وەلید خالید پسپۆڕی هونەری لە زاخۆ: هونەر هاوشانی زمان و ئاڵا و كەلتوور، بەشێكە لە دروستكردنی ناسنامەی نەتەوەییمان
زۆرجار هونەرمەندان بەهۆی جیاوازییەكانیانەوە دەردەكەون، كەسێك بۆ ئەوەی بە هونەرمەند دابنرێت، پێویستە چەندین فلتەر تێپەڕێنێت. بە پلەی یەكەم دەبێت لێژنەیەكی هونەریی تایبەت كە خاوەن پسپۆڕی و شارەزایی و ئەكادیمی بێت، كار لەسەر ئەمە بكات. كاتێك هونەرمەندێك قسە دەكات، دەبێت ئەم فلتەرانە تێپەڕێنێت. ئەم فلتەرانە دەبێت بوارەكانی (وشە، ئاواز، هونەر، دەنگ، و بابەتەكانی مۆسیقا و...هتد) بگرێتەوە. دوای تێپەڕاندنی ئەم فلتەرانە، ئەو لێژنەیە بڕیار لەسەر كاری هونەرمەندەكە بدات. بۆ ئەم مەبەستە هونەری كوردی پێویستی بە لێژنەیەكی تایبەت هەیە كە هەڵسەنگاندنی بۆ بكات، مەبەستم هەڵسەنگاندنە لە بوارەكانی شیعر و وشەكان و ئاواز و ڕیتم و مێلۆدی و دابەشكردن (تەوزیع) و هەموو شتێك بە وردی تاوتوێ بكات، دواتر ئەم تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنە بڕیار بدات كە ئایا كەسێك هونەرمەندە یان هونەرمەند نییە، لەبەر ئەوەی هەر كەسێك لەسەر شەقام گۆرانی بڵێت و بە هونەرمەند دابنرێت، ئەوە كارەسات دروست دەكات. هونەرمەند ئەو كەسەیە كە كاری هونەری دەكات و هونەرمەندی ڕاستەقینە بێت. بۆیە پێم وایە دانانی لێژنەیەكی هونەری زۆر باشتر دەبێت بۆ دەستنیشانكردن و هەڵسەنگاندنی ئەوەی كێ هونەرمەندە و كێ هونەرمەند نییە و كارە هونەرییەكەی لە چ ئاستێكدایە.
