رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: پێویستە حکومەتی ئیتحادی زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و قوربانیانی دەستی ڕژێمی بەعس قەرەبوو بکاتەوە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: پێویستە حکومەتی ئیتحادی زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و قوربانیانی دەستی ڕژێمی بەعس قەرەبوو بکاتەوە.

*لە رۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: پێویستە حکومەتی ئیتحادی زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و قوربانیانی دەستی ڕژێمی بەعس قەرەبوو بکاتەوە.

رۆژی 30ی ئابی هەموو ساڵێک، بە رۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ ناسێندراوە، کە بە یەکێک لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت،لە مێژووی هاوچەرخیشدا کوردستان یەکێک بووە لە قوربانییەکانی ئەم تاوانە بە چەندین شێوازی جیاجیا و لە پڕۆسە بەدناوەکەی ئەنفالیشدا گەیشتە لووتکە.

بەم بۆنەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "كوردستان به‌ گشت پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانییه‌وه‌ گه‌وره‌ترین قوربانی تاوانی بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ بووە ئه‌مه‌ش خۆی بێسه‌روشوێنكردنی كورده‌ فه‌یلییه‌كان له‌ نێوان ساڵانی ١٩٨٠-١٩٩٠ و ئه‌نفالكردنی هه‌شت هه‌زار بارزانی و (١٨٢٠٠٠) كوردی بادینان و گه‌رمیان، هەروەها لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش، به‌ هه‌زاران هاووڵاتیی كوردی ئێزدی و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بێسه‌روشوێن كران کە تا ئێستاش چارەنووسی زۆریان دیار نییە".

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی ڕاگەیاند: لە ڕزگارکردنی ناوچە ئێزدییەکان، بەتایبەتی شارۆچکەی شنگال هێزی پێشمەرگەی کوردستان قوربانى بەرچاوى داوە بۆ شکست پێهێنانی داعش کە گەیشتە (١٨١٤) شەهید و (١٠٧٢٥) بریندار و (٤٤) پێشمەرگەش بێسەروشوێنن.

دواتر تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی ڕزگار کردنی ئێزیدییە رفێندراوەکان و وتی: لە دوای هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش (٦٤١٧) هاووڵاتی سڤیلی ئێزیدی رفێندران، بۆیە یەکێک لە کارە پێشینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بریتی بووە لە ڕزگارکردنی رفێندراوان بۆ ئەم مەبەستەش تا ئێستا توانراوە (٣٥٩٠) کەسیان ڕزگاربکرێن و تا ئێستا (٢٨٢٧)یان بێسەروشوێنن.

ئەوەشی ڕاگەیاند: بە مەبەستی بەدۆکیومێنتکردنی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش دژی ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکە و ڕزگارکردنی کچانی ئێزدی، حکومەتی هەرێم دۆسیەی هەزاران ڕفێندراوی تۆمار کردووە. ژمارەی داواکان تا ڕێکەوتی ١/٦/٢٠٢٥ بەم شێوەیە بوو: تۆمارکردنی(٢٩٩١) داوا و (٣٢٩٠) سکاڵا، (٣٠٩٠) قوربانی وەک بێسەروشوێنبوو لە دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان، هەروەها ئەو قوربانیانەی کە پشتیوانیی دەروونی و کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە ژمارەیان گەیشتە (٢٨٤٨) کەس.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: "دیاره‌ تا ئێستا ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ خەڵکی كوردستان ئه‌نجام دراون، وه‌كوو پێویست‌ دیکیۆمێنت نه‌كراون له‌لایه‌ن ئۆرگانە نیودەوڵەتییەکان، بۆ ئه‌وه‌ی مافی كه‌سوكاری قوربانیان پارێزراو بێت لە هەمانکاتیشدا میکانیزمی دەوڵەتی عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لەم بارەوە کارا نییە.


لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وتی: حکومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان و شەهیدانی کوردستان دووپات دەکاتەوە، بەڵام پێویستە حکومەتی ئیتحادی، بە هەستکردن بە ئەرک و لێپرسراویەتیی یاسایی و دەستووری و ئەخلاقیی خۆیەوە، کەسوکار و بنەماڵە و هەموو زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و قوربانیانی دەستی ڕژێمی بەعس قەرەبوو بکاتەوە.

Top