لە ساڵوەگەڕی ڕۆژی جیهانیی كچاندا داوا دەكرێت گرنگی زیاتریان پێبدرێت
بە مەبەستی تیشك خستنەسەر كێشەكانی كچان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو و نەهێشتنی بەربەستەكانی بەردەم پراكتیزەكردنی مافەكانیان و دابینكردنی ژیانێكی باشتر و نەهێشتنی جیاكاری ڕەگەزی، لە ڕێكەوتی 19/10/2011 نەتەوە یەكگرتووەكان بە بڕیاری ژمارە 66/70 بڕیاری دا ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی كچ لە جیهان بناسرێت، بۆ یەكەمجاریش نەتەوە یەكگرتووەكان لە 11/10/2012 یادی ڕۆژی جیهانیی كچانی كردەوە، تەنانەت ساڵی 2015 لەلایەن بان كیمۆنی سكرتێری گشتی پێشووی نەتەوە یەكگرتووەكان كرا بە ساڵی كچان و لەلایەن كۆمەڵێ وڵات واژووی لەسەر كرا و پەسند كرا، گرنگترین هەوڵەكانیش بۆ برەودان بە خوێندنی كچان و وەبەرهێنان لە كچان بوو، لە ساڵوەگەڕی ڕۆژی جیهانیی كچان چۆن دەكرێ كچان لەسەر ئەوە ڕابهێنین كە بڕوای تەواویان بە تواناكانیان هەبێت و هەرگیز چەوساندنەوە و ژێردەستەیی بەمیراتی خۆیان نەزانن؟ چۆن دەكرێ خودی خۆیان ئەو بەربەستانە بشكێنن؟ بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان وەڵامی پرسیارەكان دەدەنەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
عەبدولخالق ئیبراهیم مستەفا، مامۆستای ڕاگەیاندن لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، هێما بۆ ئەوە دەكات كە «بەو پێیەی مرۆڤ بونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە و بەشێكی زۆر لە بەها و پێوەر و دنیابینییەكەی لە ژینگە كۆمەڵایەتییەكەی وەردەگرێت، هەر لە خێزانەوە تا دەگاتە قوتابخانە و مزگەوت و ڕاگەیاندن، ئەوەی من زۆر بە گرنگ و فاكتەری هەرە كاریگەری دەبینم لە پێگەیاندنی كەسێتی كچ لە كۆمەڵگەی كوردی بریتییە لە ڕۆڵی دایك و باوك، دایك و باوك لەو ڕووەوە هەم دەرد و هەم دەرمانن، دایك و باوكی رۆشنبیر و خوێندەوار و هۆشیار جگە لەوەی خۆیان چاوگەیەكی سەرەكی گواستنەوەی بەهای جوان و بیری داهێنانكارانەن بۆ منداڵەكانییان، لە هەمان كاتدا دەتوانن ببن بە فلتەری رێگرتن و كەمكردنەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی راگەیاندن و فاكتەرەكانی دیكە، خۆ ئەگەر باوان لەم ئاستەی بەرپرسیاریەتیدا نەبن و بە ئەندازەی هەستیاریەكەی هەگبەی رۆشنبیری و باكگراوندی دەروونزانی پڕ و بەهێز نەبن، ئەوكات فاكتەر و كارەكتەرە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە رۆڵ و كاریگەرییە نەرێنییەكانیان دوو هێندە و چەند هێندە زیاتر دەبێت و شوێنی ئەو رۆڵەی باوانیش دەگرنەوە، بۆ كچ ئەم بابەتە هەستیارترە و باوان دەبێت لەرووی متمانەبەخۆبوون و ئاشناكردنی بەو بەربەست و تەحەدییە چاوەڕوانكراوانەی كۆمەڵگە و شێوازی زاڵبوون بەسەریان دەبێتە یارمەتیدەر و رێنیشاندەرێكی باشی كچ تا بزانێت ڕێگای خۆسەلماندن و بەدیهێنانی خود بە گوڵ نەچنراوە».
نازەنین عەزیز چالاكی بواری مافەكانی ئافرەتە و لەمبارەیەوە دەڵێت: «لە بابەتی پەروەردەكردنی كچاندا دایكان یاخود باوكان لە كۆمەڵگەی ئێمە دا هەمیشە هەول دەدەن سەركردە بن و بەپێی ئەو یاسایانەی كەخۆیان پێیان باشە منالەكانیان ڕەفتار بكەن، چاوەرێی ئەوە لەكچەكەی دەكات كە كچێكی بێ كەم وكوری وكێشە بێت،هەرگیز یاساشكێنی قسەكانی ناو خێزان نەكات ولەژێر كۆنتڕۆڵی دایك وباوكی دابێ ئەوە رەنگە لەتەمەنی بچوكی كچەكەدا كاریگەری هەبێ بەڵام بەتێپەربونی كات وگەورەبونی كچكەو لە كۆمەڵگاو ژینگەیێكی گەورەتردا لەوانەیە كۆنتڕۆڵ كردنی كچ ئەوندە كاریگەری نەبێ و كچەكە بگاتە ئاستێك بڵێ تەواو چیتر یاساكانی ئێوە پەیرەو ناكەم،دەبێ بزانین سەپاندنی یاسای زۆر بەسەر منداڵان تایبەت كچەكان كەسایەتی منداڵ ئەشێوێنێ بۆیە دەبێت یاساكان كەم و كاریگەر بن و لەگەڵ ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژین یەكانگیر بێ، بەرزبوونەوەی ڕێژەی وەرگرتنی پەروەردە لەلایەن كچانەوە پەیوەستە بەبەرزبونەوەی بەرچاوی گەشەسەندنی كۆمەڵایەتی، پەروەردەكردنی كچ وەك پەروەردەكردنی گوڵ وایە پێویستی بەخاك وئاوو روناكی وگرنگی پێدانە،ئەبێ دایك باوك هوشیار بن لەپەروەردەكردنی منداڵەكانیان بەتایبەت كچەكانیان چونكە ئەو كچانەی پێگەییشتنی كۆمەڵایەتی باشیان نیە ژیانێكی ناحەزی دەبێ، پێویستە كچەكە فێر بكرێ چ شتێك ورەفتارێك خوازراوەو چ خوازراو نییە بۆ ئەوەی ببنە هاووڵاتیەكی گەشەسەندو لەجیهانی گەورەو فراوانی دەرەوەی خێزاندا،رەفتاری باوك لەناو خێزاندا زۆر گرنگە كە پێویستە ڕێز لەكەسایەتی هاوسەرو كچەكانی بگرێ خۆشەویستی پێ بەخشێ نەرم ونیان بێ لەگەیاندنی پەیامی پەروەردەكردنیدا چونكە گەر كچ لەلایەن باوكی خۆشەویستی بۆ دەرنەبڕدرێ لەدەرەوە لەلایەن كەسانێكی ناپێگەییشتو زەفەری پێ دەبردرێ وبەڕێگای هەلە قەرەبوی خۆشەویستی ئەو خۆشەویستییە دەكاتەوە كەپێویست بو لەلایەن باوكیەوە پێی بدرابا، كۆندالیزا رایس كەساڵانێك وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بو لەگێرانەوەی ژیانیدا دەڵێت، كاتی خۆی كە منداڵ بوم باوكم كەمنی دەبردە قوتابخانە منی بەپێش كۆشكی سپیدا دەبرد هەمیشە پێی دەوتم كچم ئەوە شوێنی كاری تۆیە لە ئاییندەدا، بۆیە ئەو هاندان و بیرو باوەڕەم لەمێشكم دا گەورە كە هەوڵ دەم وئەو ئاوات وكەسایەتیە بەدی بێنم كە باوكم لەمنداڵی لەمێشكم دا دروستی كردبوو، بۆیە وتە وكردارو رەفتاری دایك و باوك لەناو خێزاندا لە ئاییندەسازی و چارەنوسی منداڵان نەخشێكی زۆرگرنگی هەیە بۆیە پێویستە لەناو خێزاندا هەمیشە دایكان وباوكان بەكچەكانیان بڵێن هیواو ئاواتەكانتان دیاری بكەن بۆی بجەنگن و ئێمەش یارمەتی دەرتان دەبین، ئەم جۆرە پەروەردەیە وادەكات كچەكان باوەڕیان بەتواناكانیان هەبێ وبەهێز بن بەرانبەر قەیرانەكانی ژیان، بۆچونێك هەیە دەڵێت، ڕۆحی منداڵان بەسروشت پاك وبێ گەردە بەڵام كۆمەڵگەو كەلتور دەیشێوێنێت،بۆیە پێویستە دایكان باوكان قوتابخانەیێك بن بۆ پێگەیاندن وپێگەییشتنی كچەكانیان وڕاستكردنەوەی ئەو ڕۆحە پاك وبێگەردەی كە كۆمەڵگە و كلتوور شێواندبێتی».
د. بارزان سەباح مامۆستای زانكۆیە و سەبارەت بە گرنگیدان بە پەروەردەی كچان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە « پەروەردە بە گشتی بنەمای پەرەپێدانی كۆمەڵگا و نەتەوەیە. ئەگەر ئافرەتان و كچان لە مەیدانی فێربوون و بەرەوپێشچوون بە شێوەیەكی تەواو بەشدار نەبن، ئەو كۆمەڵگایە بە ئاسانی ناتوانێت بەهێز بێت و بەرەوپێش بڕوات. بۆیە گرنگی دان بە پەروەردەكردنی كچان هەنگاوێكی ستراتیژییە بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو، دادپەروەر و بەهێز.
لە ڕووی ئابوورییەوە، كچانی خوێندەوار دەتوانن بەشدارییان لە بازاڕی كاركردندا هەبێت و داهاتی خێزانەكان زیاد بكەن. ئەمەش وەبەرهێنان لە بواری تەندروستی، خوراك و پەروەردەی منداڵاندا لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. پەروەردەكردنی كچان یەكێكە لە بنەڕەتییەكانی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و ئابووری. كاتێك كچان دەسەڵاتی خوێندن و فێربوونیان هەیە، ئەوان دەبنە هێزێكی كاریگەر بۆ پێشخستنی خێزان و كۆمەڵگا.
سوود لە پەروەردەكردنی كچاندا ئەوەیە كە ڕێژەی مردنی منداڵان كەم دەكاتەوە، چونكە دایكانی خوێندەوار زیاتر لە تەندروستی منداڵەكانیان ئاگادارن و باشتر چاودێریان دەكەن، چونكە كچانی پەروەردەكراو ڕۆڵێكی گرنگیان لە دروستكردنی كۆمەڵگایەكی یەكسان و دادپەروەردا هەیە. ئەوان دەتوانن بەشداریی چالاكانەیان لە بڕیارگرتنەكاندا هەبێت و دەنگی خۆیان بۆ مافەكانی ژنان بەرز بكەنەوە.
پەروەردەكردنی كچان وەبەرهێنانێكە بۆ ئاییندەی هەموو كۆمەڵگایەك، چونكە كاریگەرییەكەی نە تەنها لەسەر خودی كچەكە، بەڵكو لەسەر نەوەكانی داهاتووش دەبێت. بۆیە گرنگیدان بە پەروەردەكردنی كچان گرنگی دان بە داهاتووی نەتەوەیە. ئەو وڵات و كۆمەڵگایانەی كە پەروەردەكردنی كچان بە شێوەیەكی بنەماوەری پشتیوانی دەكەن، توانایەكانیان بەرز دەبێت لە ئابووری، زانست، كلتور و ڕووناكبیریی كۆمەڵایەتی. بەڵام ئەو كۆمەڵگانەی كە پەروەردەی كچان پشتگوێ دەخەن، خۆیان بە دەست خۆیان داهاتوویان دەهەڵوەشێنن».
