جیهانی وەرزش جیهانێکی خۆش و تایبەتە
لەنیا ئومێد یاریزانی كاراتێ یانەی خورماڵ
جیهانی وەرزش جیهانێکی خۆش و تایبەتە
قەزا و ناحیەكانی سەر بە پارێزگانی شارەكانی كوردستان بەردەوامم گرنگی بە یارییە تاكییەكان دەدەن و ئەنجامەكانیان شایستەیە لە سەر ئاستی كوردستان و عێراقی و دەرەوەش، ناحیەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە یەكێك لەم یانانەیە كە گرنگییەكی زۆر بە یارییەكانی ئافرەتان دەدەن و ئەنجامەكانیشان لە سەر ئاستی عێراق و كوردستان بەرچاو بووە،تیپی كاراتێ یانەی وەرزشی خورماڵ یەكێك لە تیپە بەهێزەكانی پارێزگاكەی هەڵەبجەیە و لە سەر ئاستی یانەكانی ئەو ناوچەیە ئاست و ئەنجامەكانیان بەرچاوە، ئەم یانەیە خاوەن چەندین كچە یاریزانی ئاست بەرزن و چاوەڕوانی ئەنجامی باشیان لێ دەكرێت لە داهاتوودا یەكێك لە كچە یاریزانە پاڵەوانەكانیش كە ئەنجامەكانی بەرچاوە لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق ئەویش لەنیا ئومێد-ە، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2011 لە خۆرماڵ لەدایك بووە و یاریزانی تیپی كاراتێ یانەی خورماڵە پێشووتر تیپی كاراتێ شەهیدان یاری كردوە، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد.
*چۆن بوو هاتیتە نێو جیهانی وەرزش؟
- جیهانی وەرزش جیهانێکی خۆش و تایبەتە و پڕە لەچالاکی و ڕکابەری و سەلامەتییە بۆ جەستە و ڕۆح، لە هەمان کاتدا دوورە لە سەرقاڵی و ناڕەحەتییەکانی ژیان.
*لە نێو ئەم هەموو یارییە وەرزشییە جۆراوجۆرە چۆن بوو بڕیارتدایاری كاراتێ هەڵبژێری ؟
- لەبەرئەوەی یاری کاراتیی زیاتر یاریی تاکەکەسییە و پێویستی بە هێز و متمانەی یاریزانەکە هەیە و جیاوازە لە یارییە بەکۆمەڵەکانی دیكه .
*هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە زیاتر شەڕانگێزییە؟
- ڕاستە یارییەکی قورسە، بەڵام یارییە قورسەکان زیاتر پاڵەوان دروست دەکەن و منیش دەمەوێت ببمە پاڵەوانی ئەم یارییە.
*ئاستی یاری كاراتێ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- هەرچەندە بەپێی پێویست گرنیگی بەم یارییە نادرێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خەڵک زیاتر ئاشنا دەبن بە کاراتێ و ڕووی تێدەکەن.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی یاری كاراتێ لە شارەكانی كوردستان؟
- پێویستە لایەنی پەیوەندیدار گرنیگی زیاتر بدات بە یاری کاراتێ و دوور لە سیاسەت پاڵپشتی دارایی یانەکان بکات ، و پاڵەوانییەتی زیاتر یکاتەوە بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی ئاستی یاریزانان.
*پێت وایە یانەكانی كوردستان ئەم یارییەیان لە ئاستی كچان پشتگوێ خستووە؟
- ناتوانین بڵێین هەموو یانەکان پشتگوێیان خستووە، بەڵام هەندێک لە یانەکان کەمتر گرنیگی بە کاراتیی کچان دەدەن، ئەویش لەبەر هەندێک هۆکاری وەک لایەنی ئایینی و کلتوری کۆمەڵگەکەمان، کاریگەری هەیە لەسەر ڕێژەی بەشداری کچان لە یاری کاراتیدا.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە پاڵەوانێك؟
- بەرنامەم ئەوەیە ان شاو الله ببمە پاڵەوانیی جیهانیی و نازناو بۆ وڵاتەکەم بەدەستبهێنم و لەم یارییەدا خزمەت بەکۆمەڵگەی کوردی بکەم.
*سەركەوتن و ئەنجامی باش چیت پێ دەبەخشێ؟
- سەرکەوتن هەستێکی خۆش و تایبەتم پێدەبەخشێت و ماندوبوونم لەبیردەباتەوە و دەبێتە هۆی دڵخۆشیی ڕاهێنەرەکانیشم.
*كێ بە ڕكابەری خۆت دەزانی لەم یارییە؟
- بەهۆی ڕاهێنەرە باشەکانم و متمانەی تەواوم بەخۆمه، دەتوانم ڕکابەریی هەر یاریزانێک بکەم لە پاڵەوانییەتییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
*هیواو و ئاواتت لە وەرزش كردن، دەتەوێ چی بەدەست بهێنێ؟
- سەلامەتیی جەستەم و ئارامیی ڕۆحم و گەیشتن بە ئامانجەکانم و هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە وەرزش دا.
*هۆكاری چیە كچان بە كەمی ڕوو لەم یارییە وەرزشیە دەكەن؟
- وەک پێشتریش ئاماژەمان پێکرد، لەبەر لایەنی ئایینی و کلتورەکەمان، بەگشتی خەڵکی بە چاوێکی سەیر دەڕواننە بەشداریکردنی کچان لە وەرزش دا.
*خانەوادەكەت تا چەند هاوكارن بۆ وەرزش كردنت؟
- خانەوادەکەم بە ڕادەیەکی زۆر پاڵپشت و هاندەرێکی باشن بۆم، ئەوە هۆکارێکی گرنیگی سەرکەوتن و بەردەوامبوونمە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
-سوپاس و دەستخۆشیم بۆ ڕاهێنەری دڵسۆز و یانەکەی پێشووم (تیپی کاراتی شەهیدان) و ڕاهێنەری دڵسۆز و یانەکەی ئێستام (فێرگەی کاراتیی کچانی خورماڵ)،زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان ، کە ئەرکتان کێشا و ئێمەتان بەسەرکردەوە، هەمیشە سەرکەوتووبن، کە ئەرکتان کێشا و ئێمەتان بەسەرکردەوە، هەمیشە سەرکەوتووبن.
