چارەنووسی كەسی دادپەروەر
خودای (عزوجل) دەفەرموێت: (وَإِذَا حَكَمْتُمْ بَيْنَ النَّاسِ أَنْ تَحْكُمُوا بِالْعَدْلِ)1.
واتە ئەگەر حوكمتان كرد، دەبێت بە عەدالەتەوە ڕەفتار بكەن، بەبێ لایەنگریی یەكێك چ دۆست بێت، یان خزم، نابێت ستەمكار بن و جیاوازی بكەن لەگەڵ خەڵكیدا، بەڵكو دەبێت دادپەروەر بن2.
پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم دەفەرموێت: «إن أحبَّ الناسِ إلي اللهِ يومَ القيامةِ وأدناهم منه مجلساً إمامٌ عادلٌ، وأبغضُهم إلى اللهِ وأبعدُهم منه مجلساً إمامٌ جائرٌ)3.
واتە خۆشەویستترین و نزیكترین كەس لای خودا (سبحانە و تعالی) لە ڕۆژی قیامەتدا سەركردەیەكی دادپەروەرە، بەڵام ئەو حاكم و سەركردانەی ستەمكار و نادادپەروەرن لە حوكمڕانییاندا، بۆ خۆیان دەژین نەك بۆ خزمەتی خەڵكی. بێگومان خودا (عزوجل) حەزیان پێ ناكات و دوورن لە ڕەحمەت و سۆز و میهرەبانیی پەروەردگارەوە. ئەم فەرموودە پیرۆزە یەكێكە لە گرنگترین بنەما سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان كە كاریگەرییەكی قووڵی لەسەر كۆمەڵگە هەیە.
ئەگەر سەرنجێك بدەن لە دەستەواژەی (إمام) دەبینن، واتایەكی فراوانی هەیە، هەموو ئەو كەسانە دەگرێتەوە، وەك «سەرۆك، فەرمانڕەوا، ڕابەر و مامۆستای ئایینی، بەڕێوەبەری قوتابخانە و فەرمانگە، سەرۆكی عەشیرەت و هۆز و خێڵ» تەنانەت ئەوانەی بەرپرسیاریەتییان هەیە لە نێو كۆمەڵگەدا لە هەر پێگەیەكدا بن.
لە ڕاستیدا كۆی ئەو كەسانەی ئاماژەمان پێیان دا، چارەنووسیان لە بەرانبەر خودا (سبحانە و تعالی) یەكلا كراوەتەوە لە ڕۆژی قیامەتدا، هەروەك لە فەرموودەكەدا ئاماژەی پێ كراوە.
جا پیاو ئەو پیاوەیە لەو ئەزموونەیدا جوامێر و شۆڕەسواری ئەو گۆڕەپانە بێت، لەو بەرپرسیارێتییەی كەوتووەتە ئەستۆی، پێویستە و ئەركە لەسەری دادپەروەر بێت، پارێزگاری لە مافی كەسە لاواز و كەمتوانا و بێدەسەڵاتەكان بكات و گوێیان لێ بگرێت و بەدەنگییانەوە بچێت، خۆی بە خزمەتكاریان بزانێت، ئەمانەتپارێز و داكۆكیكارێكی بەئەمەك و وەفادار بێت لە ئاست مافەكانیان، بەتایبەت سەروەریی خاك و نیشتمان و زمان و كەلتوور و نەیا و كەسایەتییان، ئەگینا ڕیسوا و شەرمەزاری ڕۆژی قیامەت دەبێت لە بەرانبەر خودا (عزوجل).
بێگومان هەر كەسێكی بەرپرس لە هەر پۆست و پلە و پێگەیەكدا بێت، ئەگەر دادپەروەر بوو، بە دڵنییاییەوە كاریگەری و ڕەنگدانەوەی ئەرێنیی دەبێت لەسەر سەقامگیری و ئاشتی و ئاسایشی ئەو جێیە، چونكە ڕۆڵی ستەمكاری و قۆرخكردن و خزمایەتی و بنەماڵەیی نامێنێت، ئەگەر بشمێنێت هیچ كاریگەرییەك نابێت لەسەر تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگە، چونكە بەرپرسی دادپەروەر هیچ كاتێك ئامادە نییە دەسەڵاتەكەی بۆ بەرژوەندیی خۆی بەكار بهێنێت و بە ناهەق و ناڕەوا دەستیش نابات بۆ سامان و داهاتی ئەو جێیە، هەروەها ستەم ناكات و...هتد.
لەو سۆنگەیەوە فەرموودەكە ئەوەمان پێ دەڵێت: دادپەروەریكردن ئەركە و واجبێكی ئاسمانییە، پاداشت و سزای گەورەی هەیە، مرۆڤ لە هەر پێگە و پلە و پۆستێكدا بێت، پێویستە و ئەركە لەسەری دادپەروەر بێت، چونكە دادپەروەری لای پەروەردگار زۆر گەورەیە و خۆشەویستە، هەر كەسێك دادپەرەوەر بێت لە بواری خۆیدا، بێگومان خۆشەویستیی خودای (سبحانە و تعالی) بۆ خۆی مسۆگەر كردووە و چارەنووسێكی پرشنگدار چاوەڕوانیەتی.
سەرچاوە: (ژیان بە ڕێنمایی قورئان)
1. سورة النساء الاية:58
2. کتیبی (تەفسیری گولشەن : 1/422)
3. كتێبی (فیض القدیر للمناوي: 2/521 رقم الحدیث 2174 حرف الهمزة، قال ان قطان والحدیث حسن)

د.سیروان كەركووكی