ئەڤین حسێن سەرۆكی لقی دهۆكی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان: دەبێت كۆمپانیا هونەرییەكان مافی هونەرمەندان لە كوردستان بپارێزن
حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك بایەخدان بە كەلتوور، دەبێت پشتیوانیی زیاتر لە پڕۆژە هونەرییەكان بكات، بەتایبەتی لەو بوارانەی كە داهێنانی نەتەوەیی و كوردی لەخۆ دەگرن. بەشێكی زۆری داهاتی پڕۆژە هونەرییەكان، بەتایبەتی ئەو پڕۆژانەی لە دەرەوەی وڵاتن، بێ سنوور پشتیوانییان لێدەكرێت، لە كاتێكدا هونەرمەندانی ناوخۆ ڕووبەڕووی كەموكووڕیی زۆر دەبنەوە. بەرپرسیارێتیی سەرەكی لە پاراستنی مافی هونەرمەندان و پشتیوانیكردنیان لەسەر كۆمپانیا هونەرییەكانە، نەك تەنیا لەسەر حكومەت. دەبێت كۆمپانیاكان ڕۆڵی خۆیان ببینن لە ناساندن و پشتیوانیكردنی هونەرمەندەكانیان و گرێبەستی دادپەروەرانەیان لەگەڵدا ببەستن.
هەروەها باس لەوە دەكرێت كە كەلتوور و هونەری كوردی بەردەوامە و لە نێو نەتەوە و زمانە جیاوازەكاندا باس و خواستی لەسەرە، ئەمەش ئەركێكی گەورە دەخاتە سەر حكومەت و كۆمپانیاكان بۆ پاراستنی ئەم سامانە نەتەوەییە. پێویستە یاسای تایبەت دابنرێت، بۆ پاراستنی مافی هونەرمەندان، بەتایبەتی لەگەڵ فراوانبوونی پلاتفۆرمەكانی وەك یوتیوب و سۆشیال میدیا.
لەم چوارچێوەیەدا نموونەی كۆمپانیایەك دەهێنرێتەوە كە بنكەی سەرەكیی لە ئیستەنبوڵە و گرێبەستی لەگەڵ خانەوادەی چەندین هونەرمەندی ناوداری كورد كردووە، وەكو هونەرمەندان محەمەد عارف جزیری و ئەیاز زاخۆیی، ئەردەوان زاخۆیی، تەحسین تەها، شوكری ڕێكانی و چەندین هونەرمەندی دیكە مۆر كردووە. ئەم گرێبەستانە مافی هونەرمەندەكان دەپارێزن و داهاتێكی مسۆگەر بۆ خێزانەكانیان دابین دەكەن و ٧٠%ی داهاتی بۆ هونەرمەند و ٣٠%ی بۆ كۆمپانیایە. هەرچەندە ئەمە هەنگاوێكی باشە، بەڵام بەس نییە و پێویستە كارێكی زۆر زیاتر بۆ گەشەپێدانی هونەر و كەلتووری كوردی بكرێت. هونەر وەك زمانێكی گشتگیر و كاریگەر دەناسرێت، كە پەیامی ناسنامەی نەتەوەیی بە خێراترین كات دەگەیەنێتە جیهان، لەم ڕێگایەوە هونەرمەندان دەتوانن بەرهەمەكانیان وەك (تابلۆ، گۆرانی، یان شانۆ و...) بەكار بهێنن بۆ گەیاندنی پەیامە گرنگەكان. نموونەی وەك سەمفۆنیای دڵشاد محەمەد سەعید بۆ كارەساتی شنگال و گۆرانییەكانی شڤان پەروەر بۆ شۆڕشی كوردستان، بەڵگەن لەسەر كاریگەریی هونەر لە گەیاندنی پەیام و هەستەكان.
لە كۆتاییدا جەخت لەوە دەكەمەوە كە دانانی یاسا و پڕۆژەی گونجاو بۆ پاراستنی مافی هونەرمەندان، نەك تەنیا بارگرانی لەسەر حكومەت كەم دەكاتەوە، بەڵكو هانی هونەرمەندانیش دەدات بۆ داهێنان و پێشخستنی كارەكانیان بە كوالێتییەكی بەرزتر.
