مەهدی ساڵح هونەرمەندی شانۆكار لە دهۆك: هونەر دەتوانێت میكانیزمێكی كاریگەر بێت بۆ نمایشكردنی ناسنامەی نەتەوەیی

مەهدی ساڵح هونەرمەندی شانۆكار لە دهۆك:  هونەر دەتوانێت میكانیزمێكی كاریگەر بێت  بۆ نمایشكردنی ناسنامەی نەتەوەیی

 

چەندین جار گوتوومە و جەختم لەسەر كردووەتەوە، هونەر ئاوێنەیەكی ڕوونە كە هەموو گەلێك دەتوانێت خۆی تێدا ببینێتەوە و ناسنامەی خۆی لە ڕێگەیەوە بناسێنێت. كاتێك تۆ دەڵێیت هونەر، واتە باسی جیهان دەكەیت، چونكە هونەر زمانێكی گشتگیرە كە هەموو مرۆڤ و نەتەوەیەك دەتوانێت خۆی تێدا بدۆزێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت باسی وڵاتێك بكەین وەك هەرێمی كوردستان، زۆرێك لە وڵاتانی جیهان هەن كە زانیارییان لەسەر هەرێمی كوردستان كەمە، نازانن جوگرافیاكەی چۆنە و چەند دانیشتووانی هەیە، یان شێوازی ژیانی خەڵكەكەی چۆنە. ئەم زانیارییانە بە چ شێوەیەك دەگەنە ئەوان؟ بێگومان لە ڕێگەی هونەرەوە، بەتایبەت لە ڕێگەی سینەماوە، چونكە سینەما خۆی بریتییە لە هونەر.

سەبارەت بە شانۆش، هەرچەندە شانۆ زۆر گرنگە بۆ هەموو نەتەوەیەك، بەڵام زیاتر خاوەنی بینەرێكی تایبەتە و وەك سینەما و دراما بە گشتی پانتایی جیهانی وەرنەگرتووە. سینەما و دراما بە ئاسانی دەتوانن پەیامەكان بگەیەننە جیهان، بەڵام كاریگەریی شانۆ لەسەر ئاستی جیهانی كەمترە، بۆیە دەڵێم ئەگەر بمانەوێت هونەری خۆمان بڵاو بكەینەوە و ناسنامەی گەل و هونەرەكەمان بە گەلانی جیهان بناسێنین، دەبێت گرنگییەكی تایبەت بە دراما و سینەما بدەین. هیچ نەتەوەیەك نییە بێ كەلتوور بێت، هەر وەكو چۆن هیچ نەتەوەیەك نییە بێ مێژوو بێت، هەر نەتەوەیەك خاوەنی مێژوو و كەلتووری تایبەت بە خۆیەتی. كەلتووریش چەندین ڕەهەند و لایەنی هەیە. بۆ نموونە (ناسنامەمان، جلوبەرگمان، شێوازی بەكارهێنانی ئامێرەكانمان، هونەری گۆرانی و موزیكمان، شێوازی سەردان و پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانمان و.. هتد). كەواتە كەلتوور چەمكێكی فراوانە و هەموو ئەمانەش دەبێت ببنە بەشێك لە پێكهاتەی گشتی. ئەگەر ئێمە خاوەنی زۆرینەیەك بین، دەبێت پرسیاری هونەرەكەشی بكەین. هەر نەتەوەیەك دەبێت خاوەنی كەلتوور و هونەری تایبەت بە خۆی بێت، دەبێت گرنگییەكی تایبەت بە بواری دراما و سینەما بدرێت، چونكە ئێمە وەك پێویست گرنگیمان بە بواری دراما و سینەما نەداوە. دەبێت لە قۆناغی داهاتوودا ئەم بابەتە بە شێوەیەكی جددی كاری لەسەر بكرێت. شتێكی زۆر گرنگتر ئەوەیە كە ئەگەر بمانەوێت هونەرەكەمان بە گشتی پێش بخەین، دەبێت كۆتایی بە كاری گرووپایەتی و واسیتەگەری بهێنین. هەر هونەرمەندێك كە بەڕاستی شایەنە و خاوەن خزمەت و مێژوویەكی هونەرییە، دەزانین چەند ماندووبوونی بینیوە، نابێت پشتگوێ بخرێت. پێویستە كارەكان لەسەر بنەمای توانا و بەهرە بن، گرنگە كە ئەمە ببینین و بە تەواوی ڕاست بكرێتەوە، ئەمە رێگە ڕاستەكەیە ئەگەر بمانەوێت هونەرێكی ڕەسەن و بەرز نمایش بكەین.

 

Top