پرۆفیسۆر ئێمیلی ئێم بەندەر پڕۆفیسۆر ئێمیلی ئێم. بەندەر، پسپۆڕ و تایبەتمەند لە پەیوەندیی نێوان زمان و تەكنەلۆژیا بۆ گوڵان: زیرەكیی دەستكرد مەترسیی داگیركردنی دیجیتاڵی لەسەر زمانی نەتەوە بچووكەكان دروست دەكات
پڕۆفیسۆر «ئێمیلی ئێم. بەندەر»، یەكێكە لە دیارترین پسپۆڕەكانی بواری زمانەوانیی كۆمپیوتەر و كاریگەرییە كۆمەڵاتییەكانی بواری تەكنەلۆژیای زمان، لە ماوەی كاركردنی ئەكادیمیدا ڕۆڵێكی سەرەكیی بینیوە لە تێگەیشتنمان لە پەیوەندییەكانی نێوان زمان و تەكنەلۆژیا. یەكێكە لەو دەنگە ڕاشكاوە ڕەخنەگرانەی كە دژی زیادەڕۆیی بووە لە پڕۆپاگەندە بۆ مودێلە گەورەكانی تەكنەلۆژیای زمان (LLMs) و مەترسییەكانی زیرەكیی دەستكردی دروستكەر (generative AI)، بە تایبەتیش كە یەكێك لە نووسەرانی توێژینەوە بەناوبانگەكەی لەسەر «مەترسییەكانی مودێلی زمانە گەورەكان» بووە، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی فرەچەشنیی زمانەوانی و خۆپاراستن لە «داگیركاریی دیجیتاڵی» كردووەتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم مەترسییانە كە بێگومان زمان و كەلتووری كوردیش لەو مەترسییانە بەدەر نییە، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ ئەنجام دا.
* یەكێك بوویت لەو ڕەخنەگرانەی كە زۆر ڕاشكاوانە هۆشداریت داوە سەبارەت بە زێدەڕۆیی لەسەر پیشاندانی مودێڵی زمانە گەورەكان «LLMs»، كاتێك گوێ لە سیاسەتمەداران و بەرپرسانی بواری تەكنەلۆژیا دەگرین، باس لەوە دەكەن كە زیرەكیی دەستكرد دەبێتە كلیلی «شۆڕشێكی تازەی پیشەسازی» ئایا كام لەم قسانە بە بەڵێنێكی ڕاستەقینە دەزانیت؟ ئەو بانگهێشتانە چین كە پێویستە گومانی زیاترمان بۆ دروست بكات؟
- بەڵێنی ڕاستەقینە «زیرەكیی دەستكرد» نییە، بەڵكو خۆكاركردنە «automation»، ئەمەش واتە ئەم سیستمانە بەبێ دەستتێوەردان و چاودێریی مرۆڤ توانای ئەوەیان دەبێت بە شێوەیەكی خۆكارانە كۆمەڵێك ئەرك لەیەك كاتدا ئەنجام بدەن، وەك «پۆلێنكردنی زانیاری، كورتكردنەوەی دەق، یان دروستكردنی دەق و وێنە بەپێی داواكاری»، كاتێك ئەم سیستمە بە وریاییەوە دیزاین بكرێن و هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، دەكرێت سوود بە مرۆڤ بگەیەنن، بەڵام هەموو ئەو بانگەشە گەورانەی باس لە «شۆڕشێكی پیشەسازیی نوێ» دەكەن، بە پشتبەستن بە زیرەكیی دەستكرد، دەبینین زیدەڕۆیی زۆری تێدا كراوە، لەبەر ئەوەی ئەو جۆرە بانگهێشتانە ڕێگە نادات ئەو ڕاستییانە ببینین، كە كێ لەم گۆڕانكارییە گەورەیە سوودمەند دەبێت و چ لایەكیش دەبێتە قوربانی، بۆیە بە باشی دەزانم خۆمان لەوە بە دوور بگرین كە ئامێرەكان وەك «anthropomorphize» مرۆڤ كار بكەن، واتە نابێت سیستمی زیرەكیی دەستكرد وەك بوونەوەرێكی ژیری خاوەن هەست و هۆش مامەڵەی لەگەڵ بكەین، پێویستە قسە لەسەر خۆكاركردنی «automation» بكەین، نەك زیرەكیی دەستكرد، ئەمە لەبەر ئەوەی ئەم سیستمانە و ئەو زمانەی بەكاری دەهێنن، كاریگەرییەكی زۆری لە سەر داڕشتنی سیاسەت و یاساكان دەبێت، بۆیە ئەگەر وەك بریكارێكی زیرەك مامەڵە لەگەڵ سۆفتوێردەكان بكەین، ئەوا زیاتر دەكەونە خزمەتی ڕێكلامی بازرگانیی هەڵخەڵەتێەر و نەهێشتنی بنەما ئەخلاقییەكان «ethics-washing» ، ڕاشكاوانەتر واتە تەنیا جەخت لەسەر لایەنە ڕیكلامییەكەی دەكرێتەوە و ئەو دەرهاویشتانەی دەبنە هۆكاری كێشە كۆمەڵایەتی و ئاكارییەكان فەرامۆشیان دەكەین.
* لە ئێستادا دەوڵەتان لە هەوڵی ئەوەدان كە سیستمێك بۆ زیرەكیی دەستكرد دابنێن، لەوانە هەوڵەكانی یەكێتیی ئەوروپا بە دانانی یاسایەك بۆ زیرەكیی دەستكرد «AI act»، هەروەها چین و ئەمریكا هەریەكەو ئەولەوییەتی تایبەتی خۆیان بەرانبەر بە زیرەكیی دەستكرد هەیە. ئایا كام شێوازی بەڕێوەبردنی جیهانی بۆ زیرەكیی دەستكرد واقیعییانە دەبێت؟ ئایا دەبێت چاوەڕێی كام مەترسییانە بكەین ئەگەر جیهان بە شێوەیەكی دابەشبوو و یەكنەگرتوو مامەڵە لەگەڵ زیرەكیی دەستكرد بكات؟
- شێوازێكی واقیعییانە بۆ ڕێكخستنی سیستمەكانی زیرەكیی دەستكرد نابێت، لەوەی كە هاوپەیمانییەكی گەورە بێت، كە هەموو شتێك بگرێتەوە. لەبری ئەوە دەبێت شێوازێك بێت كە یاسای توند لە چوارچێوەیەكی ڕاشكاوانەی كاركردن دیاری بكات، ئەم یاسایانە دەبێت كۆمپانیاكان پابەند بكەن، بە چەند بنەمایەكی دیاریكراوەوە وەك «پێوەرەكانی سەلامەتی»، ئەمەش واتە دەبێت لەوە دڵنیا بین كاتێك سیستمی زیرەكیی دەستكرد بەكار دەهێنین، سەلامەتن و زیان بە مرۆڤ ناگەیەنن، هەروەها دەبێت دڵنیا بین لەوەی داتاكان و زانیارییە كەسییەكان بە شێوەی خراپ بەكار ناهێنرێن، هەروەها ئەوە ڕەچاو كرابێت، كە زیرەكیی دەستكرد كاریگەریی نەرێنی لەسەر هەلی كار نابێت و مافی كرێكاران دەپارێزێت، لەمەش زیاتر دەبێت چاودێریی تایبەت سەبارەت بەو سێكتەرە جیاوازانە هەبێت كە زیرەكیی دەستكردی تێدا بەكار دەهێنرێت، وەك «چاودێریی تەندروستی، كاروباری دارایی، یان گواستنەوە». هەر بۆیە ئەگەر بنەماكانی ڕێكخستنی هۆشی دەستكرد یەكگرتوو نەبێت، وەك ئێستا كە هەر لایەك «ئەوروپا و ئەمریكا و چین» بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ بكەن، ئەوا گەورەترین مەترسی كە دروست دەبێت، ئەوەیە كە كۆمپانیاكان شوێنی لەبار «forum-shop» بدۆزنەوە و ئەو شوێنە هەڵدەبژێرن بۆ پەرەپێدانی زیرەكیی دەستكرد، كە كەمترین یاسا و ڕیسای هەیە كە زیرەكیی دەستكرد سنووردا بكات. ئەوەی لێرەدا پێویستمان دەبێت شێوازێكە لە ڕێڕەوەی پارێزەری كارپێكراو و بەربەستی هاوبەش هەیە بۆ ئەوەی خۆمان لەو مەترسییانە دووربخەینەوە وەك «دیكۆمێنتكردنی شەفاف»، ئەمەش بەو مانایەی دەبێت هەموو سیستمێكی زیرەكیی دەستكرد بزانرێت چۆن دیزاین كراوە و چۆن كاردەكات. دەبێت بواری ئەوە هەبێت پشكنینی ورد بۆ سیستمەكە بكرێت بۆ ئەوەی لەوە دڵنیا بین ئەم سیستمە لەكاتی كاركردنی پابەندە بەو یاسا و ڕێسایانەی بۆی دانراوە. دانانی بەرپرسیاریەتی، ئەمە بە مانای ئەوەی ئەگەر لە كاتی بەركاهێنانی سیستمێكی زیرەكیی دەستكردا زیانێكی لێكەوتەوە، ئەوا دەبێت ئەو كەسانەی ئەو سیستمەیان دیزاین كردووە، بەرپرسیار بن بەرانبەر ئەو زیانانەی كە سیستمەكە داویەتی و بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
* یەكێك بوویت لە نووسەرانی ئەو توێژینەوە گرنگە سەبارەت بە «مەترسییەكان مۆدێلە گەورەكانی زمان - On the Dangers of Stochastic Parrots»، هەروەها خۆت داهێنەری چەمكی لاساییكردنەوەی تووتییانەی «Stochastic Parrots» بۆ فێركردنی ئامێری زمانە گەورەكان و بەوەی ئەو ئامێرانە لاسایی دەكەنەوە، بەبێ ئەوەی لە زانیارییەكات تێبگەن. ئایا لە دۆخی جیۆسیاسیی ئەمڕۆدا مەترسییە ئەمنییە هاوبەشاكانی زیرەكیی دەستكردی دروستكەر «generative AI» كامیان بە ترسناكتر دەبینی، بۆ نموونە بڵاوكردنەوەی زانیاریی هەڵە، یان بەكارهێنانی بۆ هێرشی سایبەری، یان نەهێشتنی متمانە بە دامەزراوەكانی دەوڵەت؟
- سرووشتی مۆدێلە گەورە زمانییەكان «LLMs» بزوێنەری پێشبینیكردنی وشەی داهاتوون، كە لەسەر بڕێكی زۆر دەق ڕاهێنراون. ئەوان دەتوانن زمانی زۆر ڕەوان و سرووشتی دروست بكەن، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە ئەم زمانە «بێ بنەما»یە. واتە، سیستەمەكە بەڕاستی لە مانای قسەكانی تێناگات بە شێوەی مرۆڤ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە سیستەمەكە تەنیا لەسەر بنەمای پەیوەندیی نێوان وشەكان كاردەكات كە لەو دەقانەوە فێری بووە، نەك لە تێگەیشتنێكی ڕاستەقینە لە جیهان، یان ئەو زانیارییانەی دروستی دەكات، ئەمەش جۆرێك لە ناتەبایی دروست دەكات. ڕاشكاوانەتر ئەم جیاوازییەی نێوان ڕەوانیی زمان و نەبوونی مانای ڕاستەقینە، چەند مەترسییەكی ئەمنی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، هەروەها توانای LLMs بۆ دروستكردنی دەق و زانیاریی ڕەوان و باوەڕپێكراو، بەڵام هەڵە، یان چەواشەكار، بە قەبارەیەكی زۆر دەبێتە مەترسییەكی گەورە بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاریی درۆ و چەواشەكاری، لە هەمان كاتدا زیرەكیی دەستكرد توانای ئەوەشی هەیە كە «كەسایەتیی ساختە» بەكار بهێنرێن لە ئینتەرنێتدا، بۆ مەبەستی خراپ وەك فێڵكردن، یان كاریگەری خستنە سەر ڕای گشتی، لەمەش زیاتر توانای دروستكردنی پەیام و ئیمەیڵی زۆر ورد و بڕواپێكراوی هەیە و دەتوانێت هێرشەكانی ئەندازیاریی كۆمەڵایەتی كاریگەرتر بكات، بەمەش خەڵك زیاتر دەتوانرێت هەڵبخەڵەتێنرێت بۆ ئەوەی زانیاریی هەستیار بدەن، یان كردارێكی دیاریكراو ئەنجام بدەن. یان كاتێك هۆشی دەستكردی دروستكەر بە شێوەیەكی فراوان بەكار دەهێنرێت بۆ دروستكردنی ناوەڕۆك، جیاكردنەوەی ناوەڕۆكی ڕاستەقینە و دروستكراو زۆر قورس دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی داخوڕانی متمانەی گشتی بە سەرچاوەكانی زانیاری و دامەزراوەكان، بۆ ڕێگرتن لەم مەترسییانە دەبێت دروستكەرانی سیاسەت هەڵوەستە لەسەر ئەم خاڵانە بكەن، وەك «بەڕێوەبردنی پلاتفۆرمەكان، بەهێزیی دامەزراوەكان، دیاریكردنی بەرپرسیاریەتیی كۆمپانیاكانی زیرەكیی دەستكرد بەوەی پابەندیی ئەخلاقی و یاسایان هەیە، بەڵام پەنابردن بۆ ئەوەش كە بە شێوەیەكی گشتی زیرەكیی دەستكرد قەدەغە بكرێت و لێی دوور بكەینەوە، ئەوا ئەمە گونجاو نییە و توێژینەوە و داهێنانەكان سنووردار دەكات، بۆیە دەبێت جەخت لەسەر ڕێكخستنی بەكارهێنانی سیستمەكە و دیاریكردنی بەرپرسیاریەتیی كۆمپانیا گەورەكان بكەینەوە.
* زۆر جاران بەو شێوەیە سەیری زیرەكیی دەستكرد دەكرێت، كە بزوێنەری پەرەپێدانی ئابووری وەك سەرچاوەی نایەكسانیی كۆمەڵایەتی لە جیهاندا وێنا دەكرێت، ئایا وای دەبینی كە سوودەكانی داهێنانی زیرەكیی دەستكرد بەسەر هەموو جیهاندا دابەش دەبێت، یان ئەو سیناریۆیە دێتەئاراوە كە دەوڵەتە دەوڵەمەندەكان قازانجی ئەو داهێنانە قۆرخ بكەن و دەوڵەتانی تازە پێشكەوتووش تەنیا باجی مەترسییەكانی بدەن؟
- بەبێ دەستتێوەردان، یان نەبوونی چوارچێوەیەك بۆ ڕێكخستنی زیرەكیی دەستكرد، ئەوا سوودەكانی بە شێوەیەكی سرووشتی و یەكسان دابەش نابن. لەبری ئەوە، ئەم سوودانە كۆدەبنەوە و دەچنە گیرفانی ئەو لایەنانەی كە كۆنتڕۆڵی سێ شتی سەرەكی دەكەن «داتا، توانای كۆمپیوتەر، ئەو پلاتفۆرم و كەناڵانەی تەكنەلۆژیای زیرەكیی دەستكردی تێدا بەكاردەهێنرێت و دەگەنە دەستی خەڵك». ئەمە بە واتای ئەوە دێت كە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی تەكنەلۆژیا و وڵاتە دەوڵەمەندەكان كە خاوەنی ئەم سەرچاوانەن، سوودە هەرە زۆرەكە دەبینن. لە بەرانبەر سوودە قۆرخكراوەكان، زیان و كاریگەرییە نەرێنییەكان، لەسەر ئاستی فراوان بڵاو دەبنەوە و هەموو كەسێك، یان زۆرینە باجی دەدات. ئەم تێچووانەش بریتین لە «نەمانی تایبەتمەندێتی، ناسەقامگیریی كار، زیانی ژینگەیی، ڕێگە نادات كۆمپانیای بچووك، یان دەوڵەتانی تازەپێگەیشتوو بەشداری لە پەرەپێدان و داهێناندا بكەن». ئەمە پێمان دەڵێت دابەشكردنی سوودەكانی زیرەكیی دەستكرد بەسەر جیهاندا هەر لەخۆیەوە ڕوو نادات، پێویستی بە سیاسەتی كێبڕكێ هەیە لەنێوان كۆمپانیاكان، توێژینەوەی هاوبەش لەسەر سوودی گشتیی زیرەكیی دەستكرد و بونیادنانی ژێرخانێكی هاوبەش لەسەر ئاستی جیهان.
* زۆربەی مودێلەكانی زیرەكیی دەستكرد لەسەر زمانی ئینگلیزی و چەند زمانێكی دیكەی باڵادەست لە جیهاندا دروست دەكرێن. ئێوە چۆن سەیری داهاتووی فرەچەشنیی زمانەكان لە سیستمی زیرەكیی دەستكرد دەكەن؟ ئایا باڵادەستیی ئەو ژمارە كەمەی زمانەكان مەترسیی داگیركاری دیجیتاڵی «digital colonialism» دروست ناكەن، بەتایبەتی كە نوێنەرایەتیی زمانە بچووك و پەراوێزخراوەكان لەناو ئەم سیستمە تازەیە بوونی نەبێت؟
- بەو تەكنەلۆژیا زمانەوانییانەی كە سەرەتا گرنگی بە ئینگلیزی دەدەن و لەسەر ئەو زمانە دروست دەكرێن، زمانە گەورەكان بەهێزتر دەبن و زمانە بچووكەكان زیاتر پەراوێز دەخرێن، ئەمەش نایەكسانییەكی قووڵ لە دەستگەیشتن و كاریگەریی تەكنەلۆژیدا دروست دەكات. هەر بۆیە ئەگەر زمانە بچووكەكان وەك «شتێكی لاوەكی» سەیر بكرێن و بایەخی پێویستیان پێ نەدرێت لە پەرەپێدانی زیرەكیی دەستكرددا، ئەوا مەترسیی «داگیركاریی دیجیتاڵی» سەرهەڵدەدات. ئەم چەمكە چەند لایەنێكی مەترسیداری هەیە: وەك:
* قسەكردن و گفتوگۆ و بیروڕای ناوخۆیی وڵاتێك، یان كۆمەڵگەیەك ناچار دەبێت لە ڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییە بیانییەكانەوە ئەنجام بدرێن. ئەمەش وادەكات زمان و كەلتووری خۆجێی پاشكۆ بێت.
* ئەو نۆرمە كەلتووری و كۆمەڵایەتییانەی كە تایبەتن بە كۆمەڵگەیەك، لەوانەیە بسڕێنەوە، یان بگۆڕدرێن بە هۆی ئەو دیزاین و بژاردانەی كە كۆمپانیا بیانییەكان لە بەرهەمەكانی زیرەكیی دەستكرددا دەیكەن، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر ناسنامەی كەلتووری وڵاتان دەبێت.
* چارەسەری ئەم مەترسییانە بەوە دەبێت كە پەرەپێدانی تەكنەلۆژیاكانی زمان و زیرەكیی دەستكرد بۆ زمانە بچووكەكان، لەلایەن كۆمەڵگەی خۆیانەوە سەركردایەتی بكرێن و بڕیاریان لەسەر بدرێت، ئەمەش دڵنیایی دەدات كە تەكنەلۆژیاكان بە شێوەیەكی ڕاستەقینە پێداویستییە ناوخۆییەكان جێبەجێ دەكەن و ڕێز لە نۆرم و كەلتووری خۆجێی دەگرن.
* زۆرێك لە حكومەتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری جیهان وەبەرهێنانێكی زۆر لە زیرەكیی دەستكرد (AI) دەكەن بۆ بواری حوكمڕانی، تەندروستی و ئاسایش. ئایا دەبێت ئەم وڵاتانە لە چ ڕوویەكەوە بە هەستیاری مامەڵە بكەن، كاتێك سیستەمەكانی هۆشی دەستكرد بە پلەی یەكەم لە سیلیكۆن ڤالی، یان چین دروست كراون هاوردەی وڵاتانی خۆیانی دەكەن؟
- ئەم وڵاتانە دەبێت زۆر وریای ئەو سیستەمانە بن كە هاوردە دەكرێن كە بە مەبەستی «یەك قەبارە بۆ هەمووان» دروست كراون. كێشەی ئەم جۆرە سیستەمانە ئەوەیە كە لەسەر داتا ڕاهێنراون كە لە «چوارچێوەی زۆر جیاوازدا (كۆمەڵگە و كەلتوور و یاسای جیاوازدا) كۆكراونەتەوە. واتە، ئەگەر سیستەمێك لەسەر داتای كۆمەڵگەیەكی ڕۆژاوایی، یان چینی ڕاهێنرابێت، لەوانەیە نەتوانێت بە شێوەیەكی دروست و كارا لە كۆمەڵگەیەكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان باشووری جیهان كار بكات، چونكە جیاوازییەكانی كەلتووری، كۆمەڵایەتی، زمانەوانی و یاسایی لەبەرچاو نەگیراون. وڵاتان دەبێت دڵنیا بن لەوەی كۆنتڕۆڵی تەواوی داتاكانی خۆیان دەكەن. واتە، داتا نیشتمانییەكانیان دەبێت لەژێر دەسەڵاتی یاسایی وڵاتی خۆیاندا بن و پارێزراو بن، نەك لەژێر كۆنتڕۆڵی كۆمپانیا، یان وڵاتانی بیانی. گرنگە و دەبێت وڵاتان تیم و پسپۆڕی ناوخۆیی خۆیان پەرە پێبدەن، كە توانای ئەوەیان هەبێت، هۆشی دەستكرد هەڵسەنگێنن، بیگونجێنن و كاتێك پێویست بوو بڵێن: «نەخێر»، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت كە پشتبەستن بە تەكنیكار و پسپۆڕانی بیانی كەم بكرێتەوە و توانای بڕیاردان و كۆنتڕۆڵی تەكنۆلۆژی لەناو وڵاتدا بپارێزرێت. توانای وتنی «نەخێر» زۆر گرنگە، چونكە ڕێگە بە وڵات دەدات، ڕەتی سیستەمێك بكاتەوە كە لەگەڵ نۆرم و بەها ناوخۆییەكانی ناگونجێت، یان مەترسیی گەورەی هەیە.
* بە چاوەڕوانیی دەیەی 2030، ئایا پێشبینی دەكەیت زیرەكیی دەستكرد (AI) ببێتە ئامرازێك كە هاریكاریی جیهانی و پێشكەوتنی مرۆڤایەتی بەهێزتر بكات، یان پێتوایە ئەو ئەگەر زیاترە كە ڕكابەرییە جیۆپۆلەتیكییە هەنووكەییەكان و نایەكسانییەكان قووڵتر بكاتەوە؟
- دەوەستێتە سەر ئەوەی پڕوپاگەندەكان دابەش دەبن بەسەر دوولایەندا، ئەوانەی پشتگیری لە داهێنانەكانی زیرەكیی دەستكرد دەكەن و وەك چارەسەرێك بۆ هەموو كێشەكان، یان شۆڕشێكی گەورە دەبینین كە مرۆڤایەتی دەباتە قۆناغێكی نوێی زێڕینەوە.بەشی دووەمیان كە بە ترس و دڵەڕاوكێوە سەیری ئەو پێشكەوتنانە دەكەن و وەك مەترسییەكی گەورە بۆ مرۆڤایەتی دەیبینن، كە دەبێتە هۆی كۆتایی جۆرەكانمان، یان وێرانكارییەكی بەرفراوان. هەردوو گرووپی «پاڵپشتیكەران» و «ترساوەكان» هاوبەشن لە یەك گریمانەدا: كە هۆشی دەستكرد «شتێكی حەتمی، نزیك، و زۆر بەهێزە». واتە، هەردوو لا پێیان وایە كە هۆشی دەستكرد بە ناچاری دێت، زۆر نزیكە و هێزی بێسنووری هەیە. ئەم قسەیە ئەوە دەگەیەنێت كە سەرەڕای جیاوازییان لە بۆچووندا سەبارەت بە ئەرێنی، یان نەرێنی بوونی لە داهاتوو، هەردووكیان بە هەمان شێوە بڕوایان بە هێز و ناچاریی زیرەكی دەستكرد هەیە، ئەمەش زیاتر لە شتێكی خەیاڵی دەچێت نەك ڕاستەقینە. ڕێگەی باشتر و واقیعیتر بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هۆشی دەستكرد، تەنیا قسەكردن نییە لەسەر ئەرێنی، یان نەرێنییەكەی، بەڵكو بریتییە لە «بنیادنانی دامەزراوە، ڕێكخستن، پێوەرەكان، و وەبەرهێنانی گشتی، بۆ ئەوەی خۆكاركردن (automation) كاڵا گشتییەكان بەهێز بكات، لەبری قووڵكردنەوەی نایەكسانی، یان دەستبەسەرداگرتنی جیۆپۆلەتیكی.
