سەرمایەداریی ژینگەیی

سەرمایەداریی ژینگەیی

 

«ئیكۆكاپیتاڵیزم» كە سەرمایەداریی سەوز و سەرمایەداریی ژینگەییشی پێ دەڵێن، بریتییە لەو گۆشەنیگایەی بیركردنەوە و بینینی سرووشت وەك سەرمایەیەكی سەرەكی كە سەرچاوەی هەموو سامانێكە و، پێویستە لەو پێناوەدا هەموو ڕێگەیەك بگیرێتە بەر بۆ چارەسەركردنی گرفتە ژینگەییەكان و بەدیهێنانی دوو ئامانجی جیاواز لە یەك كاتدا:

یەكەمیان: بەدەستهێنانی قازانج لە كاری بازرگانی لە كۆمەڵگەیەكی سەرمایەداردا.

دووەمیان: پەیڕەوكردنی ڕێكاری پێویست بۆ چاككردنی ئەو زیانانەی كە چالاكییە مرۆییەكان بە ژینگەی دەگەیەنن، بە مانایەكی دیكە خۆی وا دەناسێنێت، كە بیرۆكە و پەیڕەوكردنێكی ئابووریی بازاڕی ئازادە، كە دەرامەتە سرووشتییەكان وەك سەرمایە تەماشا دەكات و، بەشێك لە قازانج دەخاتە خزمەتی پاراستن و بەردەوامیی ژینگە.

 

هۆیەكانی سەرهەڵدانی سەرمایەداریی ژینگەیی لە ڕووانگەی خۆیانەوە

یەكەم: هەسارەی زەوی هەڕەشەی ئەوتۆی كەوتووەتە سەر كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توانای ڕووبەڕووبوونەوەیانی نییە.

دووەم: جیهان پێویستی بەفۆڕمی سەرمایەداریی ئاگادار لە ژینگە و هۆشیار لە گۆڕانی كەشوهەوادا هەیە.

سێیەم: ڕێككەوتننامەكانی پەیوەست بە گۆڕانی كەشوهەوا باش و بەهێزن، بەڵام هۆكار و میكانیزمی جێبەجێكردنیان خراپ و لاوازن.

چوارەم: دامەزراوە داراییەكانی جیهان تەواو ئامادە نەكراون بۆ مامەڵەكردنی تەندروست لەبواری پارەداركردنی پڕۆژەكانی كەمكردنەوەی دەرهاویشتەكان و خۆگونجاندن لەگەڵ كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.

پێنجەم: تەكنۆلۆژیای سەوز بۆ بەرهەمهێنانی وزە لە سەرچاوەی نوێبووەوە و خاوێن، دەرفەتێكی نوێیە بۆ قازانجی دارایی.

شەشەم: سیستمی پیشەسازیی سەرمایەداری لە سەرەتاوە وا دیزاین نەكراوە لەپاڵ بەدەستهێنانی قازانجدا خەمی ژینگە و كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوای هەبێت.

حەوتەم: سەرمایەداری لە پراكتیزەكردنیدا زیانی گەورەی لە ژینگە داوە، بۆیە پێویستە كۆپییەكی دیكە لەخۆی بدۆزێتەوە بۆ كەمكردنەوەی ئەو زیانانە.

هەشتەم: پاراستنی ژینگە و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا بودجە و داراییەكی زۆری دەوێت كە ئەگەر لە ئێستادا نەكرێت، لەوانەیە لە توانای نەوەكانی داهاتوودا نەبێت.

نۆیەم: چڕكردنەوەی ئامانجی سەرمایەداریی تەنیا لە بەدەستهێنانی قازانجدا تەنیا خزمەت بە چینی دەوڵەمەند دەكات، لەسەر حیسابی ژینگە و كەشوهەوا.

دەیەم: دووبارە دابەشكردنەوەی سامان بەجۆرێك خۆشگوزەرانیی مرۆڤ و پاراستنی ژینگە بخرێتە پێش كۆكردنەوە و كەڵەكەكردنی سامان.

ڕەخنە لە سەرمایەداریی ژینگەیی لەڕووانگەی نەیارانییەوە

 یەكەم: ئەوەی چەندین ساڵە هەسارەی زەویی تووشیی پیسبوون و داڕمان كردووە، هەر خودی سەرمایەداریی ڕۆژئاوا و سەرمایەدارانی بووە، نەك تێكڕای مرۆڤایەتی.

دووەم: بیركردنەوە لە سامان و بەدەستهێنانی قازانج، خەمی یەكەمی سەرمایەدارییە و، ئامادە نییە بەشداری بكات بە بەشێك لە دارایی و قازانجەكەی بۆ كەمكردنەوەی زیانەكان.

سێیەم: لە دۆزینەوەی چارەسەریشدا هەر سەرمایەدارییە كە قازانج دەكات بە فرۆشتنی تەكنۆلۆژیای سەوز بە وڵاتانی هەژار.

چوارەم: ئیكۆكاپیتاڵیزم لەبری ئەوەی داوای گۆڕینی ڕیشەیی سیستمی سەرمایەداریی بكات، كێشەكان لە ڕێگەی گۆڕینی لەسەرخۆی ڕەفتاری تاك و كۆمەڵگەوە چارەسەر بكات.

پێنجەم: ئیكۆكاپیتاڵیزم فێڵێكە بۆ خۆدزینەوە لەو كارەساتانەی كە خودی سەرمایەداریی دروستی كردوون لە ڕابردوودا و، بانگەشەش بۆ ئیكۆكاپیتاڵیزم تەنیا گۆڕینی ڕەنگی قاوەیی نەوتی خاوە بۆ ڕەنگی سەوزی وزەی نوێبووەوە.

شەشەم: ئیكۆكاپیتاڵیزم كار دەكات لەسەر كۆكردنەوەی دەستكەوتەكان بۆ خۆی و دابەشكردنی زیانەكان بەسەر ئەوانی دیكەدا، بەزۆر وەك جاران نا، بەڵكو بەپێی ڕێككەوتننامەی ئاڵۆز و ئامادەكرا و كە ئەوەندەی لە بەرژەوەندیی وەبەرهێنەرانی بیانیدان، نیو ئەوەندە لە بەرژەوەندیی خۆشگوزەرانیی گەلانی وڵاتاندا نین.

حەوتەم: ئیكۆكاپیتاڵیزم هۆكارێكە بۆ داپۆشینی كاپیتاڵیزم و هەڵاتن لەو سزایانەی كە دەكرێت ڕووبەڕووی بكرێتەوە بەهۆی پیسكردنی ژینگەو گۆڕانی كەشوهەواوە.

هەشتەم: ڕاستە ئیكۆكاپیتاڵیزم لەژێر ناونیشانی جۆراوجۆردا ملیارەها دۆلاری خستووەتە بازاڕی چارەسەری ژینگەدۆستەكانەوە، بەڵام دواجار هەر ڕاستەوخۆ خراوەتە بەردەستی كۆمپانیاكانی خۆیانەوە و بە ناڕاستەوخۆش سوودێكی كەمی بۆ وڵاتانی زیانلێكەوتوو هەبووە.

نۆیەم: ئیكۆكاپیتاڵیزم لەبواری دۆزینەوەی هەلی نوێی كاری ناسراویش بەپیشە سەوزەكان، ئەوەندەی هەل و دەرفەتی كاری بۆ ژمێریاران و پارێزەران و ڕاوێژكاران و شارەزایانی ناوخۆی خۆی دۆزیوەتەوە، ئەوەندە هەلی كارەی بۆ كەسانی ئاسایی بەردەست نەخستووە.

دەیەم: ئیكۆكاپیتاڵیزم هەرچەندە خۆی لە بەرگی بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوامدا دەنوێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا لە ماوەی بیست ساڵی ڕابووردوودا ڕێگر بووە لە دابینكردنی پێداویستییەكانی گەشەپێدانی بەردەوامدا، وەك لە كۆنگرەی (لووتكەی زەوی)ی بەرازیلدا بە وردی باس كراون.

یازدەهەم: ئیكۆكاپیتاڵیزم هۆكار بووە لە كەمكردنەوەی ڕووبەری زۆرێك لە زەوییە كشتوكاڵییەكان بەهۆی ئەزموونكردنی سووتەمەنیی سەوز و، بەمەش زیانی زۆری بە ئاسایشی خۆراك گەیاندووە لەلای هاووڵاتیانی وڵاتە تازە گەشەسەندووەكان.

Top