لە یادی ڕێفراندۆمە مەزنەکەدا
هەشت ساڵ لەمەوبەر هاوڵاتییانی ئەم بەشەی کوردستان بە جؤشوخرۆشێکی بێوێنە و بە هیواو ئاواتێکی بەرزەوە بەرەو سندوقی دەنگدان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و نەوەکانی داهاتوو کەوتنەڕێ. ئەوان دەیانویست بە نووکی پێنووسەکانیان جێگەی شیاوی خۆیان لەسەر نەخشەی جیهان دیاریبکەن. ئەوان دەیانویست مافێک بچەسپێنن کە خوای گەورە و نەتەوە یەکگرتوەکان و هەموو مرۆڤێکی حەق ویست و ویژدان زیندوو پیی بەخشیون. ئەوان دیانویست بەو سنوورەی کە بە نیازبوون بە نووکی پێنوسەکانیان بینەخشینن، سنوورێک بۆ داگیرکاری و ژێردەستەیی و نەهامەتییەکان دابنێن.
یەکەمجار بوو گەلی کوردستان ئەو هەلەی بۆ بڕەخسێت، ئازادانە وئازایانە لە زاخۆوە تا خانەقین و لەبەر ڕووناکی گڕی هەڵچووی بابەگوڕگوڕدا پڕبەدەنگی خۆی هاوار بکات و بڵێت: سەربەخۆییم دەوێت. یەکەمجار بوو گەلی کوردستان یەکدەنگ و یەک ئیرادە بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات بۆ چەسپاندنی مافی سەربەخۆیی. مافێک کە بە یاسای نێودەوڵەتی و تەنانەت لە دەستووری عێراقیشدا جێگیر کراوە. مافێک کە بۆ ١٩٧ دەوڵەت و نەتەوە ڕەوایە، بەڵام نەتەوەی کورد لێی بێبەشە و بەمەش بۆتە گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت. دەوڵەت هەیە ژمارەی دانیشتوانی کەمترە لە ٩٠٠ کەس و ڕووبەرەکەی تەنیا ٤٤٠ مەتر دووجایە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی تەنیا هەرێمی کوردستان نزیکەی ٦،٥٠٠،٠٠ کەس و ڕووبەرەکەی زیاترە لە ٤٠،٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە.
لە ٢٥ ی ئەیلولی ٢٠١٧ دا ڕیفراندۆممان کرد و زیاتر لە ٪٩٣ دانیشتوانی کوردستان دەنگی بۆ سەربەخۆیی دا، بەڵام جارێکیتریش ناپاکی، دەردە مێژووییەکەی کورد، خەونی سەربەخۆیی لەبار برد.
یادی ڕیفراندۆم یادی ئەو ڕۆژەیە کە تیایدا مەلی خەونی سەربەخۆیی دایە شەقەی باڵ. یادی ئەو ڕۆژەشە کە ئەو باڵانە پێکران و لە فڕین خران.
لە کاتێکدا یادی ڕیفراندۆم دەکەینەوە، کە هەوڵی جدی هەیە فەلەستینیش بکرێتە دەوڵەت و دوا دەوڵەتی گەورەش کە ئەو دەوڵەتەی بەفەرمی ناسی بەریتانیا بوو، دوای ئەوەی بۆ دوو ساڵ دەچێت بەرگەی ئاگرو ئاسنی ئیسرائیلیان گرت. ئەی چی دەبوو ئەگەر ئێمە لە ١٦ شوومی ئۆکتۆبەردا لە بری دوو ساڵ تەنیا دوو مانگ بەرگریمان بکردیە؟ هیچ گومانم نییە دۆخەکە لە بەرژەوەندی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا دەهات.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە کتێبی (بۆ مێژوو) دا دەڵێت: ڕیفراندۆم هەڵگری وانەی زۆر گەورە وپڕبەهایە بۆ گەلی کوردستان و نەوەکانی داهاتوو. یەکێک لە وانەکان ئەوەیە ئەگەر خۆت نەبی و خۆت پشت بە خۆت و خەڵکی خۆت و تواناکانت نەبەستی، بە نەبوو حسابیت). ئەمڕۆ کە گەلی کوردستان برسی دەکرێت و هەموو هەوڵێکی نەهێشتنی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە لە ئارادایە، دەبێت سوود لەو وانەیە وەرگرین و پشت بەخۆمان ببەستین. ڕاستە ئێمە دۆستمان زۆرە، بەڵام گەر خۆمان نەبین، دۆستیشمان نابێت.
ڕێفراندۆم، ویستی عەبدوڵا پەشێوی شاعیر لەبری ئەم شیعرە:
سەدان ساڵە
لە وێرانە ماڵی خۆمدا
کتکەکۆرەی گۆشەی متبەقی سوڵتانم
سەدان ساڵە
حەوشوبەرەی خۆم واڵایە و
لەبەر دەرگای دزانی خۆم پاسەوانم
بیوتایە:
ئیتر لەمەودوا خۆم خاوەن ماڵ و خۆم سوڵتانم
کوردستان دەوڵەتە ولەبەر دەرگایدا پاسەوانم.

هۆشیار سیوەیلی