مەلا مستەفا بارزانی و پیرۆزكردنی ساڵیادی یەكێتیی زانایان دووبارەبوونەوەی مێژوو.. ئومێد و شانازییەك بۆ كوردستان

مەلا مستەفا بارزانی و پیرۆزكردنی ساڵیادی یەكێتیی زانایان  دووبارەبوونەوەی مێژوو.. ئومێد و شانازییەك بۆ كوردستان

(*) 

لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی 55 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان، كە ژمارەیەكی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵای ئیداری و حزبی و كەسایەتیی كۆمەڵایەتی و مامۆستایانی ئایینی و ڕۆشنبیر و ئەكادیمی و چالاكان بەشدارییان تێدا كرد و، لە ئاستی كوردستان بە گەرموگوڕییەوە یادەكە كرایەوە، هێمای ئەوەی نیشان دا، كە ئەم یەكێتییە نەك تەنیا لە بازنەی كار و چالاكیی ڕێكخراوێكدا خۆی دەبینێتەوە، بەڵكو پێنگاڤ و هەوڵ و هەڵوێست و كاریگەری و خزمەتەكانی لە ڕووی پیشەیی و ئیسلامپەروەری و نیشتماندۆستییەوە لە ئاستی باڵای كوردستاندا خۆی دەبینێتەوە و یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان بووەتە خاوەن پێگەیەكی دیار و جێی متمانە و كاریگەر، كە ڕابەرایەتیی سەرجەم زانایانی ئایینی لە كوردستان دەكات و مێژوویەكی پتر لە نیوە سەدە پڕ لە هەڵوێست و دەسكەوت و شانازیی هەیە. هەڵبەت ئەمەش لەخۆڕا نەبووە، بەڵكو مێژووی ئەم یەكێتییە و دڵسۆزیی زانایانی ئایینی لەكاتی دامەزراندنییەوە تا ئێستای ئەو ستافە كارایەی كە ماندوویی نەناسانە خزمەت دەكەن، هەروەها پاڵپشتیی دەستپێكی دامەزراندن و ئەو كاتی مەرحووم مەلا مستەفای بارزانی لە زانایانی ئایینی و بەشداریی ڕاستەوخۆی لە یەكەمین كۆنگرە و بەرچاوخستنی ڕۆڵ و ڕێزی زانایان، تا دەگاتە ئەمڕۆ كە سەرۆك بارزانی پشتیوانی ئەم ڕێكخراوە بووە، وای كردووە ئەم یەكێتییە بەرەوپێش بڕوات و كاریگەرتر دەربكەوێت و بە زیندوویی بمێنێتەوە، چونكە بەردەوام سەركردایەتیی كورد بەگشتی و سەرۆك بارزانی بەتایبەتی ڕێز و نزیكیی زۆری لەگەڵ یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان هەبووە و چەندین جار لەگەڵ زانایان دیداری ئەنجام داوە و ڕاشكاوانە ڕایگەیاندووە، كە ڕۆڵ و پێگەی مامۆستایانی ئایینی جێی تەقدیرە و پێویستە هەمووان بە ڕێزەوە لێی بڕوانن، تەنانەت لە پەیامی ئەمساڵ بە بۆنەی ساڵیادی ئەم ڕێكخراوە، ڕێزدار سەرۆك مەسعود بارزانی دەڵێت: «دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر ڕاسپاردەی بارزانیی نەمر هەنگاوێكی مێژوویی بوو، بە ئاراستەی بەهێزكردنی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەكەماندا، ئەم بڕیارە جەختكردنەوە بوو لەسەر پێگەی مامۆستایان و گەورە زانایانی كوردی ئایینی ئیسلام لە بڵاوكردنەوەی تێگەیشتنی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و پێكەوەژیان لە ناو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە و ڕۆڵیان لە بەرەوپێشەوەبردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان لە گشت قۆناغەكاندا».

هەروەها بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پیرۆزبایینامەكەیدا دەڵێت: «یەكێتیی زانایان و مامۆستایانی ئایینی، وەك چۆن لە سەردەمی شۆڕشدا خەباتیان كردووە و قوربانییان داوە، لە سەردەمی ئازادییشدا ئامادەیی و ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە قووڵكردنەوەی كەلتووری پێكەوەژیان و یەكتر قبووڵكردن و لێبوردەیی، هەروەها لە بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی بیری توندڕەوی و دەمارگیری و برەودان بە گیانی نیشتمانپەروەری و ئاشتیی كۆمەڵایەتی».

لە پەیامی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم هاتووە: «بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی گرنگیی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و زانایانی ئایینی بەگشتیی دەڕوانین لە قووڵكردنەوەی بنەما و بەها بەرز و مرۆییەكانی ئایینی ئیسلام و بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕۆیی و بەهێزتركردنی میانڕەوی و كولتووری بەیەكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان».

هاوكات لەگەڵ ئەم بەرزڕاگرتنەی یادەوەریی دامەزراندنی ئەم ڕێكخراوەدا، بۆ لە نزیكەوە بەشداری و پیرۆزبایی گەیاندن ئەمساڵ بەڕێز (مەلا مستەفا بارزانی- شێخ بابۆ) سەردانی بارەگای مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایانی كرد و پیرۆزبایی خۆی و سەرۆك بارزانیی گەیاندە سەرۆك و سەركردایەتیی ئەم یەكێتییە و تەواوی زانایانی ئایینی لە كوردستان، كە كاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی كوردستان لە ناو زانایانی ئایینیدا دروست كرد و، بووە هێز و پاڵپشتێكی مەزن بۆ سەربەرز هێشتنەوەی ئەم یەكێتییە لە قۆناغی ئێستای بەرخۆدان و پیشەییدا. ئەم نزیكی و پشتیوانییە لە سەركردەیەكی لێهاتووی هەڵگری نازناوی مەلا مستەفا بارزانی چاوەڕوانكراو بوو، لەبەر ئەوەی مێژووی خەباتی ماڵباتی بارزان هەر لە شێخانی بارزانەوە تا ئێستا، بەردەوام ئیسلامپەروەری و نیشتمانپەروەرییان پێكەوە گرێ داوە و بە چاوی ڕێزیشەوە لە ئایین و ئایینزا و پێكهاتە ئایینییەكانیان ڕوانیوە، بەتایبەت زانایانی ئایینی كە هەمیشە جێی بایەخ و گرنگی پێدان و ڕێزی تایبەت بوون.

هەڵبەت ئەم بەشداریكردنە دەمانباتەوە سەر خاڵێكی گرنگ، ئەویش دووبارەبوونەوەی مێژووە لە نێوان دوو مەلا مستەفای بارزانی، یەكەمیان «مەڕحوم مەلا مستەفای بارزانی»ی مەزن، كە بە سەرپەرشتی و بەشداریی ڕاستەوخۆی جەنابیان ئەم ڕێكخراوە لە 21ی9ی1970 لە گەڵاڵەی باڵەكایەتی دامەزرا و لە كۆنگرەی یەكەمدا وتەیەكی پێشكەش كرد، كە لە بەشێكی وتارەكەی دەڵێت: «من شانازی دەكەم بەوەوە كە لەناوتاندا بم ‌و یەكێك بم لێتان، هەموومان ئەركی سەرشانی خۆمان جێبەجێ‌ بكەین ‌و تەقەلا بدەین بۆ بڵاوكردنەوەی ئایینی پاكی ئیسلام، چونكە هەموومان فەرمانمان پێ‌ دراوە بەمە ‌و، پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێ‌ فەرموویەتی: هەمووتان سەرپەرشتیكاری یەكترن ‌و هەمووتان لێپرسراون دەربارەی ئەو خەڵكەی سەرپەرشتییان دەكەن».

دوومیان هەڵگری ئەم ناوی مەزن و سەركردەی لێهاتوو جەنابی مەلا مستەفا بارزانی، كە دوای تێپەڕبوونی 55 ساڵ لە تەمەنی ئەم ڕێكخراوە، بەشداریی ڕێوڕەسمی ساڵیادی كرد و لە نزیكەوە خۆشحاڵیی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت: «یەكێتیی زانایان یادگاریی جەنابی بارزانییە، بۆ من شانازییە لە خزمەتی ئێوەدا بم، ڕۆڵی یەكە یەكەی زانایانی ئایینیی قەدرگران لە مەیدانی ئایینی و پیشەیی و هەڵوێستی نیشتمانی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتیدا بەرز دەنرخێنم و پێزانینی زۆرمان بۆ ئەرك و ماندووبوونیان هەیە».

ماوەی پەنجا و پێنج ساڵە یەكێتیی زانایان لەسەرپێ وەستاوە و خاوەنی سەدان دەستكەوتی مەزنە، لە بواری ئایینی و نیشتمانی و نەتەوەییدا، چونكە قەناعەتی زانایانی كوردپەروەر هەمیشە وا بووە كە ئایین و نیشتمان لێك جیا ناكرێنەوە و گرنگە پێكەوە خزمەت بكرێن، هەروەك لە دەقی بەیاننامەی یەكێتیی زانایاندا بە بۆنەی دامەزراندنیەوە هاتووە: «ئایین و نیشتمان لێك جیا ناكرێنەوە و پاڵپشتیی هەرە گەورەش بۆ ئایندەی كوردستان ئەم ڕەهەندە گرنگەیە، لەم ڕووەوە ڕۆڵی زانایانی ئایینی لە بواری ئایینی و پیشەییدا بەرز دەنرخێنین و سوپاسی ئەرك و ماندووبوونیان دەكەین».

ئەم تێڕوانین و هەلسەنگاندن و پێزانینە، نیشانە و ئاماژەیە بەوەی یەكێتیی زانایان وەك دامەزراوەیەكی فەرمی لە چوارچێوەی ڕێكخراوێكی پیشەیی كارا و كاریگەردا جێدەستی لە خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پاراستنی بەهای دینداریی میللەتی كورددا دیارە، كە بە شێوەیەكی دروست و هاوسەنگ و میانڕەو، خزمەتی هەردوو شاباڵی ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری و، نوێنەرایەتیی زانایان بە ئاراستەی هەستی ئایینی و نەتەوەیی لە چوارچێوەی درێژەدان بە ڕێبازی زانایانی كورد وێنایەكی جوان و شایستە و لە ئاست پێویست و خواست و واقیعدا دەكات، لەم پێناوەشدا هەوڵی بەردەوامی بۆ ڕاگرتنی یەكڕیزی و تەبایی و یەكهەڵوێستی زانایانە تا بەهێزی یەكگرتوویی هەنگاو بنێت و دواجار ئەم پەیامە بگەیەنێت، كە نێوماڵی كورد تەبا بێت و پەرتەوازەیی ڕووی تێ نەكات.

رێڕەوی كاركردن و هەوڵدانی یەكێتیی زانایان درێژەدانە بە ڕێبازی گەورە زانایانی كورد، لە چوارچێوەی شرۆڤە و تێگەیشتنی دروست و زانستی بۆ دەقەكان و، بەستنەوەی دوێنێی توراسی ئیسلامی بە ئەمڕۆ و گونجان لەگەڵ پێشهات و پرسە نوێیەكاندا، هاوكات بە لەبەرچاوگرتنی ئامانجە ستراتیژییەكان، برەودان بە دینداری و پەروەردە و پاراستنی بەها ئایینی و ئەخلاقی و خێزانی و كۆمەڵایەتییەكان لەلایەك و، گەیاندنی پەیامی ئیسلامپەروەری و نیشتمانپەروەری و هزری میانڕەوی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە و ڕێزگرتن لە یەكتری و، نەهێشتنی ڕق و كینە و بیری توندڕەوی لەلایەكی دیكەوە، بە ئەرك زانیوە و كاری زۆری لەپێناودا كردووە.

زانایانی ئایینی وەك بزوێنەری ژیانی كۆمەڵایەتی و ئاراستەكردنی كۆمەڵگە، هەمیشە ڕۆڵی سەرەكییان بینیوە لە ڕۆشنبیركردن و هۆشیاركردنەوەی خەڵك بەرانبەر بە هەموو ئەو نەخۆشی و نەهامەتییانەی كە ڕوویان لە خەڵكی كوردستان كردووە، خەڵكیش بەردەوام‌ گوێیان لە ئامۆژگارییەكانی ئەوان گرتووە، وەك چۆن بینیمان زانای كورد چ ڕۆڵێكی گرنگی گێڕا لە هۆشیاركردنەوەی گەنجەكانمان بەرانبەر بە بیری توندئاژۆیی و دوورخستنەوەیان لە توندوتیژی و لادانە كۆمەڵایەتییەكان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دروستكردنی هەستی گیانفیدایی بۆ كوردستان و پاڵپشتیی پێشمەرگە و قووڵكردنەوەی گیانی نیشتمانپەروەری و ئاشناكردنیان بە ڕەوشت و ئەدەبی بەرز و دروست، هەروەها دوورخستنەوە و بێداركردنەوەیان لە دەیان دیاردەی خراپی وەك ماددەی هۆشبەر و تاوانەكانی دیكە و پیلانی ناحەزان و ئەجێندای دەرەكی، لەگەڵ ئەمەش هەوڵیان داوە، مزگەوت وێڕای ئەوەی ناوەندێكی ڕۆحی و خواپەرستییە، بیكەنە زانكۆیەكی گەورەی ڕۆشنبیری و پێگەیاندنی گەنج و لاوان و گۆشكردنیان بە باكگڕاوەندی ئایینی و، خاوەن كەسایەتیەكی دامەزراو و متمانەبەخۆ و هۆشیار و ویژدان زیندوو بەرانبەر پرسە ئایینی و نیشتمانییەكان.

ئەم تێگەیشتنە فراوانە لای میللەتی كوردیش دروست بووە، كە كار و بەرنامەی زانایانی ئایینی چەندە پیرۆز و بەجێیە و لە هەمان كاتیشدا تەنیا لە مزگەوت قەتیس نییە، بەڵكو زانایانی ئایینی وێڕای ئەوەی خەمی كۆمەڵگەیان لە كۆڵ ناوە، لە هەمان كاتدا بەشدارییەكی كارایان لە ئەنجامدانی سوڵح و ئاشتەوایی و خۆشی و ناخۆشییەكانی خەڵك و چارەسەركردنی گرفتەكانیاندا هەیە و، حوزوورێكی هەمیشەیی لە نێوان زانایان و هاووڵاتیان لە چوارچێوەی ڕەهەندی ئایینییەوە هەیە، ئەمەش وای كردووە زانایان جێی متمانەی خەڵك و كۆمەڵگە بن.

 

(*)

بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان

Top