پەیوەندییە مێژووییەكانی مەلا مستەفای بارزانی و شێخ عوسمان سیڕاجەدینی بيارە

پەیوەندییە مێژووییەكانی مەلا مستەفای بارزانی و شێخ عوسمان سیڕاجەدینی بيارە

 

 

حەزرەتی شێخ محەممەد عوسمان سیڕاجەدینی نەقشبەندی، دوا شێخی ڕاستەقینە و زانا و خاوەن پایەی نەقشبەندییەكانی هەورامانە، قسەكردن لەسەر ژیانی ئەم زاتە مەزنە چەندین پەرتوك و بابەتی بە چەندەها زمان لەسەر نووسراوە، ئەو بۆ دواجار لە بەرواری (31- 1- 1997ز) لە وڵاتی توركیا دنیای بەجێهێشت، لەم بەركوڵە كورتەدا پوختەیەك لە پەیوەندییە مێژووییەكانی جەنابیان لەگەڵ مەلا مستەفای بارزانی باس دەكەین.

یەكەم یەكتـربینینی ئەم دوو پیاوە مەزنە: مامۆستا شێخ موحسینـی موفتی،  لە پەرتووكی (بیارە، قەصری عاریفان و ئەزهەری كوردستان)دا، ل207، ئاماژەی بەوە داوە كە حەزرەتی شێخ عوسمان سیڕاجەدین نەقشبەندی بۆ یەكەمجار لە حوجرەی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای چرۆستانیدا ولە خانەقای مەولانا خالید لە شاری سلێمانی چاوی بە مەلا مستەفای بارزانی كەوتووە و لە خاكی بوون و هەڵسوكەوتی مەلا مستەفا سەرسام بووە، كە خۆی هەڵساوەتەوە و گسكی حوجرەكەی داوە! ئیتـر لێرەوە پەیوەندییان دەسپێكردووە و تا كۆتایی ژیانی هەردووكیان بەردەوام بووە.

هەر لەوێدا باس لەوە دەكات كە حەزرەتی شێخ عوسمان سیڕاجەدین هەموو جارێك بە محەببەتەوە باسی خانەوادەی مەڕحومی شێخ عەبدولسەلامی یەكەمی بارزانی دەكرد، كە ئەوانیش لە مەولانا خالیدی نەقشبەندییەوە تەریقەتیان وەرگرتووە، و ئەو پەیوەندییە بەردەوام بووە تا سەردەمی مەلا مستەفای بارزانی و دواتریش سەرۆك مەسعود بارزانیش بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ شێخی سیڕاجەدین و چەندین نامە لە نێوانیاندا گۆڕدراوەتەوە، كە شێخی سیڕاجەدین بە دەقی (بۆ برازای خۆم ....) نامەكانی دەستپێكردووە وسەرۆك مەسعود بارزانیش بە دەقی (بۆ جەنابی مامی بەڕێزم ....) دەروازەی قسەوباسی كردۆتەوە، واتە یەكتریان بە مام و برازا هەژمار كردووە، وەك لە چەندین نامەدا ئەم دەستەواژانە دووبارە بوونەتەوە، كە لە پەڕتووكی ناوبراودا بڵاوكراونەتەوە.

ئەم پەیوەندییەیش زۆر لەمێژینەیە و (مامۆستا مەلا عەبدولسەلام محەممەد نەبی بێتواتەیی) كە هاوڕێی مەلا مستەفا بووە بۆ ڕێڕەوە مێژووییەكەی بۆ یەكێتیی سۆڤیەت دەگێڕێتەوە ودەڵێت: كە گەیشتینە شاری بوخارا مەلا مستەفا داوای كرد كە پێكەوە بچینە زیارەتی (حەزرەتی شاهی نەقشبەند!) واتە دامەزرێنەری تەریقەتی نەقشبەندی!!

مژدەی حەزرەتی شێخ عوسمان سیڕاجەدین بە گەیشتنی كورد بە مافەكانی خۆی لە سەردەمی  كوڕانی مەلا مستەفای بارزانیدا:

مامۆستا مەلا محەممەدی بوداغی دەگێڕێتەوە كە مەلا مستەفای بارزانی خەونێك دەبینێت زۆر پێی سەرسام دەبێت، ناچار بۆ لێكدانەوەی خەونەكە (مەلا حەسەنی شاخی) دەنێرێت بۆ (ئاوایی دووڕۆ) بۆ خزمەتی جەنابی شێخ عوسمان سیڕاجەدینی نەقشبەندی بۆ لێكدانەوەكەی، مەلا حەسەنیش دەڕوات و خەوەكە دەگێڕێتەوە بۆ جەنابی شێخ عوسمان سیڕاجەدین، و شێخیش لە وەڵامیدا ئەم بەسەرهاتە دەفەرموێت: لە زەمانی حەزرەتی موسادا (سەلامی خوای لەسەر بێت) پیاوێك دەبێت چەندین ساڵ چاوەڕوانی ئەوە دەكات خوای گەورە منداڵێكی پێ‌ ببەخشێت، و زۆر شەیدا و تامەزرۆی منداڵ دەبێت، بەڵام سوودی نابێت وهەروا بێ‌ منداڵ دەمێنێتەوە، جا كابرا چووە خزمەتی حەزرەتی موسا وگوتی: قوربان تۆ كەلیموڵڵای، واتە: لەگەڵ خوای گەورەدا قسە دەكەیت، ئەم دۆخە ناسازەی من لە خزمەتیدا باس بكە و بزانە منداڵ لە چارەمدا نووسراوە، یان نا... و حەزرەتی موسایش سكاڵای كابرای گەیاندە خزمەتی پەروەردگار و پەروەردگاریش فەرمووی: لە ناوچاویدا منداڵ نەنووسراوە و بە تەمای نەبێت، و حەزرەتی موسایش وەڵامەكەی بۆ كابرا هێنایەوە! وكابرا زۆر ژیر وخۆڕاگر بوو.. بیری كردەوە و گوتی: من تەقدیری خوام بۆ ناگۆڕدرێ‌ بەڵام دەكرێت خودا خۆی تەقدیری خۆی بگۆڕێ‌، بێ‌ ئومێد نەبوو، هاتەوە لە سەرە ڕێیەكدا چێشتخانەیەكی گەورەی دروستكرد، هەركەس بهاتایە بێ‌ بەرامبەر نانی دەخوارد و كە دەیگوت، چەند دەكات؟ لە وەڵامدا دەیانگوت: هەقەكەی بەس ئەوەندەیە دوعایەك بكەیت بۆ خاوەنەكەی، كە پەروەردگار كوڕێكی بداتێ‌! ساڵ هات و ڕۆیشت ڕۆژێكیان كابرایەكی پیر وشڕۆڵە و هەژار هات، زۆر برسی بوو نانێكی باشی خوارد، كە ویستی پارەكەی بدات، هەمان شتیان پێگوت، بەڵام ئەو ئامادە نەبوو هیچ دوعایەك بكات، و ئەمیش بە هیچی تر لێی قایل نەبوو، جا كابرا زانی كە ئەمە یەكێكە لە پیاوچاكە گەورەكان، كابرای خاوەن چێشتخانە سوێندی بۆ خوارد لە ڕۆژی پەسڵاندا گەردنی ئازاد ناكات، ئەگەر ئەو دوعایەی بۆ نەكات، تا دواجار ناچاری كرد وئەویش سەری بەرز كردەوە بۆ پەروەردگاری و فەرمووی:(ئەرێ‌ خوا گیان لە خەزێنەت كەم دەبێتەوە منداڵێك بەم پیاوە بدەیت؟!)، ئەو ڕۆیشت و ساڵی تەواو نەكرد كابرای بێ‌ منداڵ بە منداڵێكی لەدایكبووەوە ڕۆیشتەوە بۆ خزمەتی حەزرەتی موسا، و گوتی: قوربان تۆ وات وت و خۆ ئەمە منداڵی منە ئابزانە وایە؟ حەزرەتی موسایش ڕۆیشتەوە بۆ خزمەتی پەروەردگار و ئەم باسەی كرد، خوای گەورە فەرمووی: قسەكەی تۆیش ڕاست بوو كە كاتی خۆی وەرتگرت و ئەو منداڵەیش تەواوە، ئەوە منداڵی ئەوە، بە ڕاستی ماوەیەك بوو پیاوچاكێكی خۆمان لێمان عادز ببوو، و سوێندی خواردبوو تا ماوە هیچ داوایەكمان لێ‌ نەكات، و منیش خۆشم دەویست، هەرچەندە لە چارەی كابرادا منداڵ نەنووسرابوو لە بەر خاتری ئەو پیاوچاكە بۆمان نووسی و ئەومان كرد بە خاوەن كوڕ و پیاوچاكەكەی خۆیشمانمان ئاشتكردەوە، و منداڵبوونی ئەو پیاوەم بەستبوویەوە بە دوعایەكی ئەو پیاوچاكەی خۆمەوە ..... هەڵگری نامە لەم لێكدانەوەیە تێنەگەیشت و وایزانی كە بێ‌ وەڵام دەگەڕێتەوە بۆ لای مەلا مستەفای بارزانی، بەڵام دوای ئەوەی گەیشتەوە بارەگای بارزانی و ئەم چیرۆكەی بۆ مەلا مستەفا گێڕایەوە، دەڵێت: مەلا مستەفا ماوەیەكی زۆر سەری داخست ومات بوو، لە پاشان سەری هەڵبڕی وفەرمووی: ئەمە لێكدانەوەی خەونەكەیە، وحەزرەتی شێخ دەفەرموێت: (ئەو وەجاخ كوێرە كوردە! بەڵام هیوا بڕاو مەبە، مەلا حەسەن! ئێوە بە ئاوات دەگەن وكورد ڕزگاری دەبێت و بە مافی خۆی دەگات، و وەڵامەكەی شێخ ئەمەیە، دەفەرموێت: بۆ ئەولادی تۆ دەبێت، بەڵام تۆ نایبینیت!!)، ئەمە ئەو مژدەیەیە كە نزیكەی پەنجا ساڵ لەمەوبەر خواناسی گەورە حەزرەتی شێخ عوسمان سیڕاجەدین بەم گەلە بەشمەینەتەی داوە و ئێستا ئێمە چەند ساڵێكە لە كوردستانی ئازاددا زۆر لەو دەسكەوتانەمان لەسەر دەستی ئەولادەكانی ئەو دیوە، و دەكرێ‌ و كراویشە ڕیفراندۆمیش وەك تاپۆیەكی ڕەشی مێژوویی و بەڵگەنامەیی مافی گەلی كورد هەر لە چوارچێوەی ئەم تەعبیرە زانایانە و خواناسانەدا جێگا بكەینەوە.

هەروەها لە دووتوێی ئەو پەڕتووكە نایابەدا باسی ئەوەیشی تیادایە كە لە دانانەوەی سەرۆك مەسعود بارزانیشدا بۆ جێگەداری باوكی، مەلا مستەفای بارزانی پرس و ڕاوێژی بە جەنابی شێخ عوسمان سیڕاجەدین كردووە، و بەندەیش شایەتی ئەوەم كە جەنابی باوكم (مامۆستا مەلا ئەحمەدی، ئەحمەدئاوا - هەواداری زۆر موخڵیسی مەلا مستەفای بارزانی لە ناوچەی هەورامان و شارەزوور).. كە بۆ یەكەمجار لە ساڵی (1989) لە ڕاژان چاوی بە سەرۆك مەسعود بارزانی كەوتبوو، تا دوای ڕاپەڕینیش چەند جارێك بینی.. هەمیشە دەیفەرموو: كوڕم نەدیوە هێندەی كاك مەسعود لە باوكی بچێ‌!

مامۆستا مەلا ئەحمەد، كە موریدێكی زۆر بێ‌ ئەندازە موخڵیسی شێخانی بیارە وبە تایبەتی حەزرەتی شێخ عوسمان سیڕاجەدین بوو، تەنها هۆكاری ئەو ئیخڵاسەی بۆ مەلا مستەفای بارزانی، نیازپاكی مەلا مستەفا و بنەماڵەكەی بوو دەربارە بە شێخانی بیارە، و تەنانەت لە كاتی هەڵبژاردنەكانی ساڵی (1992)دا، خەڵكی هان دەدا و دەیفەرموو: دەنگ بە بنەماڵەی بارزانی بدەن، چونكە حەزرەتی شێخ فەرموویەتی: با ئەوەی منی خۆش دەوێت ڕەئی بدات بە مەسعود بارزانی، چونكە لەژێر دەسەڵاتی ئەو و بنەماڵەكەیدا دین و ئەخلاقتان پارێزراوە، شیاوی باسە لەو كاتەدا حەزرەتی شێخ هێشتا لە ژیاندا بوو، و نیشتەجێی وڵاتی توركیا بوو.. ئەوەیشم بیر دێتەوە كە ڕۆژێكیان هەر لەو ساڵەدا و یان ساڵی دواتر سەرۆك مەسعود بارزانی سەردانی ناوچەی هەڵەبجە و هەورامانی كرد، و بە تایبەتی ڕۆیشتە سەردانی خانەقای بیارە ومەزاری پیرۆزی شێخانی هەورامان، و باوكیشم لەوێ‌ ببوو، و تەشریفی هاتەوە بۆ ماڵەوە و فەرمووی: ئەمڕۆ هوتافێك كێـشراوە لە خانەقادا و لەكاتی هاتنی كاك مەسعوددا هەموو ڕۆحی تەنیبووم و موچركە ئەهات بە لاشەمدا، هێندە هوتافەكەم بە لاوە شیرین بوو، وتمان قوربان چیبوو؟ فەرمووی: ئەو خەڵكە هەموو هاواری دەكرد:

كاك مەسعود بە وەفایە میوانی خانەقایە

مەبەستی وەفاداریی بنەماڵەی بارزانی بوو هەر لە شێخ عەبدولسەلامەوە تا مەلا مستەفا و تا سەرۆك مەسعود بارزانی كە دەستاودەست ئەو وەفایەیان بۆ خانەوادەی بیارە گواستۆتەوە.

بۆ مێژوویش دەڵێم: لە ئێستایشدا جەنابی (دكتۆر شێخ مادیح – ئەڕشەدی ئەولادی حەزرەتی شێخ)، كە جاروبار تەشریف دێنێتەوە بۆ كوردستان لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە زۆر ڕێزی لێدەگیرێت، و لە دواین دیداریشیدا كاك سیداد بارزانی بە نوێنەرایەتیی جەنابی سەرۆك، لە شوێنی تایبەتیی جەنابی دكتۆردا، چووە سەردان و بەخێرهێنانەوەی.

 

Top