نێرگز عەزیز بۆ گوڵان:نەبوونی ڕێكخراوێكی تایبەتی میوزیك و ژێرخان بۆ بەبازاڕكردن ئاستەنگی بەردەم هونەری كوردین لە دەرەوە

نێرگز عەزیز بۆ گوڵان:نەبوونی ڕێكخراوێكی تایبەتی میوزیك و ژێرخان بۆ بەبازاڕكردن ئاستەنگی بەردەم هونەری كوردین لە دەرەوە

لەنێو كۆمەڵگەی كوردیی دەرەوەی وڵاتدا، چیرۆكی سەركەوتن و داهێنانی هونەری دەدرەوشێتەوە. یەكێك لەم نموونە درەوشاوانە «نێرگز عەزیز» ئافرەتێكی هونەرمەندی كوردە، كە وڵاتی سویدی كردووەتە ماڵی دووەمی خۆی، بەڵام دڵی هەمیشە لەگەڵ ئاواز و ڕەسەنایەتیی كوردستاندا لێدەدات.

ئەم هونەرمەندە خاوەنی بەهرەیەكی فرەڕەهەندە و توانای ژەنینی چەندین ئامێری مۆسیقای هەیە. لە نێو پەنجەكانیدا، ئاوازە ڕەسەنەكانی ئامێرە كوردییەكان گوێگر دەبەنە جیهانێكی پڕ لە هەست و جوانی.

مۆسیقاكەی تەنیا كۆمەڵێك نۆتە و ئاواز نییە، بەڵكو گەشتێكە بەنێو یادەوەریی نیشتمان و ناسنامەی كوردیدا. ئەو لە ڕێگەی هونەرەكەیەوە پردێك لە نێوان دوو كەلتووری جیاوازدا دروست دەكات؛ كەلتووری كوردیی دەوڵەمەند و كەلتووری ئەوروپیی مۆدێرن.

*چی بووە ئیلهامبەخشت بۆ هەڵبژاردنی ژەنینی ئامێرە مۆسیقییە كوردییە ڕەسەن و دێرینەكان، و كاروانی هونەریت لەگەڵ ئەم ئامێرانەدا كەی و چۆن دەستی پێكرد؟

-هەر لە سەرەتای یادەوەرییەكانی منداڵیمەوە بەهرەی هونەریم پەروەردە بووە بە دەنگ و میوزیكی كوردی، بە زمانێك ئاشنا بووم كە دەرگا بە ڕووی ڕۆحی كەلتوورە جیاوازەكاندا دەكاتەوە.

نێرگز عەزیز بۆ گوڵان:نەبوونی ڕێكخراوێكی تایبەتی میوزیك و ژێرخان بۆ بەبازاڕكردن ئاستەنگی بەردەم هونەری كوردین لە دەرەوە

*ئەو ئامێرە مۆسیقییە كوردییانە كامانەن كە زیاتر دەیانژەنیت؟

-ئامێری سەرەكیی من سازە، بەڵام ئامێرەكانی دیكەیش دەژەنم و خۆشم دەوێن.

*چی وادەكات هەر ئامێرێك لە ڕووی دەنگ و مێژووەوە تایبەت و جیاواز بێت؟

-پێكهاتەكەی، واتە لە چ مادەیەك دروست كراوە وەك: دار، كانزا، بامبۆ و مادە خاوەكانی دیكە، ئەمانە كاریگەری و گۆڕانكاری لەسەر دەنگی ئامێرەكە دروست دەكەن، هەروەها شێوازی ژەنین لە كلتورێك بۆ كلتورێكی دیكە جیاوازە، بەمەش ناسنامەی میوزیك لە قاڵب دەدات، توانای كەسی واتە هەر میوزیسیانێك تەكنیك و ئەزموون و هەستی خۆی تێكەڵی ژەنین دەكات، ئەمەش دەنگەكان ناوازە تر دەكات.

*چۆن زانیاری دەربارەی ئامێرە مۆسیقییە كۆنەكان كۆ دەكەیتەوە؟

-زانیاری دەربارەی ئامێرە میوزیكییە كۆنەكان بە پێكەوەبەستنەوەی سەرچاوە مێژووییەكان و لێكۆڵینەوە لە شوێنەوارە پارێزراوەكان و توێژینەوە مەیدانییەكانی ئێتنۆمیوزیكۆلۆژی، ئایكۆنۆگرافی، شیكاریی دەنگی و لێكۆڵینەوەی بەراوردكاری كۆ دەكەمەوە، ئەم شێوازە وێنەیەكی گشتگیرم بۆ دروست دەكات لە گرنگیی كەلتووری ئامێرەكان.

نێرگز عەزیز بۆ گوڵان:نەبوونی ڕێكخراوێكی تایبەتی میوزیك و ژێرخان بۆ بەبازاڕكردن ئاستەنگی بەردەم هونەری كوردین لە دەرەوە

*لەكاتی پێشكەشكردنەوەی گۆرانییە كەلەپوورییە كۆن و نوێیەكاندا، چۆن هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی ڕەسەنایەتی و زیادكردنی شوێنپەنجەی تایبەتیی خۆتدا ڕادەگریت؟

-هاوسەنگیكردن لە نێوان بەرهەمی نەریتی و مۆدێرندا هەم پێویستی بە تێگەشتنێكی قووڵە لە ڕەگ و ڕیشەی كلتوری و تەكنیكی بەرهەمەكە و هەمیش بە بە داهێنان هەیە، بەڵام بە هۆشیارانە، تا ئاوازەكە ناسنامەی كەلتووری لەدەست نەدات.

*دیارترین ئەو ئاستەنگانە چین كە ڕووبەڕووت دەبنەوە لە ناساندنی مۆسیقای كوردی لە دەرەوەی كوردستان؟

-بەشێوەیەكی گشتی نەبوونی ژێرخان بۆ بڵاوكردنەوە و بەبازاڕكردن، هەروەها لاوازیی پەیوەندیی نێوان هوونەرمەندان بەهۆی نەبوونی ڕێكخراوێكی میوزیكی تایبەت بۆ بەرەوپێشبردنی میوزیكی كوردی لەسەر ئاستی نێوە دەوڵەتی.

*پەیوەندیی نێوان مۆسیقای كوردی و مۆسیقای جیهانی چۆن دەبینیت؟ ئایا هیچ كاریگەرییەكی هاوبەش هەیە كە لە كاتی لێكۆڵینەوەكانتدا تێبینیت كردبێت؟

-لە ڕوانگەی گەڕان و توێژینەوەكان میوزیكی كوردی بە تەرازوی مۆدالی و توانسە مایكرۆتۆنالییەكان و پێكهاتە ڕیتمییە ئاڵۆزەكانییەوە، بەشێكی گرنگە لە موزیكی جیهانی و كاریگەرییان بەسەر یەكەوە هەیە، لە توێژینەوە و ئەزموونە مەیدانییەكاندا ڕوونە كە كاریگەرییەكان دوو ئاراستەن، لە لایەك میوزیكی كوردی لە ڕێگەی ناوچەی مێژوویی و جوگرافیاوە كەوتووەتە ژێر كاریگەریی نەریتی موزیكی فارسی، توركی و عەرەبی، لە لایەكی دیكەوە میوزیكی جیهانی مۆدێرن.

*ئایا هیچ هونەرمەندێك یان كەلتوورێكی مۆسیقیی جیهانی كاریگەریی لەسەر كارەكانت هەبووە، ئەی ئەم كاریگەرییانە چۆن لە داهێنانەكانتدا ڕەنگ دەدەنەوە؟

-بەڵێ كارەكانم كەوتووەتە ژێر كاریگەریی نەریتی میوزیكی جیهانی و هونەرمەندی جۆراوجۆر، ئەم كاریگەرییانە مۆركی ڕەسەنایەتیی ئاوازی كوردییان نەگرتووەتەوە، بەڵكو دەوڵەمەندتریان كردووە، ڕێگەم داوە هارمۆنی و ڕێكخستن و هەندێك ئامێر لە كەلتوورەكانی دیكە ئیلهامیان لێ وەربگرم.

*كاریگەریی مۆسیقای كوردی لەسەر كەسایەتی و ژیانی ڕۆژانەت چۆن وەسف دەكەیت؟ ئایا پێت وایە كاریگەرییەكی هاوشێوەی لەسەر جەماوەریش هەیە؟

-میوزیكی كوردی لە ژەنینەكانمدا وەك سەرچاوەیەكی سۆزداری و كەلتووری و ئیلهامبەخشی داهێنەرانە كاریگەریی هەیە، پێموایە ئەم كاریگەرییە تەنیا لەسەر من نییە بەڵكو لە زۆرێك لە تاكی كوردیدا هاوبەشە.

*ئاستی شارەزایی ئەوروپییەكان سەبارەت بە مۆسیقای كوردی تاچەندە و، ئایا هیچ هەوڵێكت هەیە بۆ پتەوكردنی ئەم شارەزاییە؟

-بەڕای من ئاستی شارەزایی ناسانی میوزیكی ئەوروپی سنووردارە بەرامبەر بە هوونەری میوزیكی كوردی، ئەو زانیارییانەی كە هەیانە زۆر جار بەشێوەیەكی گشتییە. لە هەوڵدام بۆ پتەوكردنی ئەم شارەزاییە لە ڕێگەی هونەر و فەرهەنگ و تەكنەلۆژیا لە ڕێگەی پەخشكردنیان لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و پلاتفۆرمەكانیان، بۆ ئەوەی دەنگ و ڕەنگی میوزیكی كوردی بگاتە گوێی جیهان.

*بەرنامەت چییە بۆ بڵاوكردنەوەی كەلەپووری مۆسیقای كوردی لە داهاتوو، چ لە ڕێگەی ژەنینەوە بێت یان لێكۆڵینەوە، یان هەماهەنگی لەگەڵ هونەرمەندە جیهانییەكان؟

-میوزیك وەك سەكۆیەكی هاوبەشە بۆ پاراستنی زمان و مێژوو و ئەزموونە بەكۆمەڵەكان، لە هەمان كاتدا پێكەوەیی و بەهێزكردنی شوناسی كەلتووری، چ لە كوردستان و چ لە ڕەوەنددا، خزمەت دەكات.

Top