هونەرمەند ڕەوشەن چەلیكەر بۆ گوڵان:هەمیشە هەوڵ دەدەم لە كارەكانمدا پەیامی مرۆیی و نیشتمانی بگەیەنم

هونەرمەند ڕەوشەن چەلیكەر بۆ گوڵان:هەمیشە هەوڵ دەدەم لە كارەكانمدا پەیامی مرۆیی و نیشتمانی بگەیەنم

لە دڵی «تاتوان»ی بەدلیسی باكووری كوردستانەوە، ئەستێرەیەكی درەوشاوە هەڵهاتووە بە ناوی «ڕەوشەن چەلیكەر» ئەم هونەرمەندە فرەبەهرەیە، جگە لە بڕوانامەی دەروونناسی لە زانكۆی ئەنقەرە و ماستەری نواندن، كەمانژەنێكی لێهاتووشە و ڕۆحێكی تایبەت بە مۆسیقای گۆرانییەكانی دەبەخشێت و خاوەنی چەندین گۆرانی ئەلبوومی سەركەوتووە. لەم ڕۆژانەدا بەرهەمێكی نوێی بە ناوی «بێری» بڵاو كردووەتەوە كە لە تێكست و ئاوازی خۆیەتی. لە دەەرفەتێكدا ڕەوشەن بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی (گوڵان)ی دایەوە.

*سەرەتا پیرۆزباییت لێ دەكەین بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەمی بێری، دەكرێت كەمێك زیاتر باسی بكەیت، چی وای لێكردیت ئەم گۆرانییە دروست بكەیت؟

-بێری تەنیا گۆرانییەك نییە، بەڵكو هەستێكە، پەیامێكە لە ناخی دڵمەوە، هەمیشە هەوڵ دەدەم لە ڕێگەی هونەرەوە هەست و سۆزی خۆم دەرببڕم، بەتایبەتی بۆ گەلەكەم و خاكەكەم. ئەم گۆرانییە بیركردنەوە و خۆشەویستییەكی قووڵ بۆ نیشتمان و خەڵكەكەی دەردەبڕێت، بەتایبەتیش لەم سەردەمەدا كە زۆر پێویستمان بە یەكگرتن و یادكردنەوەی ڕابردوومانە.

هونەرمەند ڕەوشەن چەلیكەر بۆ گوڵان:هەمیشە هەوڵ دەدەم لە كارەكانمدا پەیامی مرۆیی و نیشتمانی بگەیەنم

*وەك دەزانین، ئێوە زۆر حەز لە فۆلكلۆر و هونەری ڕەسەنی كوردی دەكەن، ئەم خۆشەویستییە چۆن ڕەنگدانەوەی لە كارە هونەرییەكانتدا هەیە؟

-فۆلكلۆر و هونەری ڕەسەنی كوردی بنەمای كارە هونەرییەكانی منە وەك هونەرمەندێك، فۆلكلۆری كوردی گەنجینەیەكی بێ شومارە. هەمیشە هەوڵ دەدەم توخمەكانی فۆلكلۆر لە كارەكانمدا بژێنمەوە، جا لە ئاوازەكانمدا بێت یان لە شێوازی دەربڕینمدا. باوەڕم وایە بۆ ئەوەی هونەرەكەمان بگاتە ئاستی جیهانی، پێویستە لە ڕەسەنایەتی خۆیەوە دەست پێ بكات. ئەو خۆشەویستییەم بۆ فۆلكلۆر وای لێ كردووم هەمیشە كاری زیاتری لەسەر بكەم و هەوڵ بدەم ئەم مۆسیقا دەوڵەمەندە بە شێوازێكی نوێ پێشكەش بكەم.

*چۆن تێكست و هەڵبەستەكانت بۆ گۆرانی هەڵدەبژێری؟

-من لەگەڵ كۆمەڵێك لە ڕۆشنبیران و هەڵبەستڤانانی ناودار كارم كردووە، بەردەوام شیعری شاعیرانی مەزنی كورد بۆ گۆرانییەكانم هەڵدەبژێرم، چونكە شیعر كاریگەری زۆری هەیە بۆ ئەوەی گۆرانییەكەت بە نەمری بمێنێتەوە، بۆیە شیعری گۆرانییەكانم زۆر بە وردی و شارەزایی هەڵدەبژێرم.

*ئەنجامدانی كۆنسێرت لە دەرەوە كاریگەریی لەسەر گەشەكردنی هونەری ئێوە هەبووە؟

-ئەنجامدانی كۆنسێرت لە وڵاتانی جیاواز ئەزموونێكی زۆر گەورە و بەنرخ بووە بۆمن، یەكەم، دەرفەتێكی زۆری پێداوم بۆ ئەوەی لەگەڵ كەلتوور و هونەرمەندانی دیكەی جیهان ئاشنا بم. دووەم، وای لێ كردووم كە زیاتر هەست بە بەهای هونەرە ڕەسەنەكەی خۆمان بكەم كاتێك دەبینم چۆن خەڵكی بیانی سەرسامی دەبن، ئەم گەشتانە یارمەتی دام تێگەیشتنێكی قووڵترم بۆ جیهانی مۆسیقا هەبێت و بیرۆكەی نوێم بۆ داهاتووی كارەكانم دەست بكەوێت.

*یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانتان پێشخستنی هونەری گۆرانی و موزیكی كوردییە، پێتان وایە چۆن دەتوانین ئەم ئامانجە بەدی بهێنین؟

-پێشخستنی هونەری كوردی ئەركێكی هاوبەشە و پێویستی بە هەوڵێكی بەردەوام هەیە، لە ڕوانگەی منەوە، یەكەم هەنگاو پاراستنی ڕەسەنایەتی هونەرەكەمانە. دووەم، پێویستە هونەرمەندان بەرهەمی نوێ و كوالێتی بەرز بەرهەم بهێنن، كە بتوانێت ڕكابەری لەسەر ئاستی جیهانی بكات، هەروەها گرنگە پشتیوانی لە هونەرمەندانی گەنج بكرێت و دەرفەتیان پێ بدرێت بۆ ئەوەی تواناكانیان نیشان بدەن. دەزگاكانی ڕاگەیاندنیش ڕۆڵێكی زۆر گرنگیان هەیە لە بڵاوكردنەوە و ناساندنی ئەم هونەرە.

*ئێوە هەمیشە ئاماژە بەوە دەكەن كە دەتانەوێت دەنگی میللەتی كورد بگەیەننە جیهان لە ڕێگەی هونەرەوە، ئەمە چۆن دەكرێت؟

-هونەر زمانێكی گەردوونییە و دەتوانێت سنوورەكان ببڕێت، كاتێك هونەرمەندێكی كورد لەسەر شانۆ لە وڵاتێكی دیكە گۆرانی دەڵێت، ئەو تەنیا نوێنەرایەتیی خۆی ناكات، بەڵكو دەنگی گەلێك دەگەیەنێت. لە ڕێگەی مۆسیقا و گۆرانییەوە دەتوانین كەلتوور، مێژوو، ئازار و هیواكانی گەلەكەمان بە جیهان بناسێنین. من هەمیشە هەوڵ دەدەم لە كارەكانمدا پەیامی مرۆیی و نیشتمانی لەگەڵ مۆسیقایەكی سەرنجڕاكێش بگەیەنم.

*بەرزكردنەوەی هونەری كوردی بۆ ئاستی جیهانی خەونی زۆرێك لە هونەرمەندانە، ئێوە چۆن لەم بارەیەوە بیر دەكەنەوە و چ پلانێكتان بۆ داهاتووتان هەیە؟

-بەرزكردنەوەی هونەری كوردی بۆ ئاستی جیهانی خەونی منیشە و هەمیشە كاری بۆ دەكەم، ئەمە پێویستی بە ستراتیژێكی درێژخایەن هەیە. پلانم وایە كە بەردەوام بم لە بەرهەمهێنانی كاری كوالێتی بەرز، بە سوودوەرگرتن لە مۆسیقای ڕەسەن و تێكەڵكردنی بە شێوازی نوێ و جیهانی.

هەروەها، هەوڵ دەدەم هاوكاری لەگەڵ هونەرمەندانی نێودەوڵەتی بكەم و لە فێستیڤاڵە جیهانییەكاندا بەشدار بم، بۆ ئەوەی زۆرترین بینەر لەسەر ئاستی جیهان بینەری هونەرەكەمان بێت. پێموایە گەلانی دنیا حەز لەو مۆسیقایە دەكەن كە ڕەسەنایەتیی خۆی هەبێت و ئێمەش خاوەنی كەلتوور و مۆسیقایەكی دەوڵەمەندین.

*لە كۆتاییدا، پەیامێكت بۆ هەوادارانت و گەنجانی كورد چییە؟

-پەیامی من بۆ هەوادارانی خۆم ئەوەیە كە هەمیشە پشتگیری لە هونەری ڕەسەن بكەن و شانازی بە كەلتوورەكەیانەوە بكەن. بۆ گەنجانیش دەڵێم، لە خەونەكانتان بێ هیوا مەبن كار بكەن و هەوڵ بدەن، چونكە ئێوە داهاتووی ئەم هونەرەن. هیوادارم هەموومان بتوانین پێكەوە خزمەت بە نیشتمان و هونەرەكەمان بكەین.

Top