فرسەت حسێن هونەرمەندی گۆرانیبێژ لە دهۆك: هونەری كوردی تێكەڵ بە هونەری بیانی كراوە و ڕەسانەیەتییەكەی شێواندووە

فرسەت حسێن هونەرمەندی گۆرانیبێژ لە دهۆك:  هونەری كوردی تێكەڵ بە هونەری بیانی كراوە و ڕەسانەیەتییەكەی شێواندووە

 

هونەری كوردی بە توندی تێكەڵ بە هونەری توركی و فارسی و عەرەبی كراوە و سیمای ڕەسەنی خۆی شێواندووە. پرسیارەكە لێرەدایە ئەوەیە، چۆن دەتوانین هونەری كوردی بە شێوەیەكی سەردەمیانە و مۆدێرن پێشكەش بە جیهان بكەین، لە هەمان كاتدا پارێزگاری لە ڕەسەنایەتی و كەلتوورە خۆڕسكەكەی بكەین؟ بێگومان كارەكانی ئێستای هونەری كوردی پڕن لە تێكەڵیی هونەری عەرەبی و فارسی و توركی و دەوروبەرمان، كە ئەمە كارێكی هەڵەیە و ستەمێكی گەورەیە لە هونەری كوردی دەكرێت. هونەری كوردی، وەك ناسنامەیەكی نەتەوەیی پێویستی بەوە هەیە، هونەرمەندانی كورد بە شۆڕشێكی هونەرییەوە كار لەسەر دەوروبەری خۆیان بكەن.

سەرباری ئەوەش، كەلتوور و فۆلكلۆر و گۆرانی و میراتی باپیرانمان زۆر دەوڵەمەندە و پڕن لە بەهای بەرز. ئێمە گەلێكین كە لە هونەر و گۆرانی خۆماندا خاوەنی سەرمایەیەكی بێسنوورین، بەتایبەت لە بوونی دەنگبێژە ڕەسەنەكانماندا، بەڵام بەداخەوە ئەم دەوڵەمەندییە بە باشی نەپارێزراوە و نەناسێنراوە. لاوازیی و نەبوونی پاڵپشتیی پێویست لە بارودۆخی مۆسیقای كوردیدا دیارە. ئەمە ئەركێكی گەورەیە لەسەر شانمان كە دەبێت كار لەسەر ناساندن و پەرەپێدانی هونەری خۆمان بەتایبەت گۆرانی و مۆسیقا بكەین. لە ئەمڕۆدا، تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو و ئامێرە مۆدێرنەكان لەبەردەستدان، ئەو دەرفەتەی كە لە حەفتا و هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا بەردەست نەبوو ئێستا لەبەردەستدایە، بۆیە دەبێت هونەرمەندانی ئێمە بە گیانێكی شۆڕشگێڕانە و بە شێوەیەكی چالاكانە دەست بۆ هەموو ئامێرێك و سەكۆیەكی هونەری ببەن، نەك تەنیا وەك مۆسیقاژەن، بەڵكوو وەك هونەرمەندی داهێنەر و خاوەن دیدگای تایبەت كە بتوانن هونەری كوردی بە شێوازێكی نوێ و جیهانی بناسێنن.

 

Top