی گرنگ بێت بۆ ناساندنی كەلەپوور و شوێنەواری كوردستان بە جیهان.

لە كۆتاییدا، زۆر سوپاس بۆ كاك شوان و ئامادەبووان بۆ گوێگرتن لە قسەكانم. هیواخوازم هەموومان پێكەوە كار بكەین،بۆ پاراستن و پێشخستنی ئەم سامانە نەتەوەییە پیرۆزە.

سوپاسێكی زۆر.

 

Top