پڕۆفیسۆر مات زیرلەر بۆ گوڵان: ئەگەر ناسیۆنالیزم ئاوێتەی پەراوێزخستن و ترس نەبێت، سەرناكێشێت بۆ شەڕ و ناكۆكی
مات زیرلەر، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە كۆلێژی جەیمس مادیسۆن لە زانكۆی ویلایەتی میشیگانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، وانەبێژ و تایبەتمەندە لە بواری سیاسەتی دەرەكی، ئاسایشی نێودەوڵەتی، تیۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، یاسای نێودەوڵەتی و هاوكاریی نێودەوڵەتی، هەروەها خاوەنی چەندین كتێب و توێژینەوەیە لەم بوارانەدا. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بەو كێشە و تەنگژانەی كە لە ئێستادا جیهان بە دەستیانەوە دەناڵێنێت و، هۆكاری ئەوەی بۆچی لە ئێستادا كێشەكان پتر ڕوو لە هەڵكشانن و ئایا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بێباكییەك هەیە بۆ ئاوڕدانەوە لەم كێشانە و ئایا دەرئەنجامەكانی ئەم بێباكییە لە چیدا ڕەنگیان داوەتەوە و تا چەند بوونەتە هۆی سەرهەڵدانەوە و گەڕانەوەی ناسیۆنالیزم و پۆپۆلیزم و، چەند پرس و بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* زۆر كەس ڕایان وایە جیهان پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێی لێكترازان و دابەشبوونەوە. ئایا ئەو تەوژم و ڕەوتانەی كە ئێستا لە جیهاندا لەئارادان، جیاوازن لەوەی لە ڕابردوودا لەئارادا بوون، یان ئەمە هاوشێوەی ئەو تەنگژە و پشێوییانەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە كە پێشتر هەبوون؟
- بە تێڕوانینی ئەوەی ڕوو دەدات، دووبارەبوونەوەی ڕەوت و تەنگژەكانی پێشووە. لە ئێستادا من دیراسەتێكم هەیە لەسەر گەڕانەوەی ئیمپریالیزم و زۆرێك لەو پرس و پشێوییانەی كە لەئارادان و نوێ نین، وەك كێشەكانی پەیوەست بە ژینگە و شڵەژانی كۆمەڵایەتی، یان ناسیۆنالیزم، یانیش ململانێ، مەبەستم ئەوەیە ئەم كێشانە بۆ ڕۆژگارێكی دوور و درێژە بەشێك بوون لە سیستمە نێودەوڵەتییەكەدا، بەڵام ئەو كێشەیەی لە ئێستادا هەیە و زۆر زەقە، بریتییە لە نەبوونی سەركردایەتییەكی جیهانی، هەر لەبەر ئەوەشە كە دابەشبوون و لێكترازانی زیاتر بەدی دەكەین، چونكە هەمیشە پرسی ئەوە لە ئارادا بووە، كە دەوڵەتەكان چۆن ڕێچكە و ڕێگەی خۆیان دەگرنە بەر و چۆن مامەڵەكردنیان لەگەڵ گوشارەكانی پەیوەست بە بواری ئابووری و ژینگە سەردەكێشن بۆ سەرهەڵدانی ناكۆكی. لە ڕابردوودا، ئیدی لە سەروەختی شەڕی سارد بووبێت، یان لە سیستمی دوای كۆتاییهاتنی ئەم شەڕەوە، با بڵێین، لە چوارچێوەی سیستمە لیبڕاڵییە نێودەوڵەتییەكەدا، توانرا ئیدارەی ئەم گوشارانە بكرێت، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت، نەبوونی متمانەیە لە نێوان گەلان و وڵاتاندا، كە بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانن ڕێگەیەكی هاوبەش بەرەو ئایندە بگرنە بەر، تەنانەت لەو شوێنانەشدا كە دامەزراوەكان بەهێزن، بۆ نموونە ئالنگارییەكی زۆر هەیە لە نێو ئەوروپادا لە بارەی ئەوەی كێ سەركردایەتیی یەكێتیی ئەوروپا بكات، كەواتە لە نێوان هێزە مەزنەكاندا متمانە و ڕێزێكی كەمتر هەیە، ئەمە زۆر بە زەقی لە ئیدارەی ترەمپدا دەردەكەوێت، كە بایەخ بەوە نادات، ببێتە سەركردەی جیهان لە پێناو بنیادنانی هاوپەیمانێتییەكان و كاركردنی پێكەوەیی. لەلایەكی دیكەوە دەبینین، چین گەمەكارێكی مەزنە و برەو بە پێگەی خۆی دەدات لە جیهاندا، بەڵام ئەم كارەی لە ڕێی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە ئەنجام نادات، بەڵكو خۆی ئەم كارە دەكات لە ڕێی بنیادنانی دامەزراوەی بچووكتری تایبەت بە خۆیەوە، هەروەها بە چەشنێك ئەم كارە ناكات، كە ببێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی دیكە بەلای خۆیدا ڕاكێشێت، یان ببێتە سەرچاوەی ئومێد و هیوا بۆیان. هەر لە پەیوەندی بە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە، ئەوا وەك كەسایەتییەكی جیهانی بە چەشنی سكرتێرەكانی پێشوو لە سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ناڕوانرێت و وەك سەركردەیەكی جیهانی سەیر ناكرێت. كەواتە دەمەوێت ئەوە دووپات بكەمەوە كە گرنگ نییە پرسەكە پەیوەست بێت بە دەوڵەت، یان ڕێكخراو، یان كەسێكەوە، ئەوەی لە ئێستادا جیهان بە دەستییەوە دەناڵێنێت، نەبوونی سەركردایەتییە، هەرچەندە دەبێت ئەوەش بڵێم كە مەبەستم سەركردەیەكی دیكتاتۆر، یان خۆسەپێن نییە، بەڵكو مەبەستم سەركردەیەك، یان ڕێكخراوێكە كە ببێتە سەرچاوەی ئومێد و ئیلهام، بە چەشنێك كە گەلان و نەتەوەكانی یەك بخات، لەپێناو چارەسەركردنی كێشە هاوبەشەكان. كەواتە ئەگەر وەڵامەكە پوخت بكەمەوە، ئەوا جۆرێك لە بۆشایی سەركردایەتی هەیە و دۆخێكە هەر وڵاتێك سەرقاڵە بە كێشەكانی خۆیەوە و بایەخ بەوانی دیكە نادات، ڕوونتر بڵێم، ئێمە پێمان ناوەتە قۆناغێكەوە كە لە نێوخۆی وڵاتاندا ناسیۆنالیزم و پۆپۆلیزم سەر هەڵدەدەنەوە، واتە خەڵكی هەر وڵاتێك بە گومانەوە لە وڵاتەكانی دیكەوە دەڕوانن. كەواتە ئەم دۆخە ناوخۆییە و بوونی بۆشایی سەركردایەتی لەسەر ئاستی جیهان، بوونەتە هۆی هاتنەئارای ئەوە تەنگژە و پشێوییانەی ئێستا، كە جیهان بەرەو لێكترازان دەبەن.
* ئاماژەتان بە لاوازبوون و لەقبوونی سیستمە لیبڕاڵییە جیهانییەكە (سیستمی دوای شەڕی سارد) كرد. ئایا پێت وایە ئەو دۆخەی لە سەر ئاستی جیهان دروست بووە، هۆكاری داڕووخانی ئەم سیستمەیە، یان دەرئەنجامی داڕووخانیەتی؟
- لە ڕاستیدا هیچ كاتێك جیهان بێ كێشە و پشێوی نابێت، واتە سیاسەت و ئابووریی جیهان بە چەشنێكە كە هەمیشە سەردەكێشن بۆ بارگرژی و بۆ هاتنەئارای كێشە. پرسیارەكە ئەوەیە چی بكرێت بۆ چارەسەركردنیان، یان بەلای كەمەوە بۆ كەمكردنەوەیان، هەروەها ئەوەی لە ئێستادا و لەسەر ئاستی جیهان بەدی دەكرێت، بەرپرسیارێتییەكی كەمترە بۆ هاوكاریكردنی یەكتری، ئیدی كێشەی كۆمەڵایەتی بن، یان گرفتی سیاسی. ئێوە بڕوانن كە لە ماوەی 10 بۆ 15 ساڵی ڕابردوودا خواستێكی كەمتر بەدی دەكرێت بۆ یارمەتیدانی یەكتری و ئەمەش هەم نیشانەی داكشانی سیستمە لیبڕاڵییەكەیە، هەم دەرئەنجامی لاوازبوونی ئەم سیستمەشە. بۆ نموونە، دەكرێت لەم ڕووەوە ئاماژە بە داگیركردنی ئۆكرانیا لەلایەن ڕووسیاوە بكەن، كە ئەمە هەڕەشەیە بۆ سەر سەروەری و یەكپارچەیی خاكی ئەو وڵاتە. خۆ ئەگەر كەمێك بۆ دواوە بگەڕێینەوە، ئەوا لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباما، كارێكی ئەوتۆ نەكرا لە بەرانبەر ڕژێمی سووریا، كاتێك چەكی كیمیایی بەكارهێنا، بە هەمان شێوە ئەو تەنگژەیەی لە میانمار ڕووی دا و ئەو كاولكاری و كارەساتەی لە ئێستادا لە سوودان ڕوو دەدات، كە لەسەر ئاستی جیهان سەركردایەتییەك نییە، بایەخ بە چارەسەركردنیان بدات. من دووبارەی دەكەمەوە، كە هەمیشە كارەسات و بارگرژی بەرۆكی جیهان دەگرن، بەڵام لە ڕابردوودا پەنا دەبردرایە بەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوكاریی نێوان وڵاتان بۆ ئەوەی بەلای كەمەوە باری گرانی ئالنگاری و كێشەكان سووكتر بكرێت، بەڵام ئێستا كاریگەری و دەرئەنجامەكانی ئەم كێشانە قورستر و توندترن، لەبەر ئەوەی خواستێكی كەمتری هاوكاری هەیە. دەكرێت لەم ڕووەوە ئاماژە بە دەستتێوەردانەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكەین لە ڕابردوودا، بەتایبەتی لە عێراق و ئەفغانستان، كە زۆر سەركەوتوو نەبوون، ئەمەش ناڕەزایەتیی لەسەر ئاستی ناوخۆیی دروست كرد، كەواتە ئەم كێشانە بەرەو ئاڵۆزتر دەچن و هەموو ئەمانەش بە مانای ئەوە نییە، ئەو ڕێسایانەی لە ئارادان ناشەرعین، بە مانای ئەوەش نییە، نابێت ئەو سیستمەی لە ئارادا دەبێت، نەمێنێت، بەڵكو دەبێت وڵاتان و ڕێكخراوەكان بە بەردەوامی گرنگیی ئەم بیرۆكە و دامەزرازانە دووپات بكەنەوە، چونكە ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت، ئەوەیە كە وڵاتانی وەك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چین و ڕووسیا كەمتر بایەخ بە كاری هەرەوەزی و هاوكاری دەدەن و زیاتر لە خەمی برەوپێدانی بەرژەوەندییەكانی خۆیاندان.
* ئێوە باسی ئەگەری گەڕانەوەی ناسیۆنالیزمتان كرد. ئایا ناسیۆنالیزم لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ڕكابەری و كێشەكان و، بگرە دەستەبەركردنی چارەسەرێك بۆ ئەو قەیرانانەی لە ئارادان، یان ئەوەتا دەبنە هۆی قووڵبوونەوەی ناكۆكی و ڕووبەڕووبوونەوەكان؟
- لە ڕاستیدا نابێت ئێمە لەم ڕووەوە پاڵنەر و پرسە جیهانییەكانی دیكە لەبەرچاو نەگرین و فەرامۆشیان بكەین. بۆ نموونە، پرسی پەیوەست بە گۆڕانی ژینگەوە، كە ئەمە ئالنگاریی ئەوە دەخوڵقێنێت كە دەبێت دەستەبەری دابینكردنی خۆراك بۆ هەمووان بكرێت، یان دەبێت ئاوی باران بە باشی گل بدرێتەوە، كە ئێمە دەزانین بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لەسەر ئاستی جیهان كاریگەرییان لەسەر ئەم پرسانە هەیە. هەروەها سیستمە بازرگانییە جیهانییەكەش، لە هەمان كاتدا سیستمی پەیوەست بە فریاگوزاری لەسەر ئاستی جیهان، هەموو ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی خەڵكی بە چەشنێكی بەردەوام كۆچ بكەن و سنووری وڵاتەكان ببڕن. ئێمە دەزانین ئەم پرسانە دەبنە هۆی دروستبوونی ناكۆكیی نێودەوڵەتی. مەبەستم ئەوەیە بڵێم كە مەسەلەكە ئەوە نییە كە ناسیۆنالیزم خۆی لە خۆیدا سەربكێشێت بۆ شەڕ، یان ناكۆكی، واتە ناسیۆنالیزم خۆی لە خۆیدا دەرئەنجامی خراپی لێ ناكەوێتەوە، چونكە دەبێت خەڵكی شانازی بە نەتەوە و بە كەلتووری خۆیانەوە بكەن، بەڵام ئەوەی دەبێت خۆمانی لێ لا بدەین، ئەو ناسیۆنالیزمەیە كە پێی دەگوترێت (excessive nationalism)، كە كار لەسەر دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی ئەوانی دیكە دەكات، یان بە ترس و گومانەوە لێیان دەڕوانێت، ئەمەش زیان بە مرۆڤایەتی دەگەیەنێت.
