د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان : لەگەڵ مێژووی خۆمان گفتوگۆ دەكەین بۆ ئەوەی شكۆی ناسنامەی نەتەوەییمان پێناسە بكەینەوە

د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان :  لەگەڵ مێژووی خۆمان گفتوگۆ دەكەین  بۆ ئەوەی شكۆی ناسنامەی نەتەوەییمان پێناسە بكەینەوە

 

 

گفتوگۆكردن لەگەڵ مێژوو، مەرجدارە بە فێربوونی زمان كە ئەویش زمانی «شوێنەوارناسی»یە، بەڵام مخابن فێربوونی ئەم زمانە لەلایەن ڕژێمە یەك لەدواییەكانی عێراقەوە لەگەلی كوردستان قەدەغە كرابوو، ڕێگەیان نەدەدا لە زانكۆی سەڵاحەددین- هەولێر كە تەنیا زانكۆ بوو لە كوردستاندا، بەشی شوێنەوارناسی بكرێتەوە، لەمەش خراپتر بە دەگمەن نەبێت، ڕێگەیان نەدەدا قوتابیانی كورد لە بەشی شوێنەواری زانكۆكانی دیكەی عێراق وەربگیرێن، ئەمەش ئاماژەیەكی زۆر گرنگە بۆ ئەو ترسە گەورەیەی داگیركاران كە نایانەوێت ئێمە فێری زمانی شوێنەوارناسی بین و لەگەڵ مێژووی خۆمان گفتوگۆ بكەین.

لەدوای دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی 1992 ئەو سەردەمە تاریكە كۆتایی هات كە ڕێگر بێت لەوەی فێری زمانی شوێنەوارناسی بین، بەڵام باری قورسی دوو گەمارۆی «نێودەوڵەتی و عێراقی» و ناسەقامگیریی سیاسیی ناوخۆ، بواریان نەدا بپەرژێنە سەر پرسی گرنگ كە نەتەوەكەمان پێویستی پێیەتی و لەم بوارەش دواكەوتین، هەتا لە ساڵی 2000 بە دەستپێخەریی زانكۆی سەڵاحەددین- هەولێر و هەماهەنگیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەشی شوێنەوارناسی لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەددین كرایەوە.

بەشی زۆری ئەو دەستەبژێرە ئەكادیمیستەی لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆ «شوێنەوار. كۆدەكانی ناساندنی نەتەوە» ئامادەبوون و هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا بوون لەسەر شوێنەوارە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، دەرچووی بەشی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەدین بوون و بە زمانێكی پاراوی شوێنەوارناسی گفتوگۆیان لەگەڵ مێژووی مرۆڤایەتی و نەتەوەی خۆیان دەكرد.

لەم گفتوگۆیەدا پێیان گوتین مێژووی پێكەوە ژیانی ئاشتییانەی نەك تەنیا نێوانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان، بەڵكو نێوانی مرۆڤە جیاوازەكان وەك «نیاندەرتاڵ و هۆمۆسایپەنس» دەگەڕێتەوە بۆ 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا و هەردوو جۆری مرۆڤ لە ئەشكەوتی شانەدەر پێكەوە ژیاون. پێیان گوتین، نووسین وەك «هێما» و نووسین وەك «پیت» كە ئاماژەیە بۆ لە دایكبوونی شارستانیەتی مرۆڤایەتی لەناو ئەم نیشتمانە دروست بووە و لە چیاكانی زاگرۆسەوە هاتوونەتە خوارەوە و یەكەم گوند و یەكەم شاریان بونیاد ناوە، كە بەشێك لەو گەلانە دەبنە باب و باپیرانی نەتەوەی ئێمەن كە دەگەڕێتەوە بۆ میدییەكان و میتانییەكان.

ئەم ڕاپۆرتەی لەم ژمارەیەی گۆڤاری گوڵان لەسەر گرنگیی شوێنەوارەكانی كوردستان بڵاوكراوەتەوە، زانیاریی زۆر ورد و زانستی لەسەر كۆی شوێنەوارەكانی كوردستان لەخۆی گرتووە و ناپەرژێمە سەر هەموو ئەو وردەكارییانەی لەم ڕاپۆرتەدا هاتوون، بەڵام ئەوەی دەمەوێت ئاماژەی پێبكەم، ئەوەیە كە سێ پرێزنتەشیشنی قەشەنگ لەم گفتوگۆیە لەسەر سكرین نمایش كران، كە زیاتر لە 120 سلایدی لەخۆی گرتبوو، هەر سلایدێك وێنەی شوێنەوارێكی كوردستانی پیشانداین و، بە زمانێكی زۆر جیاواز وەڵامی پرسیاری زۆر سەیری مێژوویی دەدایەوە. پێیان گوتین، بەنداوی مووسڵ بە مەبەستی سڕینەوەی بەشێكی زۆری شوێنەوارەكانی كوردستان لە دەشتی نەینەوا‌ دروست كراوە، هەروەها پێیان گوتین، ڕووخانی قەڵای كەركووك بە مەبەستی سڕینەوەی ناسنامەی كوردستانیبوونی ئەو شارە بووە. پێیان گوتین، بە چ ئامانجێك تۆپەكەی وەستا ڕەجەب لە ڕەواندوز دزراوە و لە شاری نەجەف دۆزراوەتەوە و حكومەتی عێراق نەیگێڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

لایەنی ئەرێنیی ئەم گفتوگۆیە، پیشاندانی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، كە وێڕای ڕێگرییەكانی حكومەتی بەغدا، پێداگری كرد و لە ساڵی 2021 «یاسای پاراستن و بەرێوەبردنی شوێنەوارەكانی كوردستان»ی داڕشت و لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسند كرا، بەرهەمی ئەم پێداگرییەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی شوێنەوارەكان بە زمانی ژمارە، ئەوەیە كە پێشتر تەنیا 1500 شوێنەوار لە كوردستان تۆمار كراون، ئێستا 6500 شوێنەوار تۆمار كراون كە هێشتا تەنیا 48%ی شوێنەوارەكانی كوردستان ڕووپێو كراون، لەمەش گرنگتر بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆ بەناوبانگەكانی جیهان زیاتر لە 200 پرۆسەی كنە و پشكنین لەسەر شوێنەوارەكانی كوردستان كراون و توێژینەوەی زانستیان بۆ كراوە و لە گۆڤار و ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوە لەسەر ئاستی جیهان بڵاو كراونەتەوە.

سەبارەت بە قەڵای هەولێر كە ناسنامەی پایتەخت و كوردستانیشە، موژدەی ئەوەیان پێداین، كە كۆی خانووە كەلەپوورییەكانی قەڵای هەولێر (گەڕەكانی تەعجیل، خانەقا و مستوفی) دووبارە نۆژە دەكرێنەوە، پشتینەی دەوروبەری قەڵا پاك دەكرێتەوە و ئەو جەنجاڵییەی ئێستا هەیە، كۆتایی دێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەرهەمی فیكر و عەقیدەی بارزانە، لەناو ئەو مێژووە دێرینەدا ڕەگی داكوتاوە، مەبەستێتی گفتوگۆ لەگەڵ ئەو مێژووە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی هەموو كات شكۆی ناسنامەی ئەم نەتەوەیە بە گەورەیی پێناسە بكاتەوە، كۆدی بایەخدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كۆی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و ژیان و گوزەرانی خەڵك، لەناو پلاتفۆرمی بازنەی گفتوگۆ دەكرێتەوە و بە هەمووان دەڵێت، ئەم پارتە كە پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێبازی بارزانییە، ئامانجە بەرزە نیشتمانییەكەی ئەوەیە كە «گەلی كوردستان بە جیاوازیی ئایین و نەتەوە و بیروبۆچوونی سیاسییەوە  هەموو وەك یەك كاراكتەر، پێكەوە بیر بكەینەوە، پێكەوە بە هەماهەنگی خەبات بكەین، پێكەوە بەها بەرزەكانی ئەم نیشتمانە بپارێزین»، لەسەر ئاستی عێراقیش وەك نیشتمانی هاوبەشی گەلی كوردستان و عەرەب، ئامانجی بەرزی ئەوەیە لەسەر بنەمای «هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان» كە دروشمی لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئامانجی ئەوەیە دەوڵەتێك بونیاد بنرێتەوە كە هەموو گەلانی عێراق شانازی پێوە بكەن و شەڕ و كاولكاری كۆتایی بێت و ئاشتی و پێكەوە ژیانی كۆی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی ئەم نیشتمانە جێگەی بگرێتەوە.

Top