(82)ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «ڤێنیز» كۆتایی هات
(82)ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «ڤێنیز» لە وڵاتی ئیتاڵیا كۆتایی هات و ڕێوڕەسمەكە لە هۆڵی سینەمای «سالا گراندێ» لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوە چوو، براوەكانی بەشە جۆراوجۆرەكانی پێشبڕكێ لەوانە؛ بەشی «پێشبڕكێی سەرەكی»، بەشی «پێشبڕكێی ئاسۆكان»، بەشی پێشبڕكێ «هەمەلایەنە» هەروەها بەشی «ئاسۆكانی ئێكسترا» ناسێندران و خەڵاتی گرنگی «شێری زێڕین» و خەڵاتەكانی دیكەی ئەم ڕووداوە سینەماییە بە براوەكان پێشكەش كرا.
براوەكانی بەشی پێشبڕكێی نێودەوڵەتی
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی نێودەوڵەتی بریتی بوون لە: ئلێكسانێر پێین، دەرهێنەر و سیناریۆنووسی ئەمریكی. سەرۆكی لێژنەی دادوەران، ستێفان بریزێ دەرهێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی فەرەنسا. خاتوو مائۆرا دێلپێرۆ دەرهێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی ئیتاڵیا. كریستیەن مۆنجیۆ دەرهێنەر، نووسەر و بەرهەمهێنەر لە وڵاتی ڕۆمانیا. محەمەد ڕەسووڵئۆف دەرهێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی ئێران. خاتوو فێرناندا تورێس ئەكتەر، نووسەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی برازیل. خاتوو ژائۆ تائۆ ئەكتەر لە وڵاتی چین، دەنگەكانی خۆیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
-خەڵاتی شێری زێڕین
فیلمی سینەمایی «باوك، دایك، خوشك، برا» لە دەرهێنانی «جیم جارمۆش» و بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی «ئەمریكا، ئیرلەندا، فەرەنسا» خەڵاتی شێری زێڕینی باشترین فیلمی ئەم ڕووداوە گرنگەی بەدەست هێنا.
-خەڵاتی گەورەی شێری زیوین
خەڵاتی گەورەی شێری زیوینی لێژنەی دادوەرانی ئەم گەڕەی فێستیڤاڵ، بە فیلمی سینەمایی «دەنگی هیند ڕەجەب» لە دەرهێنانی خاتوو «كەوسەر بێن هانیە» بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی توونس و فەرەنسا بەخشرا.
-خەڵاتی باشترین دەرهێنان
خەڵاتی شێری زیوینی باشترین دەرهێنانیش بە «بێنی سەفدییە» بۆ دەرهێنانی فیلمی سینەمایی «مەكینەی وردكردن» بەرهەمی وڵاتی ئەمریكا پێشكەش كرا.
-خەڵاتی باشترین ئەكتەری ئافرەت
خەڵاتی «كاپی ڤۆڵپی» باشترین ئەكتەری ئافرەت بە «شین ژیلی» بۆ ڕۆڵ بینین لە فیلمی سینەمایی «خۆر بەرەو ئێمە ئاوا دەبێت» لە دەرهێنانی «كای شانگجۆن» بەرهەمی وڵاتی چین بەخشرا .
-خەڵاتی باشترین ئەكتەری پیاو
خەڵاتی «كاپی ڤۆڵپی» باشترین ئەكتەری پیاو بە «تۆنی سێرڤیلۆ» بۆ ڕۆڵ بینین لە فیلمی سینەمایی «ڕەحمەت» لە دەرهێنانی «پائۆلۆ سۆرێنتینۆ» بەرهەمی وڵاتی ئیتاڵیا بەخشرا.
-خەڵاتی باشترین سیناریۆ
«ڤالێرییە دۆنزێلی» و «ژیل مارشاند» بۆ نووسینی سیناریۆی «لە شوێنی ئیش» لە دەرهێنانی «ڤالێرییە دۆنزێلی» بە هاوبەشی خەڵاتی باشترین سیناریۆیان بەدەست هێنا.
-خەڵاتی مارچێلۆ ماسترۆیانی
خەڵاتی «ماڕچێلۆ ماستڕۆیانی» بۆ باشترین ئەكتەری گەنجی نوێی بە «لۆنا وێدلێر» بۆ ڕۆڵبینین لە فیلمی سینەمایی «دۆستی بێدەنگ» لە دەرهێنانی «ئیلدیكۆ ئیندی» بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئەڵمانیا، هەنگاریا و فەرەنسا بەخشرا.
-براوەكانی بەشی پێشبڕكێی ئاسۆكان
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی «پێشبڕكێی ئاسۆكان» لەم ڕووداوە گرنگ و پلە یەكەی سینەمای جیهان كە بریتی بوون لە: جۆلیا دۆكۆرنۆ دەرهێنەر و سیناریۆنووسی فەرەنسی. سەرۆكی لێژنەی دادوەران، یۆری ئانكارانی دەرهێنەر و ڤیدیۆئارتیست لە وڵاتی ئیتاڵیا. فێرناندۆ ئێنریكێ خوان لیما ڕەخنەگری فیلم لە وڵاتی ئەرجەنتین. خاتوو شانۆن مۆرفی دەرهێنەر لە وڵاتی ئوسترالیا، هەروەها رامێل ڕۆس فۆتۆگڕافەر و فیلمساز لە وڵاتی ئەمریكا؛ دەنگەكانی خۆیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
-خەڵاتی باشترین فیلم
خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی «پێشبڕكێی ئاسۆكان» بە فیلمی سینەمایی «لە جادە» لە دەرهێنانی «دەیڤید پابلوس» بەرهەمی وڵاتی مەكسیك بەخشرا .
-خەڵاتی باشترین دەرهێنان
خەڵاتی باشترین دەرهێنانی ئەم بەشەش بە «ئانۆپارنا ڕۆی» بۆ دەرهێنانی فیلمی سینەمایی «گۆرانییەكانی دارە لەبیرچووەكان» بەرهەمی وڵاتی هیندستان پێشكەش كرا.
-خەڵاتی باشترین ئەكتەری ئافرەت
خەڵاتی باشترین ئەكتەری ئافرەتی ئەم بەشەی فێستیڤاڵیش بە «بێنێدێتا پوركارولی» بۆ ڕۆڵبینین لە فیلمی سینەمایی «ڕفێندراوی ئارابێلا» لە دەرهێنانی «كارۆلینا كاوالی» بەرهەمی وڵاتی ئیتاڵیا پێشكەش كرا.
-خەڵاتی باشترین ئەكتەری پیاو
خەڵاتی باشترین ئەكتەری پیاوی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «ڤێنیز» بە «جیاكومو كوڤی» بۆ ڕۆڵبینین لە فیلمی سینەمایی «ساڵێك قوتابخانە» لە دەرهێنانی «لۆرا سامانی» بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئیتاڵیا و فەرەنسا بەخشرا.
خەڵاتی باشترین سیناریۆ
خەڵاتی باشترین سیناریۆی ئەم ڕووداوە سینەماییە بە «ئانا كریستینا باراگێن» بۆ نووسینی سیناریۆی «پێچراو» بەرهەمی وڵاتی ئێكوادۆر بەخشرا.
خەڵاتی باشترین كورتە فیلم
خەڵاتی باشترین كورتە فیلمیش بە فیلمی «بە بێ كلی» لە دەرهێنانی «لۆڤیسیا سیرێن» بەرهەمی وڵاتی سوید پیشكەش كرا.
