ئەندازیار ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم بۆ گوڵان: بە تەواوبوونی پڕۆژەی ئاوی قورسی هەولێر، ئاوی ئاوەڕۆی گەڕەكەكان و هیچ جۆرە بیرێكی ئاوەڕۆی قورس لە ماڵان و ناو گەڕەك و شاردا نامێنێت
ماستەرپلانێك بۆ پڕۆژەی ئاوەڕۆی قورسی هەولێر ئامادە كراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بوودجە و قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە جێبەجێ بكرێت. لە (9/9/2025) لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیایەكی ژاپۆنی واژۆ كرا. بوودجەی پڕۆژەكە لەلایەن ئاژانسی جایكای ژاپۆنییەوە بە قەرزی درێژخایەن دابین كراوە. لەم قۆناغەدا بەشێك لە پاڵاوگەكە دروست دەكرێت كە توانای چارەسەركردنی 52 هەزار مەتری سێجا ئاوەڕۆی قورسی هەیە. لەسەر ئەم پڕۆژە گرنگە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم ئەنجام دا.
* گرنگیی پڕۆژەی ئاوەڕۆی قورسی هەولێر لە چیدایە و، ئایا ئەم پڕۆژەیە بە چەند قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، قۆناغی یەكەمی كەی دەست پێ دەكات و چی لەخۆ دەگرێت؟
- ئاوەڕۆی قورس گرنگییەكی یەكجار زۆری هەیە و ژێرخانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانە، هۆكارێكی ستراتیژییە بۆ شارستانییەت و پێشكەوتنی هەموو شار و وڵاتێك، یەكێكە لەو پڕۆژە بەرچاوە شارستانییانەی كە جوانی و پاراستنی ژینگە مسۆگەر دەكات، بۆ ئەم پڕۆژە ستراتیژییە كە لە سەرەتای كابینەی نۆیەمی حكومەتەوە، سەرۆك وەزیران بایەخێكی زۆری پێ داوە و هەوڵی بەردەوامیش دراوە بۆ جێبەجێكردنی و دابینكردنی بوودجەكەی. بەپێی ئەو ماستەرپلانەی كە لە ساڵانی 2004 و 2005 لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەڵمانییەوە ئامادە كراوە، پڕۆژەكە تەواوی شاری هەولێر بۆ ماوەی 40-50 ساڵی داهاتوو بە قەبارەیەكی دیاریكراو دادەپۆشێت و بە قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، بەڵام ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە بوودجەیەكی زۆرە، بۆیە بیر لەوە كرایەوە كە لە ڕێگەی قەرزی درێژخایەنی نێودەوڵەتییەوە كاری بۆ بكرێت، لەم ڕووەوە لە ساڵی 2014 ڕێككەوتنێك لەگەڵ وڵاتی ژاپۆن كرا كە ئاژانسی «جایكا»ی ژاپۆنی بوودجەی پڕۆژەكە بە قەرزی درێژخایەن دابین بكات، بە مەبەستی پەرەپێدان و بەهێزكردنی ژێرخانی خزمەتگوزاریی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆی قورسی شاری هەولێر.
ماستەرپلانەكەی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە بە شێوەیەكە كە تا ژمارەی دانیشتوانی هەولێر دەگاتە دوو ملیۆن و 400 هەزار كەس، دایبپۆشێت، لەو كاتەدا ڕۆژانە بڕی 840 هەزار مەتری سێجا ئاوەڕۆی قورس چارەسەر دەكات.
لە ڕێككەوتنەكەدا بڕیار درا بەشێك لە پڕۆژەی ئاوەڕۆی قورسی هەولێر بە بڕی 200 ملیۆن دۆلار دروست بكرێت، ئەم ڕێككەوتنە دواكەوت تا ساڵی 2018، كاتێك پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دا و، پاشان ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر دەربڕی، پاشان قەبارەی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە لە 105 هەزار مەتری سێجاوە كەم كرایەوە بۆ 52 هەزار مەتری سێجا. لە 9/9/2025، گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیایەكی ژاپۆنی كرا بە بڕی 200 ملیۆن دۆلار بۆ بەشی جێبەجێكردن و، 30 ملیۆن دۆلاریش بۆ بەشی ڕاوێژكاری، بوودجەی پێویست بۆ ئەو قۆناغە، بۆ كۆمپانیا ناوخۆییەكانیش، 500-550 ملیۆن دۆلارە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی یەك لەسەر چواری پڕۆژەكە. ئەم پڕۆژەیە پێك هاتووە لە پاڵاوگەیەكی ڕیسایكلینی ئاوەڕۆی قورس بە قەبارەی 840 هەزار مەتری سێجا لە ڕۆژێكدا، ئەم پاڵاوگەیە دەكرێت دابەش بكرێت بەسەر 16 بەشدا، ئەو كۆمپانیا ژاپۆنییەی كە پڕۆژەكە جێبەجێ دەكات، یەك لەسەر شازدەی پڕۆژەكەیە، بەڵام بەڕێز سەرۆكی حكومەت ڕەزامەندیی لەسەر 210 هەزار مەتری سێجا داوە، كە دەكاتە (پێنج لەسەر شازدەی) پڕۆژەكە. چوار بەشی ئەم قۆناغی پڕۆژەیە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، لە ڕێگەی كۆمپانیایەكی ناوخۆیی شارەزا و خاوەن ئەزموونەوە جێبەجێ دەكرێت.
هاوكات لەگەڵ ئەو بەشەی كە حكومەتی خۆمان ئەنجامی دەدات، هەموو ئەو هێڵە سەرەكییانەی ئاوەڕۆ كە لە دەرەوەی شەقامی 120 مەتری دێنە ناو كەندێكی سەرەكیی هەولێر و پاشان دەڕوات بۆ سنووری گوندی عارەبكەند، كە 12 كیلۆمەتر لە سەنتەری شار دوورە، دواتر دەچێتە ناو زێی گەورە، هەموو ئەو هێڵ و ئاوەڕۆیانەی كە لە شەقامی 120 مەتری دەردەچن، دەكرێنە ئاوەڕۆی سندووقی بە شێوەیەكی زۆر سەردەمییانە و گونجاو بۆ پڕۆژەی ئاوەڕۆی قورسی هەولێر. لەم قۆناغەی پڕۆژەیەدا، 26 كیلۆمەتر بۆریی تیرە جیاواز بەكار دێت، كە لە تیرە دوو مەتر و 80 سم و دوو مەتر و مەتر و نیو، تا ئەو ئاستەی كە تیرەی مەترێك و بیست سانتیمەتر»یش لەخۆ دەگرێت. پاشان هەموو ئەو ئاوەڕۆیانە كۆ دەكرێنەوە و دەگەیەندرێنە پاڵاوگەی چارەسەركردنی ئاوەڕۆ قورسەكە.
پاڵاوگەی چارەسەركردنەكە زۆر مۆدێرن و پێشكەوتووە و توانای هەیە ئاوەڕۆكە چارەسەر بكات و بیكاتەوە بەو ئاوەی كە دارستان و سەوزایی پێ ئاو بدێرێت، ئەمەش دەتوانین بۆ پشتێنەی سەوز و پاركی سامی عەبدولڕەحمان و شانەدەر و منارە و سەوزایی ناوەڕاستی شەقامەكان و دار و درەختەكانی شەقامی 120 مەتر و 150 مەتری سوودی لێ وەرگرین. ئەو ئاوەی لەو قۆناغە بەرهەم دەهێنرێت، 210 هەزار مەتر سێجای لەلایەن حكومەتی هەرێمەوەیە و 52 هەزار مەتر سێجاشی لەلایەن كۆمپانیا ژاپۆنییەكەوەیە، واتە بە گشتی ڕۆژانە 262 هەزار مەتری سێجا ئاوی پاككراوە لەم قۆناغەدا بەرهەم دەهێنرێت. ئەو بڕە ئاوەی لەم پاڵاوگەیەوە دەست دەكەوێت بە قەبارەی پڕۆژەی ئیفراز سێیە، كە ڕۆژانە 240 هەزار مەتری سێجا ئاوی خاوێن بۆ شاری هەولێر دەنێرێت. دوای تەواوبوونی پاڵاوگەی ڕیسایكلینەكە، كۆگای گلدانەوە و هەندێك هێڵی گواستنەوەش بۆ ئاوە پاككراوەكە دروست دەكرێت.لە لایەكی دیكەوە، ئەگەر بێت و هەموو پڕۆژەی ئاوەڕۆی قورسی هەولێر جێبەجێ بكرێت، بەپێی بارودۆخی دارایی و پێشهاتەكان دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی زیاتر لە دوو ملیار دۆلاری پێویستە.
* ئایا پڕۆژەی ئاوەڕۆی قورسی هەولێر، بەتایبەتی پاڵاوگەی ڕیسایكلینی ئاوەڕۆكە، سوودی ژینگەیی بۆ پایتەختی هەرێمی كوردستان چییە؟
- پڕۆژەی ئاوەڕۆی قورس بە هەموو بەشەكانییەوە لە ناو ماڵان و گەڕەكەكانەوە تا دەگاتە پاڵاوگە، دەبێتە هۆكارێكی شارستانی و مەدەنی و سەردەمییانە بۆ هەولێری پایتەخت، چونكە ئاوی حەمام و چێشتخانە ناڕژێنە ناو كۆڵان و شەقامەكان، لە لایەكی دیكەوە هیچ جۆرە بیرێكی ئاوەڕۆی قورس لە ماڵان و ناو گەڕەك و شاردا نامێنێت، لە لایەكی دیكەشەوە ئەو پاڵاوگەیەی كە دروست دەكرێت، وا دەكات كە ئاوەڕۆی قورس نەچێتە ژێر زەوی، كە هۆكارێكی سەرەكی و كاریگەرە بۆ پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی بە هەموو هۆكارێك. ئەم پڕۆژەیە وا دەكات ئەو ئاوەی لەو پاڵاوگەیەوە دەردەچێت، بەسەر زەویدا نەچێت و نەبێتە هۆی پیسبوونی ئاوی سەر زەوی. ئەو جووتیار و گوندنشینانەی كە پێشتر بۆچاندنی سەوزە و بەخێوكردنی پەلەوەر ئاوی پیس و قورسیان بەكار هێناوە، چیتر ئەو كارە ناكەن، ئەمەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستیی گشتی دەبێت. هاوكات لەو دیمەن و بۆنە ناخۆشەی بەم پڕۆژەیە لە ئاوەڕۆی قورسدا هەیە ڕزگارمان دەبێت. هەموو ئەو باڵندە و گیانلەبەرانەی كە پێشتر بە ناچاری ئاوەڕۆی قورسیان بەكار هێناوە، ئەوانیش بە شێوەیەكی یەكجارەكی لەو سنوورەی شاری هەولێر كە پڕۆژەی ئاوەڕۆی قورسی تێدا دەكرێت، ڕزگاریان دەبێت. هەموو ماددە كیمیایی و بایۆلۆژی و جۆرەكانی دیكە كە لە ڕێگەی ئاوەڕۆی قورسەوە زیانیان بۆ ژێر زەوی و سەر زەوی هەیە، نامێنن.
* ئایا بە تەواوبوونی هەموو قۆناغ و بەشەكانی پڕۆژەی ئاوەڕۆی قورس، ئاوەڕۆی بارانبارین لە شاری هەولێر چی لێ دێت؟
- پڕۆژەی ئاوەڕۆی قورس كاتێك هەموو بەشەكانی تەواو دەبێت، ڕۆژانە پاڵاوگەكە 840 هەزار مەتری سێجا ئاوەڕۆی قورس لە كارگەی ڕیسایكلینەكەدا چارەسەر دەكات، ئاوەڕۆی بارانبارینیش هەر وەك خۆی دەمێنێتەوە، بەڵكو لەو كاتەدا كە پڕۆژەی ئاوەڕۆی قورس تەواو دەبێت، هەولێر دەبێتە شارێك كە خاوەنی ئاوەڕۆی بارانبارین و ئاوەڕۆی قورسە، ئەمەش سیستمی هەموو شارە پێشكەوتووەكانی دنیایە، ئەو كاتە هەرچەندە شارەكە بەرفراوان بكرێت، دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی و بە شارەزاییەكی گەورەشەوە ئاوەڕۆ قورسەكەی لەگەڵدا بەرفراوان بكرێت.
باشییەكی دیكەی ئەم پڕۆژەیەی ئاوەڕۆی قورس، بەتایبەتی پاڵاوگەكەی، ئەوەیە كە ئەو پارك و سەوزایی و دارستانانەی بە ئاوی بیر ئاودانیان بۆ دەكرێت، بیرەكان دادەخرێن. بۆ نموونە پاركی سامی عەبدولڕەحمان لە ئێستادا 17 بیری هەیە بۆ ئاودان، بەڵام بە تەواوبوونی ئەم قۆناغەی ئێستا كە كۆمپانیا ژاپۆنییەكە سێ ساڵی بۆ دانراوە و كۆمپانیا ناوخۆییەكەش دوو ساڵی بۆ دانراوە، بیرەكان دادەخرێن.
* ئایا بە تەواوبوونی تەواوی پڕۆژەی ئاوەڕۆی قورس، بیری ئاوی قورسی ماڵان دەمێنێت؟ ئەی بەهۆی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیەوە هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و هاتووچۆی خەڵك كێشەیان بۆ دروست نابێت؟
- نەخێر، هیچ ماڵێك بیری ئاوەڕۆی قورس و ئاوی حەمام و چێشتخانەی نامێنێت، بەڵكو ئێمە تا پێش دەرگاكانیان، بە قووڵاییەكی دیاریكراو و بە شێوەیەكی زانستی و ستاندارد، مەنهۆڵێكیان بۆ دروست دەكەین، ماڵەكان تەنیا ئەوەیان لەسەر دەمێنێتەوە كە بۆری و ئاراستەی ئاوە قورسەكانیان دەخەنە ناو مەنهۆڵ و ئاراستەی ئاوەڕۆ قورسەكانەوە.
بەڵام بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و هاووڵاتیان، ناڵێین زەحمەتی یان هەندێك كێشە و ماندووبوونی كەم و بچووكیان بۆ دروست نابێت، تەنیا چەند ڕۆژێكی كەم یان هەندێك زەحمەتی دروست دەبێت، بەڵام كاتێك پڕۆژەكە دەگاتە ناو گەڕەك و ماڵەكان، زۆر بە خێرایی كاری تێدا دەكرێت و خەڵك بە شێوەیەكی سەرەكی زۆر زەحمەتیان بۆ دروست نابێت.
* ئایا ئەو ڕووبەری زەوییەی بۆ پاڵاوگەكە تەرخان كراوە چەندە، و ئایا خاوەنی زەوییە كشتوكاڵییەكان و جووتیاران چۆن ڕازی كراون؟
- سێ ساڵ پێش ئێستا ئەو بابەتە یەكلایی كراوەتەوە و تەواوی ئەو جووتیار و خاوەن زەوییانە و ئەو دامەزراوانەی لەو شوێنەدا بوون، قەرەبوو كراونەتەوە و ڕێكارە یاساییەكان هەموویان تەواو بوونە، ئەو ڕووبەری زەوییەی بۆ پاڵاوگەكە پێویستە، زیاتر لە 205 دۆنم زەوییە و چواردەوری شورای بۆ كراوە. ئەم ڕووبەری زەوییە بە سەنەد بە ناوی ئاوەڕۆی هەولێر، یان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆوە كراوە، تاوەكو لە ئایندەدا هیچ كێشە و گرفتێك لەو بارەیەوە نەیەتە پێشەوە.
