هۆزان حەیدەر قادر: پشتگیری هاوژینەكەم و خەونەكانی من وای كرد هەوڵ بۆ ئیشەكەمان بدەین
هۆزان حەیدەر قادر ئافرتێكی گەنج و چالاكی شاری هەولێرە و خاوەنكاری خۆیەتی و ئیشەكەی بریتییە لە دیزایین كردنی وێنە لەسەر جلوبەرگ، كە لە ڕێگەی كۆمپیوتەرەوە بەپێی خواستی كڕیارەكانی ئەنجامی دەدات.
هۆزان حەیدەر قادر ساڵی 1999 لە شاری هەولێر لە دایك بووە و هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمە لە بەشی وەرگێڕان، لە گفتوگۆیەكدا ئەزموون و وردەكاری كارەكەی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باس دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«بە حوكمی ئەوەی دەرچووی بەشی وەرگێڕانم و حەزم بۆ وەرگێڕان و فێربوونی زمان زۆرە لە ئێستادا چوار زمان دەزانم، سەرەتا كە خوێندنم تەواو كرد بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك وانەی ئینگلیزیم دەگووتەوە، پاشان هاوسەرگیریم كرد و دوای ئەوە چەند كارێكی دیكەم كرد، نموونەی بەشی سۆشیال میدیا، ڕاستە خۆم حەزم لە زمان زانینە بەڵام زیاتر خۆم لەناو بواری سۆشیال میدیادا دەبینمەوە، بە تایبەت لە لایەنی ڤیدیۆ دروست كردن و چاك كردن و بیرۆكەی ڤیدیۆ دروست كردن.
ئیشەكەی من بریتییە لە دیزایین كردنی ئەو وێنەیەی كە كڕیارەكانم دەیانەوێت، واتە لەسەر خواستی خەڵك جلوبەرگەكان دروست دەكەین و پشت بە جلی ئامادەكراو نابەستین، ئینجا پێویستیمان بە پرێنت و بە دوورمان هەیە جۆری دوورمانەكەش كۆمپیوتەرە نەك مەكینەی ئاسایی.
ئیش بۆ خەڵكی ئاسایی و بۆ خاوەن ئیشەكانیش دەكەین بۆ نموونە لۆگۆی كۆمپانیا یان ڕێستورانت یان قوتابخانەكان لەسەر جلوبەرگەكان دروست دەكەین».
سەبارەت بە ئەركی دایكایەتی و كاركردن و بزنسكردن دەڵێت: «ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ئەركی دایكایەتی و ماڵداری و كاركردندا بەڕاستی زۆر قورسە، بەڵام ئەگەر شتێكت بوێت و ئامانجێكت هەبێت دەبێت هەوڵی بۆ بدەیت، ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگییە لای من بەراورد بە ئافرەتانی دیكە قورس ترە، چونكە هیچ كەسێكم لێ نزیك نییە تاوەكو لە لایەنی دایكایەتییەوە یارمەتیم بدەن، بۆ زانیاریتان ئەو ئیشەی من زۆر زۆر قورسە بە تەنیا پێم ناكرێت چونكە كارەكە زۆر وردە لەبەر ئەوە خۆم و هاوسەرەكەم بەیەكەوە ئیش دەكەین، بەڵام بە تەنیا خۆم دەردەكەوم».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا لە سەرەتای دەركەوتنت ئەو ڕێگری و بەربەستانە چی بوون كە هاتنە سەر ڕێگەی دەركەوتنت؟ دەڵێت: «سوپاس بۆ خوا لە ڕووی ئیشكردنەوە ڕێگرییەكی وا نەبوو، هەرچەندە خێزانەكەم زۆر داخراون بەڵام هاوسەرەكەم جیاواز بوو، پشتگیری هاوژینەكەم و خەونەكانی من وای كرد هەوڵ بۆ ئیشەكەمان بدەین، نەوەك هەوڵی ڕازی كردنی دڵی ئەم و ئەو بدەین، ئێستاش سوپاس بۆ خوا دەوروبەرمان هەموو لەگەڵ كاركردنی من ڕاهاتوون و كەس كێشەی نییە.
هۆزان حەیدەر لە درێژەی قسەكانیدا باس لە هۆكاری كاركردنی لەو بوارەدا دەكات و لەمبارەیەوە گوتی: «خەونی هەبوونی بڕاندێكی جلی جیاواز هانیدام كە ئەو كارە تاقی بكەمەوە و دەرەنجام سەركەوتوو بووم، زۆر گەڕاین چ شتێك لێرە دەگمەنە تاوەكو كاری تێدا بكەین، لە كۆتاییدا ئەوەمان هەڵبژارد، ئەو بوارە بوارێك بوو دەتوانم بڵێم یەك دوو كەس لە كوردستان ئەو كارەیان تاقی كردبووەوە بەڵام نەناسێندرا بوو، پاش ئێمە دەیان كەسی دیكە هاتنە ناو بوارەكە و خۆشمان زۆر كەسمان فێر كرد».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە كاركردنی كچان و ئافرەتان بۆ ئەوەی خاوەن داهات و گیرفانی خۆیان بن تاچەند بەپێویست دەزانیت؟ ئەو گوتی: «گرنگە هەموو خانمان هەوڵ بۆ خەون و خولیا و ئامانجەكانیان بدەن، لەوە گرنگ تر خاوەن داهاتی خۆیان بن، تا لە هەموو ڕووێكەوە پارێزراو بن و پێویستیان بە یارمەتی كەس نەبێت، بەلام گرنگیشە لە كاتی گونجاو كار بكەن و لە كاتی دایكایەتیدا نەیكەن، لەبەر ئەوەی هەندێك جار لە ڕووی دەروونی و جەستەیی ماندوو دەبن».
