خۆشی عەلی محەمەد: پێویستە هەوڵەكانی ئافرەت بەرز بنرخێندرێت نەك بە بیانووی لادان لە یاسا و ڕێسای كۆمەڵگە، ڕێگە لە تێكۆشانیان بگیرێت
خۆشی عەلی محەمەد خانمە ئارایشتگەرێكی بە ئەزموون و چالاكە، توانیویەتی سوود لە بەهرە و تواناكانی وەربگرێت و ببێتە خاوەنكاری خۆی، وەك خۆی باسیدەكات نزیكەی دە ساڵە كاری ئارایشتگەری دەكات و لەم ڕێگەیەوە داهاتی خۆی دەستەبەر دەكات.
خۆشی عەلی ساڵی 1991 لە شاری سلێمانی لە دایكبووە و هەڵگری بڕوانامەی دیبلۆمە لە تەكنەلۆژیای زانیاری، لە دیدارێكیدا ئەزموون و هەوڵ و كۆششی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باس دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«هەموو كەسێك بەهرە و توانای دیاریكراوی تایبەت بە خۆی هەیە، منیش حەزێكی بێسنوورم بۆ كاری ئارایشت هەبوو لە تواناكانی خۆشم دڵنیابووم كە بە كاركردنم لەو بوارەدا سەركەوتن بە دەست دەهێنم، پێموایە پێویستە تاكەكانی كۆمەڵگە لەوە هۆشیار بكرێنەوە كە چۆن پیاوان حەز و خولیایان هەیە و كێبڕكێ دەكەن و بۆ بە دەستهێنانی ئامانجەكانیان هەوڵدەدەن، بە هەمان شێوەش ئافرەتان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان حەز و خولیایان هەیە و پێویستە ڕێگرییان لێ نەكرێت و هەوڵەكانیان بەرز بنرخێندرێن و پشتگیرییان لێ بكرێت، نەك بە بیانووی لادان لە ڕێسا و یاسای دابونەریتی نێو كۆمەڵگە بە چاوێكی كەم سەیری تێكۆشانی ئافرەت بكرێت، بە خۆشحاڵییەوە لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە خاوەنكاری خۆمم كە پیشەی ئارایشتگەرییە،
هۆكاری سەركەوتنیشم لەم كارە خۆشەویستیمە بۆ كارەكەم و بە كارهێنانی باشترین بەرهەمە جیهانییەكان بۆخزمەتی خانمان، ڕازی بوونی ئەو خاتونانەی سەردانمان دەكەن هۆكارێكی ترە بۆ ئەوەی هەمیشە هەوڵی پێشكەشكردنی باشترین خزمەت بدەم بۆ سەردانیكەرەكانم».
ئەو خانمە خاوەنكارە لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «زۆر گرنگە ئافرەت خاوەن ئابووریی سەربەخۆی خۆی بێت لە بەر ئەم دوو هۆكارە:
1_بۆ بە هێزكردنی پێگەی كۆمەڵایەتی خۆی، هیچ كات ملكەچی كەس نابێت لە پێناو دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیانی، بەڵكو بە هێزی بازووی خۆی پێداویستییەكانی دابین بكات وخۆی خاوەنی بڕیاردان بێت لە ژیانی خۆی و كەس ڕێگە لە ئازادییەكانی نەگرێت .
2_كاركردنی ئافرەتان یارمەتیدەرێكی باشە بۆ باشتركردنی باری ئابووریی خۆی و خێزانەكەشی، ئەگەر سەرنج بدەین ئافرەتانی كورد بە درێژایی مێژوو شان بە شانی پیاوان كاریان كردووە و لە هەموو قۆناغەكانی ژیاندا جێ پەنجەیان دیار بووە، بەڵكو ئەركی ژنان قورستر بووە سەرەڕای ئەركی دەرەوە بە خێوكردنی منداڵ و بەڕێوەبردنی ماڵیشیان لە ئەستۆ بووە».
سەبارەت بە پشتگیری خێزانیش دەڵێت: « پاڵپشتی خێزان بۆ بەرەوپێشچوونی ئافرەت زۆر گرنگە بە تایبەت لەو بوارەی كە كاری تێدا دەكات، تەنانەت لە ڕووی دەروونییەوە یارمەتیدەری دەبێت تاوەكو بەرهەمی باشتر پێشكەش بكات، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی بەربەست نابێت ڕاستەوخۆ بكشێینەوە و واز لە خەون و خولیاكانمان بهێنین، بەڵكو پێویستە بە ئیرادە و هێز بەربەستەكان تێكبشكێنین و بۆ خێزان و كۆمەڵگە ببینە پێشەنگ».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا ئامانجت لە كاركردن و خستنەڕووی بەهرە و تواناكات چی بوو؟ ئەو گوتی: « ئامانجم لە كاركردنم ئەوە بوو كە سەرچاوەیەكی داهاتم هەبێت بۆ ڕایی كردنی ژیانی خۆم، هەروەها ڕەخساندنی هەلی كار بۆ خانمانی دیكە، جگە لەمانە كارەكەی خۆم زۆر بە پیرۆز دەزانم چونكە بە شێوەیەكی گشتی خزمەتكردنە بە چینی خانمان. دڵخۆشم كە توانیومە بەردەوام هەلی كار بۆ خانمان بڕەخسێنم و لە ئێستادا سێ خانمی بەڕێز كارم لەگەڵ دەكەن، لەلایەكی دیكەوە بەردەوام و بێ بەرامبەر فێركاری پێشكەش بەو فێرخوازانە دەكەم كە خولیای فێربوونی كارەكەیان هەیە و هاوكاریان دەبم تاوەكو دەبنە خاوەنكاری خۆیان و لە ئێستاشدا چەندین ئافرەت بوونەتە خاوەن ئارایشتگای خۆیان، ئامانجیشم لەو كارەم ئەوەیە ئافرەت خاوەنكاری خۆی بێت و لەسەر پێی خۆی بوەستێت».
