حکومەتی بەلجیکا لەسەر دانپێدانانی فەلەستین و سەپاندنی سزا بەسەر ئیسرائیلدا گەیشتە ڕێککەوتن
حکومەتی فیدراڵی بەلجیکا ڕایگەیاند: کە دان بە دەوڵەتی فەلەستین دەنێت و سزا بەسەر ئیسرائیلدا دەسەپێنێت.
حکومەتی فیدراڵی بەلجیکا لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کابینەی حکومەتدا سەبارەت بە داننان بە دەوڵەتی فەلەستین و سەپاندنی سزا بەسەر ئیسرائیل گەیشتە ڕێککەوتن.
لۆڕێنس سۆنێن، وتەبێژی وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، ماکسیم پرۆڤۆست، ڕاگەیاند: بەلجیکا دەیەوێت پەیامێکی سیاسی و دیپلۆماسی بەهێز بنێرێت بە پەیوەستبوون بەو وڵاتانەی کە بەنیازن دان بە فەلەستیندا بنێن.
سۆنێن بە ئاماژەدان بە کارەساتی مرۆیی لە غەززە و ئەو کارانەی ئیسرائیل کە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، ڕایگەیاند کە بەلجیکا جگە لە هاوکارییە مرۆییەکان، 12.5 ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات و هەوڵی تایبەت دەدات بۆ گواستنەوە و چارەسەرکردنی منداڵانی نەخۆش.
هەروەها حکومەتی بەلجیکا سزاکانی بەسەر دانیشتوانی جوولەکە کە پشتیوانی توندوتیژی دەکەن و ئەندامانی حەماس ڕاگەیاند.
جگە لەوەش ئیتامار بن گویر و بێزالێل سمۆتریچ، وەزیرانی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئیسرائیل، لەلایەن حکومەتی بەلجیکاشەوە بە "کەسی نەخوازراو" ناسێندرابوون.
بڕیارەکەی ساڵی ٢٠٠٩ فراوانتر کرا بۆ قەدەغەکردنی هەموو هەناردەکردنی چەک و ترانزێت بۆ ئیسرائیل و هاوردەکردنی ئەو کاڵایانە کە لە ناوچە داگیرکراوەکاندا بەرهەم دەهێنرێن بۆ بەلجیکا ڕاگیرا. هەروەها ئاسمانی بەلجیکا بەڕووی گەشتە سەربازییەکانی ئیسرائیلدا داخرا.
بەلجیکا ڕایگەیاند: کە لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپا هەنگاو دەنێت بۆ ڕاگرتنی ڕێککەوتنە بازرگانی و تەکنەلۆژی و توێژینەوەکان لەگەڵ ئیسرائیل و پێداچوونەوە بە هاوکارییەکانی نێوان بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپا و یۆرۆپۆل و قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمی نیشتەجێبوون.
سەبارەت بە دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین، بەلجیکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بڕیارە دوای دەستلەکارکێشانەوەی حەماس لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکان و ئازادکردنی سەرجەم زیندانییەکان بە فەرمی دەکرێت.
هەروەها برۆکسل بەڵێنیدا هاوکاری تەکنیکی بۆ بنیاتنانی دەوڵەت و دامەزراندنی دامەزراوە دیموکراسیەکان لە فەلەستین و پێشکەشکردنی هاوکاری دارایی بۆ UNRWA و کارکردن بۆ ئەندامێتی فەلەستین لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی.
سەبارەت بە ئێران، هەروەها ڕاگەیەندرا کە سپای پاسداران دەخرێتە لیستی تیرۆریستیی یەکێتیی ئەورووپا و ڕێگری لە ئێران دەکرێت لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی و جیابوونەوەی سیاسی- سەربازی سەبارەت بە حیزبوڵڵا هەڵدەوەشێتەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
